لەکارگەی چنینەوە بۆ پرۆژەیەکی سیانی؛ چیرۆکی پڕۆژە ئەتۆمییەکەی ئیسرائیل 

٢٢ ئازار ٢٠٢٦ - ٩:٤٣ پێش نیوەڕۆ

لەکارگەی چنینەوە بۆ پرۆژەیەکی سیانی؛ چیرۆکی پڕۆژە ئەتۆمییەکەی ئیسرائیل 

پەنجەرە

لە هەنگاوێکدا کە ئاڵۆزتربوونی دۆخی شەڕ دەردەخات، کۆماری ئیسلامی ئێران هێرشیکردە سەر ناوچەی دیمۆنا لە ئیسرائیل، کە ناوچەیەکە کوورەی ئەتۆمیی ئەو وڵاتەی تێدایە. ئەمەش سەرنجی جیهانی بەلای خۆیدا ڕاکێشا و زەنگی مەترسییەکی گەورەی لێدا کە شەڕەکە لە چەکی تەقلیدییەوە بگوێزرێتەوە بۆ شەڕی ستراتیژی.

لەم ڕاپۆرتەدا باس لە ئاماژەکانی هێرشەکە ناکەین، بە قەدەر ئەوەی دەمانەوێت بەرچاوڕوونییەک لەبارەی پرۆژەی ئەتۆمیی ئیسرائیل بخەینەڕوو.


سەرەتاکان لە فەرەنساوە

پڕۆژەی ئەتۆمیی ئیسرائیل، کە بە "مەکۆی دیمۆنا" ناسراوە، یەکێکە لە نهێنیترین پڕۆژە سەربازییەکانی سەدەی بیستەم. هەرچەندە تەلئەبیب تا ئەمڕۆش سیاسەتی "ناڕوونیی ئەتۆمی" پەیڕەو دەکات کە نە پشتڕاستی دەکاتەوە و نە ڕەتی دەکاتەوە پرۆژەی ئەتۆمی هەیە، بەڵام بەڵگە مێژوویی و هەواڵگرییەکان باس لەوە دەکەن کە ئیسرائیل خاوەنی یەکێک لە پێشکەوتووترین جبەخانە ئەتۆمییەکانی جیهانە.

پرۆژەکە لە ناوەڕاستی ساڵانی پەنجاکان دەستیپێکرد. دوای شکستی سیاسیی ئیسرائیل لە قەیرانی سوێس لە ساڵی (١٩٥٦)، سەرکردە ئیسرائیلییەکان بڕیاریان دا پێویستیان بە هێزێکی ڕێگریکەری ستراتیژیی هەیە کە جیاوازبێت لە هێز و جبەخانەی تەقلیدی.

بۆ ئەم مەبەستەش دەستیان بە کار کرد و شیمۆن (شەمعۆن) پێرێز، کە ئەو کات بەڕێوەبەری گشتیی وەزارەتی بەرگری بوو، بە ئەندازیاری ڕاستەقینەی ئەم پڕۆژەیە دادەنرێت، کە دواتر پرۆژەکەش هەر کرا بە ناوی ئەوەوە.

پێرێز ئەگەرچی تەنها بەڕێوبەرێکی گشتی بوو، بەڵام قوتابی و یەکێک لە متمانەپێکراوەکانی دەیڤید بن گۆریۆنی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بوو، توانی لە ساڵی ١٩٥٧ ڕێککەوتنێکی نهێنی و مێژوویی لەگەڵ فەڕەنسا واژۆ بکات بۆ دابینکردنی کوورەیەکی ئەتۆمی و تەکنەلۆژیای جیاکردنەوەی پلاتۆنیۆم.

ئەوەی سەرنجڕاکێشە لەم چیرۆکەدا، کە بن گۆریۆن تەنانەت نەیهێشت پەرلەمانی ئیسرائیلیش بەم پرۆژەیە بزانێت و بۆ پارەدارکردنیشی پشتی بە کۆمەکی شەخسی کەسایەتییە جووەکانی جیهان بەستبوو نەک بوودجەی وڵات.


بەناو کارگەی چنین و بەکردەوە کوورەی ئەتۆمی

ئیسرائیل پرۆژەکەی لە بیابانی نەقەب ئەنجامدا کە شاری دیمۆنە لەنێو ئەو ناوچەیەدایە. 

بۆ شاردنەوەی پڕۆژەکە لە چاوی جیهان و بەتایبەت ئەمریکا و یەکێتی سۆڤیەت و تەنانەت لەناوخۆشدا، ئیسرائیل بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە ئەو بینا گەورەیەی لە بیابانەکە دروستیدەکات، کارگەی ڕستن و چنین یان ناوەندێکی توێژینەوەی کشتوکاڵییە.

بەمشێوەیەش دەستی بە بونیادنانی پڕۆژەکە کرد بە هاوکاری فەرەنسا لە کۆتاییەکانی پەنجاکان و لە سەرەتای شەستەکانیشدا (١٩٦٤) کەوتەکار.


ئاشکرابوونی بەرنامە ئەتۆمییەکەی

ئیسرائیل لەسەرەتادا تەنانەت بەرنامەکەی لە ئەمەریکاش شاردبوویەوە، هەتا ئەوەی لە ساڵی ١٩٥٨، فڕۆکە سیخوڕییەکانی ئەمریکا وێنەی شوێنەکەیان گرت و دەریخست کە قەبارەی کارەکە زۆر لە کارگەیەکی مەدەنی گەورەترە، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی دواجار سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل- دەیڤد بن گۆریۆن لە ساڵی ١٩٦٠ دانی پێدا بنێت لەلای ئەمەریکا. بەڵام لەوکاتەوە تائێستا بە فەرمی لەئاستی جیهانییدا دانی پێدانەناوە و تەنانەت پرۆژەکە لەژێر چاودێریی ئاژانسی وزەی ئەتۆمی جیهانییشدا نییە.

ئەوەشی کە وایکرد چیرۆکەکە زیاتر ئاشکرا بێت، بڵاوکردنەوەی چەند وێنەیەکی بوو لە ساڵی ١٩٨٦ لەلایەن کارمەندێکی خودی پڕۆژەکەوە بەناوی مردخای ڤانۆنۆ، کە ئەم باسە دواتر لە ڕاپۆرتێکی تایبەتدا دەخەینەڕوو بەهۆی سەرنجڕاکێشی ڕووداوەکانییەوە.


توانای ئەتۆمیی ئێستای ئیسرائیل

بەپێی ناوەندی توێژینەوەی ستۆکهۆڵم (SIPRI) و دەزگا هەواڵگرییەکان، ئێستا ئیسرائیل جگە لەوەی تاکە هێزی خاوەن چەکی ئەتۆمییە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هاوکات جبەخانە ئەتۆمییەکەی مەزەندە دەکرێت لە نێوان ٨٠ بۆ ٩٠ کڵاوەی ئەتۆمی ئامادەبن (هەندێک سەرچاوە باسی سەرووی ١٠٠ دەکەن)، لەگەڵ بوونی مادەی پێویست بۆ دروستکردنی سەدانی تر.

ئیسرائیل یەکێکە لەو وڵاتە کەمانەی کە توانای "سێیانەی ئەتۆمی" هەیە، واتا توانای هاویشتنی مووشەکی کڵاوەداری ئەتۆمی لە سێ ڕێگەی جیاوازەوە هەیە، ئەوانیش: زەمینی لەڕێگەی مووشەکی بالیستی "ئەریحا" کە مەوداکەی دەگاتە زیاتر لە ٥٠٠٠ کم. ئاسمانی لەڕێگەی فڕۆکەکانی (F-15 و F-16) کە دەتوانن بۆمبی ئەتۆمی تاکتیکی هەڵبگرن. لەگەڵ دەریایی کە ژێردەریاییەکانی "دۆلفین"ـی دروستکراوی ئەڵمانیای دەستکارییکردووە و دەتوانێت مووشەکی کرۆز کە هەڵگری کڵاوەی ئەتۆمیی بێت لەژێر ئاوەوە بتەقێنێت.


پرۆژەیەک لەبەردەم ئالەنگارییدا

پرۆژەی ئەتۆمی ئیسرائیل، ئێستا لەبەردەم مەترسی کردنە ئامانجی دایە لەلایەن ئێرانەوە، ئەمەش دوای ئەوەی دوێنێ ئیسرائیل هێرشێکی بۆ سەر پرۆژەی ئەتۆمیی نەتەنز لە ئێران ئەنجامدا.
 جگە لەهێرشی سەربازیی، پرۆژەی دیمۆنا ئالەنگاریی دیکەشی لەبەردەمە، لەوانە کۆن بوونی کوورەکە و مەترسیی تیشکدانەوەی.

لەهەر حاڵەتێکی تیشکدانەوە یان زیانبەرکەوتنی بەهۆی هێرشی سەربازییەوە، ئەوا کوورەکە دەبێتە کورەی مەرگ نەک بەتەنها بۆ ئیسرائیل، بەڵکو بۆ ئوردن و زۆر وڵاتی تریش.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو