شەڕی ئێران درز دەخاتە پەیوەندیی قەتەر بە گروپە ئیسلامییەکانەوە

٢٢ ئازار ٢٠٢٦ - ٧:٢٨ پاش نیوەڕۆ

شەڕی ئێران درز دەخاتە پەیوەندیی قەتەر بە گروپە ئیسلامییەکانەوە

پەنجەرە

دۆحە، کە ساڵانێکی زۆر وەک ناوەندێکی دیپلۆماسی بۆ بزووتنەوەی حـ..ـ.ـەمـ..ـ.ـاس و لایەنگرانی ئیخوان موسلیمین دەبینرا، ئێستا بە تەواوی ڕێڕەوی خۆی گۆڕیوە. هێرشە موشەکییەکانی ئەم دواییەی ئێران بۆ سەر وڵاتانی کەنداو و بە تایبەتی قەتەر، بووەتە هۆی ئەوەی ئەو وڵاتە فشارێکی بێوێنە بخاتە سەر گروپە ئیسلامییەکان لە ناوخۆیدا.


هەڕەشەی دەرکردن و بەیاننامەکەی حـ..ـ.ـەمـ..ـ.ـاس

بەپێی ڕاپۆرتێکی گۆڤاری (The Defense News)ـی ئەمریکی، حکومەتی قەتەر بە فەرمی واشنتۆنی ئاگادار کردووەتەوە کە بە نیازە سەرکردایەتی سیاسیی حـ..ـ.ـەمـ..ـ.ـاس لە دۆحە دەربکات. ئەم بڕیارە دوای ئەوە هات کە بزوتنەوەکە سەرەتا ئامادە نەبوو هێرشە موشەکییەکانی ئێران بۆ سەر خاکی قەتەر سەرکۆنە بکات.

سەرەنجام بزووتنەوەی حـ..ـ.ـەمـ..ـ.ـاس، بۆ ئەوەی دڵی قەتەر نەشکێنێت و ڕێگری بکات لە تێکچوونی پەیوەندییەکانی لەگەڵ تاقە میواندارە سەرەکییەکەی، ناچار بوو مل بۆ فشارەکان بدات.

ئەوەبوو لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا لە ١٤ـی ئەم مانگە، داوای لە ئێرانییەکان کرد کە خۆی بە "برا" ناوی بردوون، بۆ ئەوەی هێرشەکانیان بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ ڕابگرن.

ئەم هەنگاوەی حـ..ـ.ـەمـ..ـ.ـاس وەک هەوڵێک دەبینرێت بۆ پاراستنی مانەوەی سیاسی خۆیان لە دۆحە و دەستەبەرکردنی ئەو ملیارەها دۆلارەی کە وڵاتانی کەنداو بەڵێنیان داوە بۆ ئاوەدانکردنەوەی غەززە خەەجی بکەن. چونکە حـ..ـ.ـەمـ..ـ.ـاس دەزانێت بەبێ ڕەزامەندی دۆحە، داهاتووی سیاسی و داراییان لە مەترسیدایە.


ڕووبەڕووبوونەوەی ئیخوان و لایەنگرانی ئێران

هاوشانی فشارەکان بۆ سەر حـ..ـ.ـەمـ..ـ.ـاس، دۆحە دەستیکردووە بە توندکردنەوەی ڕێوشوێنە ئەمنییەکانی بەرامبەر ئەو کەسانەی کە داکۆکی لە هەڵوێستەکانی ئێران دەکەن.

کەیسی "بەرا‌ء نزار ڕەییان"، کە ئەکادیمیستێکی فەلەستینییە، نموونەیەکی دیاری ئەم گۆڕانکارییەیە. 

ناوبراو دوای ئەوەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە پشتیوانی بۆ ئێران دەربڕیبوو، لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانی دۆحەوە دەستگیرکرا و ڕووبەڕووی ئەشکەنجە و هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی کارەکەی بووەوە، لە کۆتاییشدا لە وڵات دەرکرا و ناوی خرایە "لیستی ڕەش"ـی قەدەغەی هاتنە ناوەوە.

هەروەها دەستگیرکردنی "محەمەد تەوحید"، کەسایەتی میسریی سەر بە ڕەوتی ئیخوان، نیشانەی ئەوەیە کە دۆحە چیتر ڕێگە نادات هیچ دەنگێک پاساو بۆ هێرشەکانی ئێران بهێنێتەوە، تەنانەت ئەگەر ئەو دەنگانە لەو کەسانەش بن کە پێشتر وەک هاوپەیمان دەبینران.


بەرژەوەندیی لە پێش هاوپەیمانی

ئەم دۆخە نوێیە دەریدەخات کە قەتەر چیتر ئامادە نییە پرسی ئاسایشی خۆی بکاتە قوربانیی هاوپەیمانی لەگەڵ گروپە ئیسلامییەکان.

فشارەکانی دۆحە بۆ سەر حـ..ـ.ـەمـ..ـ.ـاس و ئیخوان، نیشانەی ئەوەیە کە شەڕی ئێران لە ناوچەکەدا هاوکێشەکانی گۆڕیوە. هەرچی ئەو گرووپانەشە کە هاوپەیمانی دۆحە بوون، یان دەبێت لەگەڵ ئەودا بن و دژی ئێران بوەستنەوە، یاخود لەو وڵاتە دەردەکرێن و لە بەخششەکانی بێبەش دەکرێن.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو