موشەکەکانی ئێران مەترسی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی قوڵتر دەکاتەوە
٢٢ ئازار ٢٠٢٦ - ٩:٠٤ پێش نیوەڕۆ
پەنجەرە
هەڵدانی دوو موشەکی بالیستی لەلایەن ئێرانەوە بە ئاراستەی بنکەیەکی سەربازیی هاوبەشی ئەمەریکا و بەریتانیا لە زەریای هیندی، نیگەرانی دروستکردووە و گومانی زیاتری لەسەر موشەکە دوور مەوداکانی ئێران بەدوای خۆیدا هێناوە.
ئەو دوورگەیەی لەزەریای هیندی کە موشەکی ئاراستە کراوە نزیکەی ٤ هەزار کیلۆمەتر لە ئێرانەوە دوورە، لە کاتێکدا تاران نکۆڵی لەبوونی موشەکی دوورمەودا دەکات و ئاماژە بەوە دەکات موشەکە بالیستییەکانی تەنها دوو هەزار کیلۆمەتر دەڕوات.
هەرچەندە دوو مووشەکەکەی ئێران ئامانجەکانی لە زەریای هیندی نەپێکاوە، بەڵام دووربڕی موشەکەکان هەڕەشەکانی ئێرانی لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە جدیتتر کردووە.
برێت مەکگۆرک، نوێنەری پێشووی سەرۆکی ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دەڵێت: ئێران لە بارەی موشەکە دوور مەوداکانییەوە جیهانی فریوداوە.
چەند ڕۆژێک پێش هێرشی ئەمەریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاند: ئێران خەریکی پەرەپێدانی موشەکە بالیستییەکانیەتی کە توانای لێدانی ئەمریکایان هەیە.
وتیشی: ئەوان پێشتر موشەکیان دروستکردووە کە دەتوانێت هەڕەشە لە ئەوروپا و بنکەکانمان لە دەرەوەی وڵات بکات، هەروەها کار لەسەر ئەو موشەکانە دەکەن بۆ ئەوەی بگەنە ئەمەریکا.
بەپێی ڕاپۆرتی دەزگای لێکۆڵینەوەی کۆنگرێس، تاران خاوەنی موشەکی بالیستی مەودا کورت و مامناوەندە کە مەودای نزیکەی ٣ هەزار کیلۆمەتر دەبڕێت، لە کاتێکدا ئەمەریکا زیاتر لە ٩ هەزار کیلۆمەتر لە ئێرانەوە دوورە.
ڕەنگە ئێران بیەوێت لەم شەڕەدا موشەکی بالیستی مەودا مامناوەند تاقی بکاتەوە، ئەم موشەکانە توانای گەیشتنیان بە قوڵایی زەریای هیندی و تەنانەت باشووری ئەوروپاش هەیە.
چاودێران دەڵێن، ئەم تاقیکردنەوەیە یارمەتی تاران دەدات بۆ پتەوکردنی هێڵی بەرگرییەکەی بەوەی نەیارەکانی بە ترسەوە لێی نزیک ببنەوە، ئەمە جگە لەوەی ترس و گومانی زیاتر لەبارەی موشەکەکانی لای وڵاتانی ناوچەکە و ئیسرائیل زیاتر دەکات.
هێرشە شکستخواردووەکەی ئێران بۆ زەریای هیندی ئاماژەی پەرەسەندنی شەڕی بۆ دەرەوەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لێدەخوێنرێتەوە، بەو پێیەی هێرشەکانی لەقەتیسکردن لە کەنداوی فارسی تێپەڕاند.
بەپێی میدیا جیهانییەکان، هێرشەکەی ئێران بۆ سەر زەریای هیندی بە موشەکی ٣٨٠٠ بۆ ٤٠٠٠ بڕ ئەنجامدراوە، ئەمەش وا دەکات ئەو وڵاتە موشەک بکاتە چەکێک بۆ هەڕەشەی زیاتر لە نەیارەکانی.