گەروی هومرز؛ ناکۆکێ نێوان ترەمپ و هاوپەیمانێتی ناتۆی تەقاندەوە

٢٢ ئازار ٢٠٢٦ - ٨:٥٧ پێش نیوەڕۆ

گەروی هومرز؛ ناکۆکێ نێوان ترەمپ و هاوپەیمانێتی ناتۆی تەقاندەوە

پەنجەرە 

رەتکردنەوەی داواکارییەکانی سەرۆکی ئەمەریکا لەلایەن ناتۆوە هێندەیتر درزی ناکۆکییەکانی نێوان ناتۆ و ئیدارەی ئێستای ئەمەریکای قوڵتر کردەوە، بەتایبەت دۆناڵد ترەمپ هێرشی چڕی کردە سەر ناتۆ.

سەرۆکی ئەمەریکا، هێرشی کردە سەر وڵاتانی ئەندام لە هاوپەیمانێتی ناتۆ و بە"ترسنۆک" و خۆدزینەوە لەبەرپرسیارێتی تۆمەتباری کردن، هەڕەشەی ئەوەشی کرد"ئەم دۆخە لەبیر ناکات".

دوای رەتکردنەوەی خواستەکانی ترەمپ لەلایەن ناتۆوە بۆ بەشداریکردن لە کردنەوەی گەروی هورمز، ئێستا چاوەکان لەسەر هەنگاوەکانی داهاتووی ئەمەریکان بەوەی تاکلایەنە بەرەوهورمز دەجوڵێت یاخود نە.

دوای هەڕەشەکانی سەرۆکی ئەمەریکا لەهاوپەیمانێتی ناتۆ، شیکەرەوان چاودێری هەڵوێستەکانی داهاتووی ترەمپ دەکەن لەسەر چۆنیەتی گۆڕینی هەڕەشەکانی لەگوفتارەوە بۆ کردار لەدژی ناتۆ.
ناتۆ؛ ترس لە ئاڵۆزیی زیاتر

وڵاتانی ئەندام لە هاوپەیمانێتی ناتۆ، خواستی سەرۆکی ئەمەریکایان بۆ ناردنی کەشتی بۆ گەڕوی هورمز رەتکردەوە، دیارترین هۆکاری رەتکردنەوەش ئەوەیە گوایە ئەوان بەشێک نین لە ململانێکە.

رای ئەڵمانیا وایە ئەرکی هاوپەیمانێتی ناتۆ بەرگریکردنە لە خاکی ئەو وڵاتانەی ئەندامن تێیدا، نەک ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی دەرەکی، بۆیە راوێژکاری ئەڵمانیا رایگەیاند: هیچ بڕیارێکی دەستەجەمعی نییە بۆ دەستوەردان لە گەروی هورمز.

ئەندامانی هاوپەیمانێتی ناتۆ لەگەڵ خاوکردنەوەی بارگرژییەکاندان و ترسیان لە فراوانبوونی ئاڵۆزییەکان هەیە، بۆیە دەیانەوێت خۆیان لەرووبەڕووبوونەوەی راستەوخۆ لەگەڵ ئێران بەدوور بگرن.

سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا وتی:وڵاتەکەی ناچێتە نێو جەنگێکی فراوانترەوە. هەروەها بەرپرسانی یەکێتی ئەوروپاش دەڵێن، هیچ وڵاتێک ئامادە نییە سەربازەکانی بخاتە مەترسییەوە بە ناردنیان بۆ هورمز.

بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەکانی روسیا بەلای ئەندامانی ناتۆوە گرنگترین هەنگاوە لەم قۆناغەدا، بەوپێیەی ئەوان مۆسکۆ بەسەرچاوەی مەترسی بۆ سەر وڵاتەکانیان و تێکشکاندنی هێڵی پێشەوەی بەرگری ئەوروپا دەزانن.

هەرچەندە کاریگەری بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و غازیان لەسەرە، بەڵام وڵاتانی ئەوروپا فشاری ئابووری بەگونجاوتر دەزانن وەک لە فشاری سەربازیی و پێیانوایە هێرشە ئاسمانییەکان ئێران ناچار بە "تەنازول" دەکات.


کارتەکانی ترەمپ 

سنوردارکردنی هەماهەنگی لەگەڵ ناتۆ و کەمکردنەوەی ژمارەی سەربازەکانی ئەمەریکا لە ئەوروپا، هەروەها فشارخستنە سەر ئەوروپا بۆ خەرجکردنی تێچووە سەربازییەکانی وڵاتەکەی، ئەو هەنگاوانەن بەدوور نازانرێت ترەمپ لەدژی ناتۆ بیهاوێژێت.

داخستنی گەرووی هورمز ئەوروپای ناچار کردووە پشت بە غازی شلی ئەمەریکا ببەستێت، هەروەها بەگوێرەی رۆژنامەی وڵ ستریت جۆرناڵیش باجی زیاتر خستنە سەر ئۆتۆمبێلە ئەوروپییەکان بژاردەیەکی تری دەستی ترەمپە.

بەپێی میدیاکانی ئەمەریکا، پشتگیریکردنی راستڕەوەکانی ئەوروپا لەدژی حکومەتەکان بۆ دروستکردنی فشاری ناوخۆیی، یاخود گواستنەوەی کاریگەری سەربازیی ئەمەریکا بە ئاراستەی زەریای هێمن و کەنداو، کە پشتگیرییەکانی ئەمەریکا دژی روسیا کەمتر دەکاتەوە کارتی دیکەی دەست ترەمپن.

میدیای ئەمەریکی دەڵێت، ترەمپ دەیەوێت درزی نێو هاوپەیمانی ناتۆ قوڵتر بکاتەوە، بۆ ئەوەی قەیرانەکە بقۆزێتەوە بۆ سەرلەنوێ داڕشتنەوەی ناتۆ بەپێی دیدگای خۆی.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو