گەروی هورمز؛ ئایا دەتوانرێت سود لە جێگرەوەکانی وەربگیرێت؟

٢٤ ئازار ٢٠٢٦ - ٨:٢٨ پاش نیوەڕۆ

گەروی هورمز؛ ئایا دەتوانرێت سود لە جێگرەوەکانی وەربگیرێت؟

پەنجەرە

داخستنی گەروی هورمز یەکێکە لە کارتە گرنگە ئابوورییەکانی دەست ئێران کە وەکو فشار بەکاری دەهێنێت، بەوپێیەی ٢٠٪ـی نەوتی جیهان بەو گەروەدا تێپەڕ دەبێت، هەر ئەمەش وایکردووە ئێران بۆ گۆڕینی رێڕەی رووداوەکان هەوڵی سود لێوەرگرتنی بدات.

لەکاتی شەڕی ١٢ رۆژەی نێوان ئێران و ئیسرائیل دا، ئێران گەروەکەی دانەخست بەڵکو هەڕەشەی داخستنی کرد، تەنانەت هەڕەشەکانیش کاریگەری ئابوورییان هەبوو، لەکاتێکدا ئێستا گەروەکەی داخستووە و ئەو ژمارە کەشتییە کەمەش پێیدا تێپەڕ دەبن گەرەنتی پاراستنیان نییە. 

داخستنی گەروی هورمز و بەکارهێنانی وەکو کارتی گوشار ئەو پرسیارەی دروستکردووە، ئایا بۆ بەتاڵکردنەوەی گوشارەکانی ئێران گەروەکە هیچ بەدیلێکی تری هەیە؟

تورکیا رێڕەی ناردنە دەرەوەی نەوتی عێراقە لە دوای هورمز، بەڵام ئاستی ناردنە دەرەوە لە ٣ ملیۆن و پێنجسەد هەزار بەرمیل نەوتەوە بۆ نزیکەی ٥٠٠ هەزار دابەزیووە، بەو پێیەی بەسرەی پایتەختی ئابووری عێراق لەڕووی جوگرافیاوە دوورە و لەرێگەی بۆرییەوە گرێ نەدراوە بە تورکیاوە.

ئەو رێڕەوانەی بۆ ناردنە دەرەوەی نەوت و کاڵا بازرگانییەکان دەتوانرێت لەبری گەروی هورمز سودیان لێوەربگیرێت، ناتوانن ببنە جێگرەوەی گەروەکە و تەنها دەتوانرێت بۆ کەمکردنەوەی زیانە ئابوورییەکان سودیان لێوەربگیرێت.

دروستکردنی تۆڕی بۆری وشکانی بۆ گواستنەوەی نەوت جگە لەوەی تێچوویەکی زۆری دەوێت و ناتوانێت ببێتە جێگرەوەی رێڕەوی دەریایی، هەروەها پاراستنی ئەو بۆرییانە ئەمنییەت و سەقامگیری سیاسی دەوێت.

هەفتەی رابردوو، وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند: بۆری نەوتی کەرکوک لە سنوری پارێزگای نەینەوا و بەدرێژایی کەمتر لە ٤۰ کیلۆمەتر، هەزاران کونکراوە بەمەبەستی دزینی نەوتەکەی.

حکومەتی نوێی سوریا گەرچی دڵخوازی هێزە شیعەکان نییە و وەکو نەیار لێیدەڕوانرێت، بەڵام دوای چەندین ساڵ ئاڵۆزی بووە بە بەشێک لە هاوکێشە ئابوورییەکانی ناوچەکە بەهۆی هەڵکەوتە جوگرافییەکەیەوە، ئەمەش هاوکاری دەبێت بۆ گەڕانەوەی بۆ سەر نەخشەی وزە.

سوریا هاوشێوەی تورکیا دەکەوێتە سەر دەریای ناوەڕاست و خاوەنی ژمارەیەک بەندەرە، بۆیە دەکرێت وەکو ترانزێت و رێڕەوی گواستنەوەی وزە سود لەو وڵاتە وەربگیرێت، ئەمەش وادەکات تورکیا بەتەنها ئەو رۆڵەی نەبێت.

گەورەترین گرفتی سوریا ئەوەیە هەرچەندە دەتوانرێت ببێتە ئەڵقەیەکی گرنگی ئابووریی و پێکەوە بەستنەوەی وڵاتانی ناوچەکە، بەڵام بەهۆی ئابوورییە داتەپیوەکەیەوە قورسە بتوانێت تۆڕە کۆن و زیان لێکەوتووەکانی نۆژەن بکاتەوە.

تەنها سوریا و تورکیا وەکو جێگرەوە بۆ ناردنە دەرەوەی وزە دانانرێن، بەڵکو دەکرێت سعودیەش وەکو جێگرەوە بەکاربهێنرێت، کە دەتوانرێت لە رێگەیەوە رۆژانە ٥ ملیۆن بەرمیل نەوت بۆ دەریای سور بگوێزرێتەوە.

گەورەترین گرفت ئەوەیە جێگرەوەکان ناتوانن بە رێژەی ۱۰۰% ببنە جێگرەوەی گەروی هورمز، بەتایبەت گرفتە گەورەکە قەتەرە کە گازی شل بە هورمزدا رەوانەی ئەوروپا دەکات و ئەمەش وایکردووە نرخ لە ئەوروپا گران بێت.

دروستکردنی رێڕەو لەنێوان سعودیە و سوریا بە جێگرەوەی گەروی هورمز و پرۆژەیەکی گەورەی جیۆ-ئابووری دادەنرێت، بیرۆکەکەش بریتییە لە بەستنەوەی باکوری سوریا بە سعودیەوە لە رێگەی ئوردنەوە.

لەکاتێکدا داخستنی گەروی هورمز گرفتی گەورەی ئابووری لەسەر ئاستی جیهان دروستکردووە، بەڵام کێشەکە ئەوەیە جێگرەوەکانی گەروەکە لە ئێستادا بەردەست نین و ناتوانرێت بەخێرایی سودیان لێوەربگیرێت.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو