موجتەبا خامنەیی؛ ئایا لەپشت بەڕێوەبردنی ئێرانەوەیە یاخود وڵاتەکە بەناوی ئەوەوە بەڕێوە دەبرێت؟

٢٠ ئازار ٢٠٢٦ - ٦:٢٢ پاش نیوەڕۆ

موجتەبا خامنەیی؛ ئایا لەپشت بەڕێوەبردنی ئێرانەوەیە یاخود وڵاتەکە بەناوی ئەوەوە بەڕێوە دەبرێت؟

پەنجەرە

بەپێی رۆژنامەی ۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمەریکی، ئیسرائیل هەڵمەتێکی چڕی هەواڵگیریی و سەربازیی لەنێوخۆیی ئێران بەڕێوەبردووە، ئەمەش بەمەبەستی کوشتنی سەرکردەکانی ئێران و بەو ئامانجەی لەمڕێگەیەوە پاڵ بە دەسەڵاتی ئێرانەوە بەرەو رووخان بنێت.

بەپێی رۆژنامەکە، ئیسرائیل ژمارەیەکی زۆر هێرشی لەنێوخۆی ئێران ئەنجامداوە، لەو نێوەندەدا 2200 پێگەی سەربازیی و ئەمنی کردووەتە ئامانج، ئەمەش بە ئامانجی داڕووخانی زیاتری ئێران.

دوای بە ئامانج گرتن و کوشتنیان، لەئێستادا سەرکردەکانی ئێران خۆیان لەدەرکەوتن بەدوور دەگرن، بەوپێیەی پێیانوایە دەرکەوتن دەبێتە هۆی شوێن پێ هەڵگرتن و دواجار کوژرانیان، یەکێک لەو سەرکردانە موجتەبا خامنەیی رابەری نوێیە.

بەشێک لەچاودێرانی سیاسی پێیانوایە، دەرنەکەوتنی موجتەبا خامنەیی ئاماژە نییە بۆ لاوازی کەسایەتی یاخود کوژرانی، بەڵکو رەنگدانەوەی گۆڕانکارییە لەشێوازی بەڕێوەبردنی وڵاتدا بەهۆی ئەوەی کوشتنی یەک لە دوای یەکی سەرکردەکانی ئەو وڵاتە.

خۆ ونکردنی موجتەبا خامنەیی ئەو پرسیارەی لەنێو ناوەندە جیهانییەکاندا دروستکردووە، ئایا پیاوێک کە لەدوای کوژرانی باوکییەوە دەرنەکەوتووە دەتوانێت دەسەڵاتی ئاڵۆزیی ئێران بەڕێوە بەرێت؟

راپۆرتەکان ئاماژە بەوەدەکەن، موجتەبا سەرباری خۆ ونکردنی بەڵام کۆبوونەوە نهێنییەکان بەڕێوە دەبات و لەپشت پەردەوە بڕیارە چارەنوسسازەکان دەردەکات، بەتایبەت بڕیاری رەتکردنەوەی دانوستان و راگرتنی شەڕ.

بەپێی راپۆرتێکی ئیندیپێندت، حوکمڕانی موجتەبا خامنەیی بەشێوەیەکی تەقلیدی دەستی پێنەکرد بەوەی وەکو سەرکردەیەکی نوێ خۆی ڕابگەیەنێت، بەڵکو حوکمڕانییەکەی هاوشێوەی مەتەڵی سیاسییە.

سەرکردەیەکی نەبینراوی برینداری شەڕ، هەروەها گەمارۆدراو بە دەنگۆی هەواڵگیری سەبارەت بەژیانی تایبەتی، لەکاتێکدا ئێران بەناوی ئەوەوە بەڕێوە دەبرێت و کەوتووەتە نێو دۆخێکی مەترسیدار و چارەنوسسازەوە.

هەرچەندە خۆ ونکردنی موجتەبا خامنەیی تاڕادەیەک لەڕووی ئەمنییەوە دەیپارێزێت، بەڵام میدیای نێودەوڵەتی پرسیارێکی قوڵتر دەوروژێنن، بەوەی ئایا ئێران لەلایەن سەرکردەیەکی نادیارەوە بەڕێوە دەبرێت، یان توڕێکی بەربڵاوی سەرکردایەتی سیاسی و سەربازی بەناوی ئەوەوە کاردەکەن؟

خۆ ونکردنی موجتەبا خامنەیی لە مەودوای کورتخایەندا کاریگەری لەنێو بازنەی رژێمی ئێران دا زیاتر کردووە، بەڵام بۆ دوورمەودا ئەم خۆ ونکردنە گرفتهێنەر دەبێت، بەوپێیەی گەر لەنێو ناوەندێکی داخراوی سەربازیدا بەهێز ببێت، بەڵام بەردەوام بێت لە نادیاری رەنگە لەنێو رای گشتی ئێران دا لاواز دەربکەوێت.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو