پەنجەرە ناوەڕۆکی رێککەوتنێکی نێوان فایەق زەیدان و میلیشیا شیعەکان ئاشکرا دەکات
٢٣ ئازار ٢٠٢٦ - ٥:٤٦ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
دوای هێرشکردنە سەر ئوتێل رەشیدی شاری بەغدا لەلایەن میلیشیا شیعەکانەوە، فایەق زەیدان سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق لەگەڵ میلیشیاکان رێککەوتووە بۆ ئەوەی هێرش بۆ سەر ناوەندە دیپلۆماسییەکان ئەنجام نەدەن.
سەرچاوەیەکی نزیک لە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: دوای هێرشی میلیشیاکان بۆ سەر ئوتێل رەشید ناوەندە دیپلۆماسییەکان هەڕەشەی کشانەوەیان لە عێراق کرد، خەریکبوو عێراق دووچاری قەیرانێکی گەورە ببێت.
سەرچاوەکە دەڵێت: فایەق زەیدان لەگەڵ میلیشیاکان گفتووگۆی کردووە بۆ ئەوەی لەمەودوا هێرش نەکەنە سەر ناوەندە دیپلۆماسییەکان بە باڵیۆزخانەی ئەمەریکاشەوە، میلیشیاکان بەڵێنی ئەنجام نەدانی هێرشیان داوە ئەگەر پێوەی پابەند بن.
سەرچاوەکە ناوەڕۆکی پەیامێکی تەنزئامێزی میلیشیاکانی بۆ پەنجەرە گێڕایەوە و وتی:میلیشیاکان وتوویانە هێرشمان بۆ سەر باڵیۆزخانەی ئەمەریکا ئەنجام نەداوە، تەنها موشەکمان بەسەر باڵیۆزخانەدا هەڵداوە بۆ ئەوەی هێز و توانامان بزانرێت.