ناوەندی بڕیاری سیاسی و سەربازیی ئێران لەبەردەم هێرشی فڕۆکە جەنگییەکاندا

٢٣ ئازار ٢٠٢٦ - ٥:٤٢ پاش نیوەڕۆ

ناوەندی بڕیاری سیاسی و سەربازیی ئێران لەبەردەم هێرشی فڕۆکە جەنگییەکاندا

پەنجەرە

هێرشە هاوبەشەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل دڵی دەسەڵاتی ئێرانیان کردووەتە ئامانج، ئەمەش وایکرد ژمارەیەک فەرماندەی باڵای سەربازیی و کەسایەتی باڵای سیاسی ماڵئاوایی لە ناوەندی بڕیاری سیاسی و سەربازی ئەو وڵاتە بکەن.

ئەمانەی خوارەوە هەندێک لەو کەسایەتییە سەربازیی و سیاسییە دیارانەی ئێرانن کە کوژراون:


ڕێبەری باڵای ئێران

عەلی خامنەیی، لە ساڵی ١٩٨٩ەوە ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامیی ئێرانە ، لە تەمەنی ٨٦ ساڵیدا و لە هێرشێکی ئاسمانی ئەمەریکا و ئیسرائیلدا لە ٢٨ ی مانگی دوو کوژرا.


بەرپرسە باڵاکان

عەلی لاریجانی، سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێران، لە تەمەنی ٦٧ ساڵیدا و لەرۆژی ١٧ ی ئازار، لەگەڵ کوڕەکەیدا لە هێرشێکی ئاسمانیدا کرایە ئامانج و کوژرا.

لاریجانی پێشتر فەرماندەی سوپای پاسداران و سەرۆکی لیژنەی دانوستانی ئەتۆمی وڵاتەکەیی و کەسایەتییەکی نزیک لە خامنەیی بوو، رۆڵی کاریگەری لە داڕشتنەوەی سیاسەتی ئەمنی و دەرەوەی ئێران دا هەبوو.

ئیسماعیل خەتیبزادە، وەزیری ئیتڵاعاتی ئێران، لەرۆژی 18ی مارس لە هێرشێکی ئاسمانی ئیسرائیلدا لە تاران کرایە ئامانج و کوژرا.

ناوبراو پیاوێکی ئاینی و سیاسەتمەدارێکی توندڕەو بوو، پێشتر لە نوسینگەی عەلی خامنەیی کاری کردووە.

عەلی شەمخانی، ڕاوێژکاری خامنەیی و کەسایەتییەکی کاریگەر بوو لە داڕشتنەوەی سیاسەتی ئەمنی و بەرنامەی ئەتۆمی ئێراندا، لە هێرشێکی ئاسمانی ئەمەریکا و ئیسرائیل دا بۆ سەر تاران کوژرا.

شەمخانی، لە کاتی شەڕی دوازدە ڕۆژەی نێوان ئیسرائیل و ئێراندا لە مانگی حوزەیران هێرشیکرایە سەر و برینداربوو.


فەرماندە سەربازییەکان

محەمەد پاکپور، فەرماندەی گشتی سوپای پاسداران کە بەهێزترین هێزی سەربازی ئێرانە، لەهێرشێکی ئاسمانیدا لە تاران کرایە ئامانج و کوژرا.

پاکپور پۆستی فەرماندەی سوپای پاسدارانی وەرگرت، دوای ئەوەی حسێن سەلامی فەرماندەی پێشووی ئەو هێزە لەکاتی شەڕی دوازدە رۆژەدا کوژرا.

عەزیز نەسیرزادە، وەزیری بەرگریی ئێران و فەرماندەی هێزی ئاسمانی، لە درێژەی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل بۆ سەر بەرپرسانی وڵاتەکەی کرایە ئامانج و کوژرا.

عەبدولڕەحیم موسەوی، سەرۆک ئەرکانی هێزە چەکدارەکانی ئێران، لە رۆژی  ٢٨ی شوبات و لەکاتی کۆبوونەوەدا لەگەڵ رابەری ئێران یەکێکبوو لەو فەرماندە باڵایانەی کە کوژرا.

غوڵام رەزا سولەیمانی، فەرماندەی هێزەکانی بەسیج، لەرۆژی 17ی ئازاردا و لە درێژەی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیلدا کوژرا. ناوبراو ئەفسەرێکی باڵای سوپای پاسداران بوو، سەرکردایەتی هێزەکانی بەسیجی دەکرد بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخی ناوخۆ و چەسپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەت.

جگە لەو سەرکردە سیاسی و سەربازییانەی ئاماژەیان پێکرا، ژمارەیەک فەرماندەی باڵای سوپای پاسداران و ئیتڵاعات و هێزەکانی بەسیج و پۆلیس لە هێرشەکاندا کوژراون.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو