ئاگربەستە پێنج ڕۆژییەکەی ترەمپ؛ دەستپێکی دیپلۆماسیی یان تەڵەیەکی سەربازیی؟
٢٣ ئازار ٢٠٢٦ - ٦:٠٤ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
لە هەنگاوێکی کتوپڕدا کە ناوەندە سیاسییەکانی هەژاند، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، دواخستنی هێرشە سەربازییەکانی بۆ سەر ژێرخانی وزەی ئێران بۆ ماوەی پێنج ڕۆژ ڕاگەیاند.
ترەمپ هۆکاری ئەم بڕیارەی بۆ هەبوونی "گفتوگۆی بەرهەمدار" و هەوڵدان بۆ ڕێگریکردن لە پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی گەڕاندەوە.
ئەم ڕاگەیاندنە ئەگەرچی هەرزوو کاریگەریی بەسەر بازاڕی نەوت و وزەدا دەرکەوت، بەڵام شەپۆلێک لە گومان و لێکدانەوەی دژبەیەکی دروستکردووە.
تاران: ترەمپ کاتدەکوژێت
بە پێچەوانەی راگەیەنراوەکانی ترامپ و کۆشکی سپی، تاران بە توندی هەر جۆرە گفتوگۆیەکی ڕەتکردەوە.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران و ئاژانسە فەرمییەکانی وەک (فارس)، ڕایانگەیاند کە هیچ جۆرە دانوستانێکی "ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ" لە ئارادا نییە.
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، جەختی کردەوە کە وڵاتەکەی داوای ئاگربەستی نەکردووە و وتی: "ئێمە ئامادەین بۆ بەرگری، هەرچەندە کات بخایەنێت."
بەرپرسانی ئێران پێیانوایە ئەم هەنگاوەی ترامپ تەنها یارییەکی سیاسییە بۆ دابەزاندنی نرخی نەوت کە بەهۆی ئاڵۆزییەکانەوە ئاستی پێوانەیی تۆمار کردبوو.
هەروەها بۆ دووبارە ڕێکخستنەوەی هێزە سەربازییەکانی ئەمریکایە لە ناوچەکەدا.
لەنێوان فشار و تاکتیکدا
ڕۆژنامە و ناوەندە شیکارییە میدیاییە نێودەوڵەتییەکان، بە چەند ڕەهەندێکی جیاواز سەیری ئەم مۆڵەتە پێنج ڕۆژییەی ترەمپ دەکەن.
وۆڵ ستریت جۆرناڵ ئاماژە بەوە دەکات کە ترەمپ لەژێر فشاری بازاڕدایە، چونکە نرخی نەوت گەیشتووەتە ١٢٠ دۆلار. ئەم مۆڵەتە وەک "دیپلۆماسیی لێواری هەڵدێر" وەسف دەکات؛ واتە دوای پێنج ڕۆژەکە یان ڕێککەوتنێکی گشتگیر یان وێرانکردنی تەواوەتی ژێرخانی ئێران بەدییدێت.
هەرچی رۆژنامەی فاینانشناڵ تایمزـە، تیشکدەخاتە سەر لایەنە ئابوورییەکەی هەنگاوەکە و دەڵێت، تەنها ڕاگەیاندنی ئەم هەواڵە بووە هۆی دابەزینی ٤٪ـی نرخی نەوت، ئەمەش نیشان دەدات ئامانجی سەرەکی ترەمپ هێورکردنەوەی بازاڕەکان بووە لە ترسی داخستنی گەرووی هورمز.
هەندێک سەرچاوەی تر بەپێدانی دەرفەتی دەزانن، بەشێوەیەک ئەم پێنج ڕۆژە دەرفەتە نۆ نێوەندگیرییەکانی وڵاتانی وەکو عومان و قەتەر بۆ ئەوەی بتوانن بگەنە خاڵێک.
نیگەرانییەکانی ئیسرائیل
لە تەلئەبیب، دۆخەکە جیاوازە. ڕۆژنامەی (هائارتس) باس لە هەبوونی "بێئومێدی و نیگەرانیی قووڵ" لەلای ئیسرائیل دەکات.
ئیسرائیل دەترسێت ترەمپ ڕازی بێت بە ڕێککەوتنێکی نیمچەیی و ناتەواو کە تێیدا تواناکانی ئەتۆمی ئێران وەک خۆیان بمێننەوە.
لە بەرامبەردا، ئاژانسی (ئیرنا)ـی ئێرانی دەڵێت، پاشەکشێی ترەمپ لە هێرشکردن، سەلمێنەری شکستی سیاسەتی ئەمەریکایە و دەرخەری ئەوەیە ئەو وڵاتە سڵ لە هێزی ئێران دەکاتەوە.
بەگشتی شیکەرەوان رایان جیاوازە لەبەرامبەر ئەم هەنگاوە، بەڵام کۆکن لەسەر ئەوەی کە ئەم پێنج ڕۆژە یەکلاییکەرەوە دەبێت، چ بۆ گەیشتن بە دەرەچەیەکی گونجاو، یان بۆ یەکلاییکردنەوەی ململانێکان بە هەر بارێکدا بێت.