سەرکردەکانی عێراق لە دۆخێکی سەختدا؛ ئایا داوای ئەوەیان لەروسیا کردووە لەعێراق دەربازیان بکات؟

٢٠ ئازار ٢٠٢٦ - ٦:٢٣ پاش نیوەڕۆ

سەرکردەکانی عێراق لە دۆخێکی سەختدا؛ ئایا داوای ئەوەیان لەروسیا کردووە لەعێراق دەربازیان بکات؟

پەنجەرە 

قۆناغێکی نوێی هێرشی چڕ و قورستتری ئەمەریکا و ئیسرائیل لەپێش میلیشیا شیعەکانی عێراقدایە، بەپێی چەند سەرچاوەیەکی سیاسی بۆ پەنجەرە، پێدەچێت هەندێک لە سەرکردەی شیعەکان ئامانجی داهاتووی هێرشەکان بن.

دوای چڕکردنەوەی هێرشی ئەمەریکا و ئیسرائیل بۆ سەر میلیشیا شیعەکانی عێراق، گروپە میلیشیاکان کەوتوونەتە دۆخێکی سەخت و دژوارەوە بەتایبەت دوای کوژرانی ژمارەیەک سەرکردە و خاپور کردنی چەندین پێگەی سەربازییان.

نزار حەیدەر، بەڕێوەبەری ناوەندی راگەیاندنی عێراقی بنکە لە واشنتۆن، دەڵێت: ژمارەیەکی زۆر لە سەرکردە سیاسی و سەرۆکی گروپە چەکدارەکانی عێراق داوای هاوکارییان لەروسیا کردووە، بەوەی فڕۆکەی جەنگی رەوانەی عێراق بکات و دەربازیان بکات.

دەشڵێت: ئەم داواکارییە لەلایەن مۆسکۆوە دیراسە دەکرێت.

لەبارەی ئاستی مەترسی لەسەر سەرکردە سیاسی و سەربازییەکانی عێراق، سەرچاوەیەکی باڵای سیاسی عێراق، بێ ئاگایی خۆی لەداواکاریی سەرکردە عێراقییەکان لەروسیا بۆ ناردنی فڕۆکە و دەربازکردنیان دەربڕی.

سەرچاوە باڵا سیاسییەکەی عێراق کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: ژمارەیەک سەرکردەی سیاسی و سەربازی عێراق ئامانجی داهاتووی ئەمەریکا و ئیسرائیلن، لەنێو ئەو سەرکردانەدا خەڵکی دیار و باڵای تێدایە.

دەشڵێت: پێناچێت هەموو سەرکردە سیاسییەکانی عێراق ئامانج بن، بەڵام دۆخی میلیشیا شیعەکان قورستتر دەبێت و بەپێی پلانی نوێی ئەمەریکا، عێراق دەبێت ببێتە وڵاتێکی ناوەندی گوێڕایەڵی خۆی هاوشێوەی سوریا.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو