رەزا پەهلەوی؛ پادشا بێ عەرشەکە تۆمەتبار دەکرێت بەتێکدانی ریزی هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران

٢٤ ئازار ٢٠٢٦ - ٣:٤٩ پاش نیوەڕۆ

رەزا پەهلەوی؛ پادشا بێ عەرشەکە تۆمەتبار دەکرێت بەتێکدانی ریزی هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران

پەنجەرە

سەرباری هێرشی چڕی ئەمەریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، بەڵام لاوازیی و پەرتی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی وایکرد هیچ هەنگاوێکی کرداری دژی رژێمەکە نەنرێت.

لەگەرمەی هێرشی ئەمەریکا بۆ سەر ئێران، لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان هێندەی سەرقاڵی هێرشکردن بوون بۆ سەر یەکتری، هێندە لە خەمی دروستکردنی بەرەیەکی سیاسیدا نەبوون بۆ قۆستنەوەی ئەو دەرفەتەی هاتە پێش.


رەزا پەهلەوی: پادشا بێ عەرشەکە

هەرچەندە رەزا پەهلەوی هەوڵی راکێشانی پشتیوانی نێودەوڵەتی و نێوخۆیی ئێران بەلای خۆیدا دەدات و خۆی وەکو جێگرەوەی دەسەڵات نمایش دەکات، بەڵام لەلایەن زۆربەی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانەوە رەتدەکرێتەوە و وەکو نوێنەری دەسەڵاتی پاوانخوازی پێشووی ئێران لێیدەڕوانرێت.

دوای راپەڕینی ژینا ئەمینی لە ساڵی 2022، کەسایەتییە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران لە دەرەوەی وڵات هەوڵی دروستکردنی هاوپەیمانێتییان دا، بەڵام بەهۆی دووری لایەنەکان لەیەکتری هەوڵەکانیان شکستی هێنا.

ئارش عەزیزی، شرۆڤەکاری سیاسی و مامۆستای زانکۆ لە ئەمەریکا، دەڵێت: پەهلەوی لەڕێگەی تیمێک راوێژکارەوە کار لەسەر دابەشکردنی ریزەکانی ئۆپۆزسیۆن دەکات، هێرش دەکەنە سەر ئەو کەسانەی بە پەهلەوی رازی نین.

دەشڵێت: لایەنگرانی پەهلەوی ئەو کەسانە بە بریکاری رژێمی ئێران تۆمەتبار دەکەن کە نەیاری دەسەڵاتی ئێرانن و هاوڕای خۆیان نین.

رەزا پەهلەوی کوڕی دوا شای ئێران، هەرچەندە خۆی وەکو جێگرەوەی رژێمی ئێران نمایش دەکات، بەڵام پێناچێت پشتیوانی بەهێزی لەناوخۆی وڵاتەکە هەبێت بەوپێیەی بەشی زۆری ژیانی لە ئەمەریکا بەسەر بردووە.

مایکڵ رۆبن، توێژەری دیاری ئەمەریکی، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: رەزا پەهلەوی لەلایەن ئیسرائیلەوە بایەخی پێدەدرێت، بەڵام لەلایەن ئەمەریکاوە وەکو جێگرەوە لێیناڕوانرێت.

پەهلەوی لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە بە بریکاری ئیسرائیل تۆمەتبار دەکرێت، ئەمەش دوای سەردانەکانی بۆ ئەو وڵاتە و کۆبوونەوەی لەگەڵ بونیامین ناتەنیاهۆی سەرۆکوەزیران.

بەبڕوای شرۆڤەکاران، سەرباری هەوڵەکانی بۆ خۆنزیک کردنەوە لە ئیسرائیل، بەڵام پێناچێت ئەو وڵاتە لەڕووی داراییەوە پاڵپشتی رەزا پەهلەوی بکات، لەکاتێکدا ئەم نزیکایەتییە لەسەر ئاستی جەماوەریی لە ئێران زیانی بەناوبانگی گەیاندووە.

دەوترێت پەهلەوی لەلایەن بازرگانە ئێرانییەکانی نیشتەجێی ئەمەریکا، سەرمایەدارە راستڕەوەکان و لایەنگرانی ئیسرائیل لە ئەمەریکا لەڕووی داراییەوە پاڵپشتی دەکرێت.


موجاهیدینی خەڵق

موجاهیدینی خەڵق یەکێکیترە لە هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران، ئەم هێزە هەڵگری تێکەڵەیەکە لە ئایدۆلۆژیای ئاینیی و بیرۆکەی چەپگەرایی، لە ساڵی 1965 لە ئێران دامەزرێنراوە.

موجاهیدینی خەلق دوای شۆڕشی ئیسلامی لە ساڵی 1979 نێوانی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ئێران تێکچوو، ژمارەیەک لە ئەندامەکانی دەستگیرکران و سەرکردەکانی بۆ عێراق هەڵهاتن، دواتریش پاڵپشتی رژێمی بەعسیان کرد لە کاتی جەنگی ئێران_عێراق دا.

موجاهیدینی خەڵق کە بەشداربووە لە شۆڕشی ئێران لەدژی سیستمەمی پاشایەتی و ئێستاش لە رژێمی ئێران یاخی بووە، رەتیدەکاتەوە هەماهەنگی لەگەڵ رەزا پەهلەوی بکات.

لەکاتێکدا پەهلەوی و موجاهیدینی خەلق بەتوندی دژایەتی یەکتری دەکەن، بەڵام ڕەوەندی ئێرانی و گروپە ناڕازییە ناوخۆییەکانی ئێران رۆڵێکی بەرچاو دەگێڕن لە بەرپاکردنی ناڕەزایەتییەکان لە دژی رژێمەکە.


حزبە کوردییەکان

رەزا پەهلەوی تەنها پەیوەندییەکانی لەگەڵ موجاهیدینی خەلق ئاڵۆز نییە، بەڵکو کاتێک هێرشی کردە سەر هاوپەیمانێتی حزبە کوردییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، لەلایەن ئەو حزبانەشەوە بەتوندی بەرپەرچ درایەوە.

ئەگەرچی لەسەردەمی راپەڕینی ژینادا، جۆرێک لەنزیکایەتی لەنێوان پەهلەوی و عەبدوڵا موهتەدی سکرتێری کۆمەڵەی زەحمەتکێشان دروستبوو، بەڵام لێدوانەکەی ئەم دواییەی وایکرد موهتەدیش کاردانەوە لەدژی بنوێنێت.

خەلیل نادری، وتەبێژی پارتی ئازادی کوردستان، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: رەزا پەهلەوی نەیتوانیووە بیری فاشیستیانەی باو و باپیری تێپەڕێنێت، بۆیە هێشتا هیچ نییە و دژایەتی کورد دەکات.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو