ستارلینک؛ تاکە پەنجەرەی ئێرانییەکان بەڕووی دونیادا

٢٢ ئازار ٢٠٢٦ - ٩:٠٣ پێش نیوەڕۆ

ستارلینک؛ تاکە پەنجەرەی ئێرانییەکان بەڕووی دونیادا

پەنجەرە

لەگەڵ پچڕانی بەردەوامی هێڵەکانی ئینتەرنێت لە ئێران، تەکنەلۆژیای "ستارلینک" وەک تاکە پەنجەرە بۆ پەیوەندیگرتن بە جیهانی دەرەوە لەلایەن هاوڵاتیانەوە دەبینرێت.

ئەم خزمەتگوزارییە کە لەلایەن کۆمپانیای "سپەیس ئێکس"ـی ئیلۆن ماسکەوە سەرپەرشتی دەکرێت، ئێستا بووەتە سەرچاوەی سەرەکیی ئێرانییەکان بۆ دەستڕاگەیشتن بە ئینتەرنێت.


ستارلینک چییە و چۆن کاردەکات؟

ستارلینک پڕۆژەیەکی ئینتەرنێتی فەزاییە، پشت بە هەزاران مانگی دەستکرد دەبەستێت کە لە خولگەیەکی نزیکی زەویدا جێگیرکراون.

بە پێچەوانەی ئینتەرنێتی ئاسایی، ستارلینک پێویستی بە کێبڵ و تاوەری سەر زەوی نییە؛ بەکارهێنەر تەنیا پێویستی بە سەحنێکی وەرگر (Dish) و ئامێرێکی ڕاوتەر هەیە. بە دانانی سەحنەکە لە شوێنێکی کراوە بەرەو ئاسمان، ئامێرەکە ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە مانگە دەستکردەکانەوە دەکات و ئینتەرنێتێکی خێرا و بێسانسۆر دابین دەکات.

نرخی ئامێرەکە جیاوازە، بۆ یەکجار و لەنێوان ٣٠٠ بۆ ٦٠٠ دۆلار دەکڕدرێت، بەشداریکردنی مانگانەش لە نێوان ٧٠ بۆ ١٦٠ دۆلاردایە و پاکێجی دیکەشی هەیە کە زیاترە.

لە ئێراندا نرخی ئامێرەکە زۆر زیاترە لە نرخە فەرمییەکەی.


ستارلینک لە کاتی شەڕ و ئاڵۆزییەکاندا

بەپێی ئامارە نافەرمییەکان، زیاتر لە ٣٠ هەزار ئامێر لە ناوخۆی ئێراندا هەن و ژمارەی بەکارهێنەرانی گەیشتووەتە سەروو ١٠٠ هەزار کەس.

ئەم ئامێرە ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕێت لە گواستنەوەی وێنە و ڤیدیۆکانی ناوخۆ بۆ سۆسیال میدیا و دەزگا میدیاییە جیهانییەکان، لەو کاتانەی حکومەت ئینتەرنێتی ناوخۆیی پەکدەخات.


حکومەت خزمەتگوزارییەکە پەکدەخات

حکومەتی ئێران بە هەموو شێوەیەک دژی ئەم تەکنەلۆژیایەیە. لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٦ـەوە کە لە خۆپیشاندانەکاندا هاوڵاتیان زۆر پشتیان پێدەبەست، تاران پەنای بۆ تەکنەلۆژیای پێشکەوتووی ڕووسی بردووە بۆ تێکدانی شەپۆلەکانی ستارلینک بەناوی (Jamming). ئەمەش لە ڕێگەی ناردنی سیگناڵی ساختەی GPS یان تێکدانی فرێکوێنسییەکان، کە بووەتە هۆی ئەوەی لە هەندێک ناوچەدا خزمەتگوزارییەکە بە ڕێژەی ٨٠% بۆ ٩٥% پەکبکەوێت و کوالیتییەکەی دابەزێت.


مەترسییە یاساییەکان و سزای دەستگیرکردن

بەوپێیەی ئامێرەکە نایاسایی و قەدەغەیە، بۆیە بەکارهێنانی ستارلینک لە ئێران مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر ژیانی هاوڵاتیان.

هێزە ئەمنییەکان هەڵمەتی گەڕان و پشکنینیان بۆ دۆزینەوەی ئامێرەکان دەستپێکردووە و تا ئێستا سەدان ئامێر دەستیان بەسەردا گیراوە.

سەبارەت بە سزاکان، یاسا نوێیەکانی ئێران زۆر توندن و بەکارهێنەران بەپێی شێوازی سودبینین لە ئامێرەکە سزا دەدات، بەشێوەیەک ئەگەر بەکارهێنانەکە ئاسایی بێت، ئەوا سزای ٦ مانگ تا ٢ ساڵ زیندانی بەسەردا دەدرێت. ئەگەریش بۆ ناردنی ڤیدیۆ و سودلێبینینی سیاسی بێت سزاکە زیاتر دەبێت. خۆ ئەگەر بابەتەکە بگاتە سیخوڕیی، ئەوا سزاکەی لەسێدارەدانە.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو