مەردەخای ڤانۆنۆ؛ ئەو پیاوەی پەردەی لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئیسرائیل لادا
٢٢ ئازار ٢٠٢٦ - ١٠:٠٦ پێش نیوەڕۆ
پەنجەرە
لە مێژووی سیخوڕی و ململانێ ئەتۆمییەکاندا، کەم ناو هەن وەک "مەردەخای ڤانۆنۆ" لای ئیسرائیلییەکان وەک "ناپاک/ خائین" و لای لایەنگرانی ئاشتی وەک "پاڵەوانێکی بەویژدان" سەیر بکرێت.
ڤانۆنۆ، تەکنیکارێکی ئاسایی بوو لە ناوەندی دیمۆنا، بەڵام ئەو وێنانەی لە گیرفانیدا شاردییەوە، پەردەی لەسەر یەکێک لە نهێنییە گەورە و گرنگەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەڵدا.
لە پشت دیوارەکانی دیمۆناوە
چیرۆکەکە لە ساڵی ١٩٧٦ دەستپێدەکات، کاتێک ڤانۆنۆ وەک تەکنیکار لە کوورەی ئەتۆمیی دیمۆنا لە بیابانی نەقەب لە ئیسرائیل دامەزرا.
ئەم پرۆژەیە، ئیسرائیل بەهاوکاری فەرەنسا، دوور لە چاوی ناوخۆ و جیهان و بە نهێنیی دەستی بە بونیادنانی کرد. ئێستاشی لەگەڵدابێت دانیپێدانەناوە کە کوورە و پرۆژەی ئەتۆمیی هەیە.
ئۆنۆنۆ، بۆ ماوەی ٩ ساڵ لەناو جەرگەی ئەم نهێنییە هەرە گەورەیەی ئیسرائیلدا کاری کرد، بەڵام هێدی هێدی، ویژدانی ئازاری دەدا. ئەو دەیزانی وڵاتەکەی خەریکی دروستکردنی چەکێکە کە دەتوانێت ناوچەکە لەناو ببات، لە کاتێکدا جیهان لێی بێدەنگە.
پێش ئەوەی لە ساڵی ١٩٨٥ کارەکەی جێبهێڵێت، ڤانۆنۆ بڕیارێکی مەترسیداریدا. ئەو کامێرایەکی بە دزییەوە بردبووە ناو هەستیارترین بەشەکانی کوورەکە و ٦٠ وێنەی فۆتۆگرافیی لە ئامێرەکانی جیاکردنەوەی پلاتۆنیۆم و مۆدێلی کڵاوە ئەتۆمییەکان گرت.
تەقینەوەی هەواڵەکە لە لەندەن
ڤانۆنۆ سەرەتا بەرەو ئوسترالیا و دواتر بۆ لەندەن سەفەری کرد. لەوێ لەگەڵ ڕۆژنامەی "سەندەی تایمز"ـی بەریتانی گفتوگۆیەکی ئەنجامدا. لە ٥ـی تشرینی یەکەمی ١٩٨٦، جیهان بە هەواڵێکی هەژێنەر بەئاگا هات: "ئیسرائیل خاوەنی ١٠٠ بۆ ٢٠٠ کڵاوەی ئەتۆمییە".
وێنەکان ئەوەندە ڕوون بوون کە هیچ گومانێکیان بۆ پسپۆڕانی جیهان نەهێشتەوە؛ بەمشێوەیە ئیسرائیل وەکو شەشەمین هێزی خاوەنی ئەتۆمی لە جیهاندا ناسرا، ئەمەش نهێنییەک بوو کە تا ئەوکاتە بەشێکی کەم لە خەڵکی دەیانزانی، ئەویش تەنها مەگەر کەسە باڵادەستەکان بووبن.
داوی "سیندی" و ڕفاندن لە ڕۆما
ئاشکراکردنی ئەم نهێنییە قورس لەسەر ئیسرائیل کەوت، هەربۆیە بڕیاردرا کە دەستگیری بکەن، بۆ ئەم مەبەستەش دوزگای هەواڵگری (مۆساد) بۆ ئەرکەکە ڕاسپێردرا.
مۆساد نەیدەویست لە لەندەن ڤانۆنۆ بڕفێنێت بۆئەوەی کێشەی دیپلۆماسی لەگەڵ بەریتانیادا بۆ دروست نەبێت، بۆیە پلانێکی دیکەی داڕشت.
هەستا بە بەکارهێنانی ژنە سیخوڕێکی خۆی بە ناوی "شێریل بن تۆڤ". شێریل بەناوی خوارزاوی "سیندی"ـیەوە، خۆی وەک گەشتیارێکی ئەمریکی نیشانی ڤانۆنۆ دا و هەڵیخەڵەتاند.
ئەو قایلیکرد کە بۆ گەشتێکی ڕۆمانسی پێکەوە بچنە ڕۆما. بەڵام هەر کە گەیشتنە شوێنی مەبەست، تیمێکی مۆساد هێرشیان کردە سەر شوێنی مانەوەیان و ڤانۆنۆیان بێهۆشکرد و بە کەشتییەکی بارهەڵگر بە نهێنی گەیاندیانەوە ئیسرائیل.
١٨ ساڵ لە قەفەسی ئاسنیندا
دادگاییکردنی ڤانۆنۆ یەکێک بوو لە نهێنیترین دادگاییکردنەکانی مێژوو. سزای ١٨ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنرا، کە ١١ ساڵی لە زیندانێکی تاکەکەسیی کە ڕووبەرەکەی ٢ بە ٣ مەتر بوو، بەسەربرد.
ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ ئەم جۆرە سزایەیان بە "ئەشکەنجەدانێکی دەروونیی کوشندە" وەسف کرد.
لە ساڵی ٢٠٠٤ـدا ڤانۆنۆ ئازاد کرا، بەڵام ئەمە تەنها گۆڕینی زیندانە بچووکەکە بوو بۆ زیندانێکی گەورەتر. چونکە ڕاستە لە زیندان نییە، بەڵام لەژێر چاودێرییەکی چڕدایە و بۆی نییە وڵات جێبهێڵێت و لەگەڵ بیانییەکان و ڕۆژنامەنووسان قسە بکات.
چیرۆکی مەردەخای ڤانۆنۆ، چیرۆکی پیاوێکە کە پێیوابوو جیهان مافی خۆیەتی بزانێت چ مەترسییەک لە بیابانی نەقەب حەشار دراوە، بەڵام باجەکەی بە لەدەستدانی گەنجی و ئازادیی خۆی دا.