محەمەد باقر زولقەدر؛ ژەنەڕاڵە توندڕەوەکە دەبێتە کلیلداری ئاسایشی نیشتمانیی ئێران

٢٤ ئازار ٢٠٢٦ - ٦:٠٠ پاش نیوەڕۆ

محەمەد باقر زولقەدر؛ ژەنەڕاڵە توندڕەوەکە دەبێتە کلیلداری ئاسایشی نیشتمانیی ئێران

پەنجەرە

ئەمڕۆ محەمەد باقر زولقەدر، یەکێک لە توندڕەوترین فەرماندە سەربازیی و ئەمنییەکانی ئێران، وەک ئەمینداری نوێی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئەو وڵاتە دەستبەکار بوو.

ئەم بڕیارە کە لەلایەن موجتەبا خامنەیی، ڕێبەری نوێی ئێرانەوە دەرکرا، دوای هەفتەیەک دێت لە کوژرانی عەلی لاریجانی، ئەمینداری پێشووی ئەنجومەنەکە لە هێرشێکی ئاسمانیی ئیسرائیلدا.


پیاوی سێبەر و بازووی پۆڵاین

محەمەد باقر زولقەدر (٧١ ساڵ)، تەنها ناوێکی سیاسی نییە، بەڵکو یەکێکە لە داڕێژەرانی ستراتیژیی "بە سەربازییکردنی دەوڵەت" لە ئێران.

ئەو کە لە دایکبووی ساڵی ١٩٥٤ـی شاری "فەسا"ـیە لە پارێزگای فارس، مێژوویەکی دووری لە نێو ڕێکخراوە چەکدارییەکاندا هەیە؛ پێش شۆڕش ئەندامی ڕێکخراوی "مەنسوورون" بووە و دواتریش یەکێک بووە لە دامەزرێنەرانی گرووپی "ئەنسار حیزبوڵڵا".


وێستگە گرنگەکانی ژیانی پیشەیی

زولقەدر لە ماوەی چەند دەیەی ڕابردوودا لە هەستیارترین جومگەکانی دەسەڵاتدا بووە. بۆ ماوەی ٨ ساڵ (١٩٩٧-٢٠٠٥) جێگری فەرماندەی گشتی سوپای پاسداران بووە.

دواتر لە ساڵی ٢٠٠٥ بووە جێگری وەزیری ناوخۆ بۆ کاروباری ئەمنی، بەڵام لە ٢٠٠٧ بەهۆی ناکۆکی لەگەڵ مەحموود ئەحمەدی نەژادـی سەرۆکی ئەوکاتی ئێران، لە پۆستەکەی دوورخرایەوە.

پاش ئەمە وەکو جێگری ئەمینداری هێزەکانی بەسیج دەستبەکاربووە. دواتر سەنگەری گواستوەتەوە بۆ ناو بواری دادوەریی و لە نێوان ساڵانی ٢٠١٢ بۆ ٢٠٢٠ وەک جێگری سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەریی بۆ کاروباری ستراتیژی کاری کردووە.

پێش وەرگرتنی پۆستەکەی ئەمڕۆی، ئەمینداری ئەنجومەنی دیارییکردنی بەرژەوەندییەکانی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران بووە.


عەقڵیەتی "مشتی ئاسنین" و دژایەتی چاکسازییخوازان

زولقەدر بەوە ناسراوە کە باوەڕی تەواوی بە "حکومەتی ئیسلامی" هەیە. ئەو پێیوایە شەرعییەتی هەر بەرپرسێک تەنها لە پەیوەندییەوەیەتی لەگەڵ "وەلی فەقیهـ" و دەنگدانی خەڵک بەبێ ئەو ڕەزامەندییە هیچ بەهایەکی نییە.

ئەو وەک سەرسەختترین دوژمنی ڕەوتی چاکسازیی لە ئێران هەژمار دەکرێت. لە لێدوانێکی ناوداریدا لە ساڵی ٢٠٠٥، دانی بەوەدا نا کە سوپای پاسداران و بەسیج پلانێکی "ئێجگار ئاڵۆز و فرە ڕەهەندییان" داڕشتووە بۆ ڕێگریکردن لە گەیشتنی چاکسازیخوازان بە دەسەڵات، کە ئاماژەیەکی ڕاشکاو بوو بۆ دەستوەردانی سەربازیی لە هەڵبژاردنەکاندا.


ئاسایش لەودیو سنوورەکانەوەیە

زولقەدر کە لە هەشتاکاندا فەرماندەی "بارەگای ڕەمەزان" بوو کە بەرپرسی ئۆپەراسیۆنە دەرەکییەکانە. ئەو خاوەن دیدگایەکی فراوانخوازانەیە بۆ ئاسایشی ئێران و پێیوایە "قووڵایی ستراتیژیی ئێران دەگاتە کەناراوەکانی دەریای سپی ناوەڕاست" و هێزی وڵاتەکە لە بەڕێوەبردنی هاوپەیمانە هەرێمییەکانیدایە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەوەی ناوی دەنێت "ئیستکباری جیهانی".

لە ناوخۆشدا، ناوبراو لایەنگری بەکارهێنانی هێزی ڕەهایە دژی هەر جۆرە ناڕەزایەتییەکی جەماوەری. ئەو خۆپیشاندانەکان بە "فیتنە" و دەستی دەرەکی وەسف دەکات و پێیوایە دەبێت بە مشتێکی پۆڵاین مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت.


لەدوای دانانی زولقەدر ئێران بەرەو کوێ؟

دیاریکردنی محەمەد باقر زولقەدر لەم قۆناغەدا، پەیامێکی ڕوونی تارانە بۆ جیهان و ناوخۆ؛ ئێران لە سەردەمی موجتەبا خامنەییدا بەرەو توندتربوونی ئەمنی و داخراوییەکی سیاسی زیاتر هەنگاو دەنێت.

زولقەدر، ئەو پیاوەی ساڵانێکی لەنێو پۆست و دەسەڵات جۆرواجۆرەکان  بەسەربردووە و بە بەرجەستەکەری ئاراستەی توندڕەویی ئێرانی وێنادەکرێت، ئێستا لەسەر کورسییەک دانیشتووە کە بڕیارە چارەنووسسازەکانی جەنگ، ئاشتی و ئاسایشی نەتەوەیی ئێرانی لێوە دەردەچێت.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو