حـیزبوڵڵای لوبنانی چۆن توانی خۆی بونیاد بنێتەوە؟

٢٤ ئازار ٢٠٢٦ - ٣:٥٢ پاش نیوەڕۆ

حـیزبوڵڵای لوبنانی چۆن توانی خۆی بونیاد بنێتەوە؟

پەنجەرە

هاوکات لەگەڵ هێرشی ئەمەریکا و ئیسرائیل بۆسەر ئێران، حیزبوڵڵای لوبنانیش تێکەڵ بە شەڕەکە بوو و ژمارەیەک هێرشیکردە سەر ئیسرائیل. 

ئەوەی مایەی پرسیار بوو لەم هێرشانەی حیزبوڵڵا، ئەوەبوو کە چۆن ئەو حزبە هێشتا گوڕی ماوە؟ چۆن دوای ئەو گورزە گەورانەی بەریکەوت، جارێکی تر توانیویەتی بێتەوە گۆڕەپانەکە؟


ئەندازیارانی ئێرانی لە مەیدانەکەدا

بەپێی ڕاپۆرتێکی ئاژانسی "ڕۆیتەرز"، سوپای پاسدارانی ئێران ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕێت لە بووژاندنەوە و دووبارە بونیادنانەوەی حیزبوڵڵا.

وەک ئاژانسەکە ئاماژەی پێداوە، بۆ یەکەمجارە لە دوای دامەزراندنی حیزبەکە لە ساڵی ١٩٨٢، تاران بەم ئاستە قووڵە دەستی وەرداوەتە ناو وردەکارییە سەربازییەکانی حیزبوڵڵاوە کە لەپاش تیرۆرکردنی حەسەن نەسروڵڵای ئەمینداریی و ژمارەیەک فەرماندە باڵای حیزبەکەوە، تووشی قەیرانێکی گەورە هاتبوو.

سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەدەن کە نزیکەی ١٠٠ ئەفسەری باڵای سوپای پاسداران، ڕەوانەی لوبنان کراون. ئەرکی ئەم ئەفسەرانە تەنها ڕاوێژکاری نەبووە، بەڵکو سەرپەرشتی ڕاستەوخۆی مەشقپێکردنەوەی شەڕکەرەکان و بونیادنانەوەی سیستەمی فەرماندەییان کردووە، کە پێشتر لەلایەن هەواڵگری ئیسرائیلەوە خەرقکرابوو.


ستراتیژی بەرگریی "مۆزاییکی"

یەکێک لە گۆڕانکارییە هەرە بنەڕەتییەکان لە پێکهاتەی حیزبوڵڵادا، گۆڕینی شێوازی فەرماندەیی بووە. 

ئەندریاس کریگ، توێژەر لە کۆلێژی کینگزی لەندەن، دەڵێت: "حیزبوڵڵا ئێستا پەیڕەوی مۆدێلێکی تەخت (Flat) دەکات کە لەسەر خانەی بچووک و سەربەخۆ وەستاوە."

ئەم ستراتیژە کە بە "بەرگریی مۆزاییکی" یان "فوسەیفوسائی" دەناسرێت، وادەکات هەر یەکەیەکی سەربازیی بتوانێت بەبێ گەڕانەوە بۆ ناوەند، بڕیاری مەیدانی بدات. ئەمەش هەم نهێنیپارێزیی زیاد دەکات، هەم کاریگەریی تیرۆرکردنی سەرکردەکان کەم دەکاتەوە.


هەماهەنگیی ئاستی باڵا و جەنگی هاوبەش

ئەنجامی ئەم ڕێکخستنەوە خێرایە لە مەیدانەکاندا دەرکەوت. لە ٢ـی ئاداردا، حیزبوڵڵا توانی بە هەڵدانی دەیان مووشەک بۆ ناو قوڵایی ئیسرائیل، بگەڕێتەوە ناو هاوکێشەکە.

لوتکەی ئەم هەماهەنگییە لە ١١ـی ئاداردا بوو، کاتێک بۆ یەکەمجار پلانێکی هاوبەش بۆ هێرشی مووشەکی هاوکات لە ئێران و لوبنانەوە جێبەجێ کرا، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە حیزبوڵڵا بووەتە بەشێکی جیانەکراوە لە ژووری ئۆپەراسیۆنە ڕاستەوخۆکانی تاران.


ئالەنگارییەکان و ئاسۆیەکی ناڕوون

سەرەڕای ئەم هەوڵانە، ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە حیزبوڵڵا هێشتا نەگەیشتووەتەوە ئەو لوتکەیەی کە پێش ساڵی ٢٠٢٤ هەیبوو.

ئەوان وایدەبینن چەند کۆسپێکی گەورە لەبەردەم ئەم بونیادنانەوەیەدا هەن، لەوانە: لەدەستدانی ژمارەیەکی زۆر لە سەرکردە و شەڕکەر کە قەرەبووکردنەوەیان ئاسان نییە، هەروەها لەدەستدانی شکۆ و ترسانی جەماوەرەکەی و "ورە ڕوخانیان"، ئەمە سەرباری ئەو فشارە ناوخۆیی و دەرەکییانەی کە بە بەردەوام لەسەرێتی بۆ چەکدانان.

خۆبونیادنانەوەی حیزبوڵڵا، هاوکاتە بە بەرپەرچدانەوەی توندی ئیسرائیل، بەتایبەتی ئێستا باس لە نیازی هێرشی زەمینی دەکرێت لەلایەن ئیسرائیلەوە.

بۆیە پرسیارەکە ئەوەیە: ئایا حزبەکە بە ئەم پێکهاتە نوێیەوە دەتوانێت خۆی ڕابگرێت، یان جارێکی دیکە توشی نوشستی دێت و وەک دەڵێن: مێژوو خۆی دووبارە دەکاتەوە؟


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو