زیانە ئابوورییەکانی شەڕ؛ جوڵەی کەشتی لە گەروی هورمز لە ١٣٧ کەشتییەوە بۆ ٥ کەشتی کەمیکردووە و زیاتر لە ١٨ هەزار گەشتی ئاسمانیش هەڵوەشینراونەتەوە

٢٣ ئازار ٢٠٢٦ - ٥:٥٠ پاش نیوەڕۆ

زیانە ئابوورییەکانی شەڕ؛ جوڵەی کەشتی لە گەروی هورمز لە ١٣٧ کەشتییەوە بۆ ٥ کەشتی کەمیکردووە و زیاتر لە ١٨ هەزار گەشتی ئاسمانیش هەڵوەشینراونەتەوە

پەنجەرە

کۆمیسیۆنی ئابووریی و کۆمەڵایەتی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ڕۆژئاوای ئاسیا، هۆشداری دەدات لەو زیانە ئابوورییانەی بەهۆی شەڕی نێوان ئێران و ئەمەریکاوە بەر وڵاتانی عەرەبی کەوتوون، کە قەبارەی زیانەکە لەماوەی دوو هەفتەدا گەیشتووەتە نزیکەی ٦٣ ملیار دۆلار.

زیانە ئابوورییەکان گرێدراون بە ئیفیلج بوونی بازاڕی وزە و داخستنی رێڕەوە بازرگانییە نێودەوڵەتییەکان و راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکان، ئەمەش ٢١ وڵاتی ئەندامی کۆمیسیۆنەکە دووچاری گرفتی گەورەی ئابووری دەکات.
 
کۆمیسیۆنی ئابووریی و کۆمەڵایەتی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان ٢١ وڵاتی عەرەبی ئەندامن تێیدا کە بریتین لە ئوردن، ئیمارات، بەحرەین، تونس، جەزائیر، جیبۆتی، سعودیە، سودان، سوریا، سۆماڵ، عێراق، عومان، فەلەستین، قەتەر، کوەیت، لوبنان، لیبیا، میسر، مەغریب، مۆریتانیا و یەمەن.


وڵاتانی کەنداو لەنێو قوڵایی زریاندا

بەپێی راپۆرتی کۆمیسیۆنەکە، وڵاتانی کەنداو بەشێکی زۆری زیانە ئابوورییەکانیان بەر دەکەوێت، ئەمە جگە لەوەی ئاڵۆزییەکان بووەتە هۆکار بۆ دابەزینی سەرمایەی بازاڕی بۆرسە ناوخۆییەکان.

راپۆرتی کۆمیسیۆنەکە ئاماژە بەوەدەکات، لەماوەی دوو هەفتەی یەکەمی شەڕدا، بەرهەمهێنانی نەوت لەلایەن ئەو وڵاتانەوە ٢٠ ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا کەمیکردووە بەهۆی راگرتنی ناردنە دەرەوەی نەوت.

هەروەها قەتەر دابینکەری ١٩٪ ی گازی شلە بۆ جیهان، بەهۆی شەڕەوە ناردنە دەرەوەی راگرتووە، ئەمەش وایکردووە نرخی گاز لە ئەوروپا بەرێژەی ٨٠٪ گران ببێت.


ئیفلیج بوونی بازرگانی جیهانی

بەپێی راپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان، جموجۆڵی بازرگانی بەرێژەی ٩٧٪ لەرێگەی گەروی هورمزەوە کەمیکردووە، ژمارەی ئەو کەشتیانەی رۆژانە بەگەروەکەدا تێپەڕیون لە ١٣٧ کەشتییەوە بۆ تەنها پێنج کەشتی کەمیکردووە.

راگرتنی جموجۆڵی بازرگانی لەگەروی هورمز بووەتە هۆی راگرتنی ناردنە دەرەوەی وزە و کاڵا بەبەهای نزیکەی دوو ملیار و نیو دۆلار لە رۆژێکدا.


کەرتی فڕۆکەوانیی و گەشتیاریی

لە ڕاپۆرتەکەدا کەرتی فڕۆکەوانیی و گەشتیاریی لەنێو ئەو کەرتانەدا دیاریکراوە کە زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە، بەمپێیە زیاتر لە ١٨ هەزار و ٤٠٠ گەشت لە نۆ فڕۆکەخانەی ناوچەکە لەماوەی ١٢ رۆژدا کانسڵ کراونەتەوە.

زیانەکانی گەشتە ئاسمانییەکان بە نزیکەی دوو ملیار خەمڵێنراوە و پێشبینی کراوە ئەمە بۆ سێ ملیار و نیو بەرز ببێتەوە، ئەگەر شەڕەکە بەردەوامی هەبێت.

کۆمپانیا گەورەکانی گواستنەوە ناچار بوون ڕێڕەوی گەشتەکانیان بگۆڕن، ئەمەش هۆکاری زیاتر بەکارهێنانی سووتەمەنی و درێژبوونەوەی وادەی گەشتەکانە، کە لە ئەنجامدا زیانێکی زۆر بەر کۆمپانیاکان دەکەوێت. هاوکات دابەزینی ژمارەی گەشتیاران لە نێوان 10% بۆ 95% بووە، بەپێی دوور و نزیکی وڵاتەکان لە گۆڕەپانی شەڕەوە.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو