شەڕی نێوان نێوان ئەمەریکا و ئێران لەبەردەم سێ سیناریۆدا؛ سیناریۆی سێیەم مەترسیدارترینە

٢٢ ئازار ٢٠٢٦ - ٩:٤٢ پێش نیوەڕۆ

شەڕی نێوان نێوان ئەمەریکا و ئێران لەبەردەم سێ سیناریۆدا؛ سیناریۆی سێیەم مەترسیدارترینە

پەنجەرە

بەبڕوای “فيكتور بارانيتس”فەرماندەی خانەنیشینی سوپای روسیا، ئەمەریکا و ئیسرائیل پلانیان هەبوو لە ماوەی چوار ڕۆژدا ئۆپەراسیۆنی سەربازی دژ بەئێران تەواو بکەن، کە ئامانج لێی ڕووخاندنی ڕژێم و شکستپێهێنانی سوپای ئێران و دانانی حکومەتێکی نزیک لە خۆیانبوو، بەجۆرێک لەسەر ئاستی دونیا پێشوازی لەم هەنگاوەیان بکرێت.

“فيكتور بارانيتس” پێیوایە پلانەکە گۆڕا بۆ کێشەیەکی گەورە، کاتێک حساباتی بەرپرسانی ئەمەریکا هەڵە دەرچوو، بەوپێیەی چاوەڕوانی ئەوە نەبوون سوپای ئێران بەوجۆرە بەرگریی بکات.

بەپێی وتەی ئەو فەرماندە روسییە، ئەندازیارانی هێرشکردنە سەر تاران بۆیان دەرکەوت نەک بە چوار رۆژ بەڵکو بەچوار هەفتەش ناتوانن بگەن بە ئامانجەکانیان، بۆیە تاوتوێی درێژەدان بەشەڕ بۆ ماوەی ١٠٠ رۆژ دەکەن. لەکاتێکدا سەرۆکی ئەمەریکا شکستهێنامی ئێران و سوپاکەی راگەیاندووە.

ئەو دەڵێت: سەرکردە و فەرماندە کۆنەکانی ئێران جێگەیان بە کەسانی گەنجتر و زیرەکتر و بوێرتر پڕ کراوەتەوە و خەڵک لە دەوریان کۆبووەتەوە.

فيكتور بارانيتس وتی: لە ئەمەریکا دابەشبوون لەناو بازنەکانی دەسەڵاتدا هەیە، کۆشکی سپیش ​​بە لاوازی و نەبوونی پلانی سەربازی تۆمەتبار دەکرێت. ترامپ و لایەنگرانی لە ئێستاوە ڕووبەڕووی هەڕەشەی “لێپرسینەوەی سیاسی” بوونەتەوە، هەروەها بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخی نەوت بەهۆی شەڕی ئێرانەوە گەیشتووەتە بەنزینخانەکانی ئەمەریکا، ئەمەش مایەی نیگەرانی خەڵکی ئەمەریکایە.

دەشڵێت: هەمووان هانی ترەمپ دەدەن بە خێرایی کۆتایی بەم شەڕە شکستخواردووە بهێنێت لەرێگەی راگەیاندنی سەرکەوتنەوە، لە کاتێکدا میدیا ئۆپەراسیۆنەکە بە شکستخواردوو وەسف دەکات.

فيكتور بارانيتس روونیکردەوە، ئۆپەراسیۆنی دژ بە ئێران زیانی گەورەی بە بودجە و ئابووری ئەمەریکا گەیاندووە، لەکاتێکدا ئەمەریکا بودجەیەکی گەورەی لەتەقەمەنیدا خەرجکردووە، بەڵام ئێران پێویستی بە موشەک وهێنانی کەشتی نەبوو بەوپێیەی موشەک و درۆنەکانی گرانبەها نین.

دەشڵێت: ئێران و ئەمەریکاش سەربازییان کوژراوە، ئێران ژمارەی کوژراوەکانی بە ٦٦٠ سەرباز و ئەمەریکا ئەو ژمارەیە بە پێنج هێندە ناو دەبات، بەڵام ئەم زیانانە بۆ هێزی سەربازیی ئێران زۆر نییە کە ژمارەیان ٥٠٠ هەزار کەسە.

فيكتور بارانيتس بە پشت بەستن بە شرۆڤەی شرۆڤەکارانی رۆژئاوا سێ سیناریۆ بۆ ئەنجامی شەڕەکە دەخاتەڕوو:

سیناریۆی یەکەم: شەڕەکە بەم زووانە کۆتایی دێت. لایەنگرانی ئەم بۆچوونە پێیانوایە دەسەڵاتدارانی ئێران لەگەڵ ئەمەریکا و کەنداو ئاشتی رادەگەیەنن، مەسعود پزیشکیان لەگەڵ ریفۆرمخوازەکان و کەسایەتییە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران لەیەکتری نزیک دەبنەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی گواستنەوەی دەسەڵات بە شێوەیەکی ڕێک و پێک "لە ناوەوە". بەڵام ئەم بژاردەیە له کاتێکدا سەردەگرێت سوپای پاسداران شکست بهێنێت .

سیناریۆی دووەم: ئاماژەیە بۆ چەقبەستوویی و روونەدانی گۆڕانکاری گەورە لەناوچەکەدا، ئەمەش  قۆناغی راگوزەر بەدوای خۆیدا دەهێنێت و ئەنجامەکەی پێشبینی نەکراوە و هەموو ئەگەرەکان لەم سیناریۆیەدا کراوەن.

سیناریۆی سێیەم: مەترسیدارترین سیناریۆ ئەوەیە شەڕەکە سنورەکانی ئێستا تێدەپەڕێنێت، وردە وردە بەرەو ململانێی جیهانی گشتگیر دەڕوات و لایەنە نێودەوڵەتییە گەورەکان دەبنە بەشێک لەشەڕ، دواجار پاڵ بەجیهانەوە دەنێت بۆ پێکهێنانی سیستەمێکی نوێی جیهانی، بەڵام سیستەمێکی جیاواز لەوەی پێشوو.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو