تاران و تاراوگە؛ ئێران فشاردەخاتە سەر هاوڵاتییەکانی لە هەندەران

٢٣ ئازار ٢٠٢٦ - ٥:٥٤ پاش نیوەڕۆ

تاران و تاراوگە؛ ئێران فشاردەخاتە سەر هاوڵاتییەکانی لە هەندەران

پەنجەرە

پەیوەندی نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و ڕەوەندەکەی لە تاراوگە، پێ دەنێتە قۆناغێکی توندوتیژ لە ڕووی یاسایی و ئەمنییەوە، ئەو وڵاتە لەگەڵ پەرەسەندنی هێرشەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل بۆ سەری، هەڕەشە لە تاراوگەنشینەکان دەکات.

توندکردنەوەی سزاکان

لەگەڵ هەڵکشانی گرژییە سەربازییەکان، دەسەڵاتدارانی دادوەریی ئێران لە ڕۆژی ٩ـی ئەم مانگەدا ڕایانگەهیاند: هەر ئێرانییەک لە دەرەوە هاوکاری "وڵاتانی دوژمن" کە مەبەستی (ئەمریکا و ئیسرائیلە) بکات، تەواوی موڵک و داراییەکانی لە ناوخۆی ئێران زەوت بکرێت.

بەپێی یاسایەکی نوێ کە لە تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥ دەرچووە، سزای سیخوڕی و هاوکاری لەگەڵ وڵاتانی نەیار گەیەندراوەتە ئاستی لەسێدارەدان، تەنانەت ئەگەر تۆمەتبارەکە لە دەرەوەی وڵاتیش بێت. ئەمەش بە توندکردنەوەی گوشار لەسەر هاوڵاتیانی تاراوگەنشین لێکدەدرێتەوە

هاوکات یەکێکی تر لەو گوشارانەی کە تاران پەیڕەوی دەکات، بێبەشکردنی نەیارانی دەرەوەیە لە خزمەتگوزارییە کونسوڵگەرییەکان، هاوکات گوشار دەخرێتە سەر خێزانی نەیاران لە ناوخۆ بۆ بێدەنگکردنی کەسوکاریان لە تاراوگە.

جگە لەمانەش، حکومەتی ئێران میدیا فارسی زمانەکانی دەرەوە بە "باڵی سەربازیی دوژمن" ناوزەد دەکات و پەیوەندییکردن پێیانەوە بە تاوان دادەنێت.

ئۆپەراسیۆنە فرەسنوورەکان

هەموو ئەم گوشارانە لەلایەک، لەلایەکی تریش گوشاری لەناوبردنی جەستەییش ئامادەیی هەیە.

ڕاپۆرتە هەواڵگرییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە دەزگا ئەمنییەکانی ئێران تەنیا بە یاسا نەوەستاون، بەڵکو تۆمەتبارن بە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی ڕفاندن، تیرۆر و هەڕەشە لە ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانان لە ئەوروپا و ئەمریکای باکوور.

جوگرافیای ڕەوەندی ئێرانی

بەپێی دواین ئامارەکانی ڕێکخراوی تۆماری شارستانی ئێران، ژمارەی دانیشتووانی ناوخۆ ٨٣ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار کەسە. لە بەرامبەردا، ئێرانییەکانی دەرەوە ژمارەیان نزیکەی ٤ ملیۆن کەسە و لە چەندین وڵاتی جیهان بڵاوبوونەتەوە؛ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا (بە تایبەت لۆس ئەنجلۆس) گەورەترین کۆمەڵگەی ئێرانی لەخۆدەگرێت، لە دوای ئەویش ئیماراتی عەرەبی بە پلەی دووەم دێت. هەروەها وڵاتانی ئەوروپا وەک ئەڵمانیا، بەریتانیا و سوید، لەگەڵ کەنەدا و تورکیا، بە ناوەندە سەرەکییەکانی کۆچی ئێرانی دادەنرێن.

ئێرانییەکانی دەرەوە ئێستا نەک تەنیا وەک پەنابەر، بەڵکو وەک ئامانجێکی سەرەکی یاسایی و ئەمنی تاران دەردەکەون، ئەمەش وایکردووە وڵاتانی ڕۆژئاوا ڕێکارە ئەمنییەکانیان بۆ پاراستنی نەیارانی ئێران لەسەر خاکەکەیان توندتر بکەن.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو