ئێران؛ ئەو وڵاتەی چەندین دامەزارەی ئەمنیی و سەربازیی کێبڕکێکاری پێکەوە گرێداوە
٢٠ ئازار ٢٠٢٦ - ٦:٢٥ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
پێچەوانەی زۆربەی وڵاتانی دونیا کە پشت بە یەک سوپای نیشتمانی دەبەستن بۆ پاراستنی وڵاتەکانیان لە هێرش و مەترسی، ئێران لەیەککاتدا خاوەنی دوو سوپای جیاوازە، ئەمە جگە لەوەی پەیڕەوی لە سیستەمێکی سەربازیی و ئەمنی تەواو ئاڵۆز دەکات.
رابەر؛ فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان
بەپێی پۆلێنبەندی سیستەمی سەربازیی ئێران، رابەری باڵای ئێران لە لوتکەی دەسەڵاتی هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەیدایە، بەجۆرێک ئەو فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی ئێرانە.
رابەر دەسەڵاتی رەهای هەیە و بڕیاری کۆتایی سەبارەت بەجەنگ و ئاشتی لای ئەوە، هەر ئەویش فەرماندە باڵاکانی ئەرتەش و سوپای پاسداران دادەنێت، ئەمە جگە لەوەی سوپا لەژێر کۆنترۆڵ و چاودێریی رابەردایە.
دەستەی ڕاوێژکاریی و هەماهەنگی
دوای رابەری باڵای ئێران، دەستەی راوێژکاریی و هەماهەنگی پلەی دووەم لە دەسەڵاتی هێزە سەربازییەکانی ئێران دا پێکدەهێنێت، ئەم دەستەیە لە سێ دامەزراوە پێکدێت؛
١- ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی: ئەم ئەنجومەنە ئەرکەکەی دیاریکردنی سیاسەتی بەرگریی و ئاسایشی نیشتمانی و هەماهەنگی کردنی چالاکییە سیاسیی و هەواڵگیرییەکانە.
٢-دەستەی ئەرکانی هێزە چەکدارەکان: ئەرکی هەمانگی کردنە لەنێوان ئەرتەش و سوپای پاسداراندا، ئەمەش لەپێناو راییکردنی کاروبارە سەربازییەکان بەباشترین شێواز.
٣- بارەگای خاتەم ئەنبیا: لە شەڕی نێوان ئێران لەگەڵ ئەمەریکا و ئیسرائیلدا، وتەبێژی ئەم بارەگایە رۆڵێکی گرنگی هەیە و زۆرجار گوتارە سەربازییەکان ئاراستە دەکات.
بارەگای خاتەم ئەنبیا ناوەندی فەرماندەییکردن و کۆنترۆڵکردنی ئۆپەراسیۆنەکانە، بەرپرسیارە لە پلاندانان و ئاراستەکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لەکاتی جەنگدا، هەر بۆیە وتەبێژی ئەم بارەگایە ئێستا زۆرترین گوتاری هەیە.
هێزە جێبەجێکارەکان؛ ئەرتەش و سوپای پاسداران
پێکهاتەی سیستەمی سەربازیی ئێران بەسەر ئەرتەش و سوپای پاسداراندا دابەشکراوە، ئەم دوو هێزە هەرچەندە کرۆکی دەسەڵاتی سەربازیی ئێران پێکدەهێنن، بەڵام سوپای پاسداران دەسەڵاتدارتر و بەهێزترە.
سوپای پاسداران ئەو هێزە ئایدۆلۆژییەیە کە دوای رووخانی سیستەمی پاشایەتی لەساڵی ١٩٧٩ دامەزرێنراوە، پاراستنی دەسەڵات و پارێزگاریی کردنی لە شۆڕش پێ سپێردراوە.
سوپای پاسداران خاوەنی هێزی زەمینییە و زومی لەسەر ئاسایشی ناوخۆی ئێران و بەرەنگاربوونەوەی مەترسییەکانی سەر دەسەڵاتە لەو وڵاتە. لەکاتێکدا هێزە دەریاییەکەی زیاتر لەکەنداوی فارس جێگیر کراوە و کەشتییە خێرا هێرشبەرەکان سەر بەم هێزەن.
هێزی ئاسمانی سەر بە سوپای پاسداران بەرپرسیارە لە بەرنامە موشەکی و بالیستییەکان و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان، ئەم هێزە لەم شەڕەدا زۆرترین رۆڵی هەیە و زۆربەی هێرشەکان بۆ سەر ئیسرائیل و دەوروبەر ئەنجام دەدات.
سوپای قودس کە پێشتر لەلایەن قاسم سولەیمانی و ئێستا لەلایەن ئیسماعیل قائانییەوە سەرۆکایەتی دەکرێت، لقی چوارەمە لە سوپای پاسداران و بەرپرسیارە لە چالاکییە سەربازییە دەرەکییەکان و پاڵپشتیکردن لە هێزە نزیکەکانی ئێران لە ناوچەکە.
سوپای قودس شانبەشانی هێزەکانی تری سەر بە پاسداران، جوڵێنەری هێزە میلیشیاکانە لە لوبنان، یەمەن و عێراق بۆ بەشداریکردن لەشەڕ، لەکاتێکدا هێرش دەکرێتە سەر ناوخۆی ئێران.
لقی چوارەمی سەر بە سوپای پاسداران هێزەکانی بەسیجە، ئەو هێزە خۆبەخشانەی ناوخۆی ئێرانن، کە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ناڕەزایەتی ناوخۆیی و دامرکاندنەوەی خۆپیشاندانەکان بەجلی مەدەنییەوە دەڕژێنە سەر شەقامەکان.
هێزەکانی ئەرتەش کە بەراورد بە سوپای پاسداران رۆڵیان لاوازترە، ئەم هێزە لەسەردەمی دەسەڵاتی پاشایەتیدا بوونیان هەبووە، بەڵام دوای ساڵی ١٩٧٩ کۆمەڵێک گۆڕانکارییەکان تێدا ئەنجامدراوە.
ئەرتەش هاوشێوەی سوپای پاسداران خاوەن هێزی زەمینی، ئاسمانی، دەریاییە کە هێزە دەریاییەکانی لە دەریای عومان و زەریای هیندی چالاکن.
هێزی بەرگری ئاسمانی کە ئێستا لەلایەن ئەمەریکا و ئیسرائیلەوە تێکشکێنراوە سەر بە ئەرتەشە، ئەرکی پاراستنی ئاسمانی ئێرانە لە دزە کردنی فڕۆکەی بیانی.
وەزارەت و هێزە ئەمنییەکان
لەپاڵ ئەو هەموو هێز و ناوەندە سەربازییەدا کە هەیەتی، ئێران خاوەنی کۆمەڵێک هێزی تری جۆراوجۆرە، ئەم هێزانە لەلایەن وەزارەتی بەرگریی و وەزارەتی ناوخۆوە سەرپەرشتی دەکرێن.
وەزارەتی بەرگریی زیاتر رۆڵی ئیداریی و لۆجستی دەگێڕێت، بودجە و دروستکردنی چەک و پەرەپێدانی تەکنەلۆژیای سەربازیی ئەرکی ئەم وەزارەتەیە، نەک سەرپەرشتیکردنی هێزە چەکدارەکان.
وەزارەتی ناوخۆش بەرپرسیارە لە جێبەجێکردنی یاسا و پاراستنی شار و شارۆچکەکان و ئاسایشی ناوچە سنورییەکان.
فرەیی و جۆراوجۆری هێز لە ئێران
لەبەشێک لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بایەخ بە فرەیی و جۆرایەتی هێز دەدرێت، بەتایبەت لەو وڵاتانەی سیستەمی سیاسی و یاسایی و سەربازیی تێیاندا چەسپاو نییە یاخود سەرۆک و دەسەڵاتدارەکانیان بەترس و گومانەوە لە دۆخەکە دەڕوانن.
فرەیی و جۆرایەتی هێز لەلایەن ئەم وڵاتانەوە هۆکاری ستراتیژی هەیە و پێیانوایە، بوونی چەندین هێزی جیاواز و رکابەر رێگری لە کودەتا دەکات، بۆیە ئەرتەش و سوپای پاسداران وەکو دوو هێز بەرامبەر یەک دانراون.
هەروەها ئەرتەش لە ئێران رۆڵی ئاسایی پێدراوە و دانراوە بۆ شەڕی ئاسایی، لەکاتێکدا رۆڵی سوپای پاسداران قوڵترە و جگە لە پاراستنی سیستەمەکە لە مەترسی، سەرپەرشتی شەڕی وەکالەت و موشەکی و شەڕی ئەلیکترۆنیش دەکات.