شەڕی نێوان ئەمەریکا-ئیسرائیل دژ بە ئێران چووە قۆناغێکی نوێوە

٢٢ ئازار ٢٠٢٦ - ٩:٤٠ پێش نیوەڕۆ

شەڕی نێوان ئەمەریکا-ئیسرائیل دژ بە ئێران چووە قۆناغێکی نوێوە

پەنجەرە

بەپێی هەڵسەنگاندنی بەرپرسانی ئەمەریکا شەڕی دژ بەئێران لە قۆناغی کۆتاییدایە، بەڵام ئاڵۆزییەکانی ئەمشەو ئاماژەن بۆ ئاڵۆزتربوونی دۆخی ناوچەکە و درێژە کێشانی شەڕ و فراوانبوونی پانتایی شەڕەکە.

بونیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، دوای هێرشەکانی ئەمشەوی ئێران بۆ سەر وڵاتەکەی، رایگەیاند: سورین لەسەر ئەوەی لەهەموو بەرەکانەوە لەدوژمن بدەین. لەکاتێکدا ئیدارەی ترەمپ جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە ئامانجەکە ئەوەیە لە ماوەی چوار بۆ شەش هەفتەدا "سەرکەوتنێکی تەواو” بەدەستبهێنرێت.

چڕبوونەوەی هێرشەکان و تێپەڕبوونی ئاڵۆزییەکان لە قوڵایی ئێرانەوە بۆ عێراق و لوبنان، ڕەنگدانەوەی پەرەسەندنی ئاڵۆزییەکانە، لەکاتێکدا هێرشەکانی ئەمشەوی سەر ئیسرائیل چاوەڕوانی ئاڵۆزبوونی زیاتری دۆخەکەی لێدەکرێت.

موهەنەد عەزاوی، شارەزا لە کاروباری سیاسی و سەربازی پێیوایە 
ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل بەپێی پلانی ورد بۆ لاوازکردنی توانا ستراتیژییەکانی ئێران بەڕێوەدەچن.

  دەڵێت: ئەوەی ئێمە لە ناوخۆی ئێراندا دەیبینین، جۆرێک لە پاشاگەردانی هەیە بەهۆی نەبوونی سەرکردایەتی یەکگرتوو، پێناچێت شەڕەکە فەرماندەیی ناوەندی هەبێت، بۆیە کاردانەوەی ئێران پەرش و بڵاو و بێ حساباتە.

سەرەڕای لێدوانی بەرپرسانی واشنتۆن سەبارەت بە نزیکی کۆتایی هاتنی شەڕ، چاودێران گومانیان هەیە لە کۆتاییهاتنی ئاڵۆزییەکان لە ماوەی چەند هەفتەیەکدا، بەتایبەت ئێران بەردەوامە لە هەڵدانی موشەک و پەرەپێدانی ڕووبەڕووبوونەوەکان لە ڕێگەی هێزە نزیکەکانیەوە لە ناوچەکە.

ئێلی هندی، بەڕێوەبەری بەشی توێژینەوەی ئاسایش و ستراتیژی لە زانکۆی ئەمریکی لە ئیمارات دەڵێت: ئەمەریکا پێش گەیشتن بە ئامانجە سەرەکییەکانی، کۆتایی بە ئۆپەراسیۆنەکانی ناهێنێت.

دەڵێت: ترەمپ حەزی لە دووبارەکردنەوەی شەڕی مەودا کورت نییە، بەڵکو دەیەوێت کۆتایی بەشەڕەکە بهێنێت، تەنانەت گەر شەڕەکە کاتی زیاتر و تێچووی زیاتری بوێت.

جەختیکردەوە: راگرتنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان بە واتای کۆتاییهاتنی ململانێکان نییە، بەڵکو ڕەنگە دەرگایەک بکاتەوە بۆ قۆناغێکی نوێ و ئاڵۆزتر، لەوانەش نائارامی ناوخۆیی لە ئێران یان ڕووبەڕووبوونەوەی دیکە. 

هاوکات موهەنەد عەزاوی وتی: پەرتبوونی سەرکردایەتی یان دروستکردنی سەرکردایەتی ناوچەیی و لامەرکەزی لە ئێران بۆ ئیدارەدانی شەڕ، شەڕەکە درێژ دەکاتەوە، چونکە سەرکردایەتی ناوچەیی پابەند نابێت بە بڕیار و دیسپلینەوە.

وتیشی: سەرکردایەتی لامەرکەزی رەنگە ببێتە هۆی فراوانبوونی ململانێکان نەک سنوردارکردنی.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو