ئەمەریکا هێز ئامادە دەکات؛ هێشتا کۆنترۆڵکردنی دوورگەی خارگ بەشێکە لە پلانی ئەو وڵاتە
٢٤ ئازار ٢٠٢٦ - ٨:٣٠ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
فەرماندە سەربازییەکانی ئەمەریکا پلان بۆ بڵاوە پێکردنی هێزێکی شەڕکەری سەر بە فیرقەی ٨٢ دادەنێن، بۆ پاڵپشتیکردنی پرۆسە سەربازییەکانی وڵاتەکەیان دژ بە ئێران.
بەرپرسانی ئەمەریکا بۆ رۆژنامەی نیۆرک تایمز ئاشکرایان کردووە، بڵاوە پێکردنی هێز بەشێکە لە “رێوشوێنی خۆپارێزی” بەڵام هێشتا وەزارەتی جەنگ هیچ بڕیارێکی لەوبارەیەوە نەداوە.
ئەم هێزەی ئەمەریکا دەیەوێت بڵاوەیان پێبکات، سێ هەزار سەربازی سەر بە هێزی “ وەڵامدانەوەی خێرایە”، دەتوانرێت بەکار بهێنرێن بۆ هێرشکردنە سەر دوورگەی خارگی ناوەندی ناردنە دەرەوەی نەوتی ئێران.
لە ئەگەری فەرمان دەرکردن لەلایەن سەرۆکی ئەمەریکاوە بۆ هێرشکردنە سەر دوورگەی خارگ، ٢٥٠٠ سەربازی سەر بەهێزی دەریایی ئەمەریکا بۆ جێبەجێکردنی فەرمانەکە ئامادە کراون.
پێشبینی دەکرێت لە ئەگەری هێرشی ئەمەریکا بۆ سەر دوورگەی خارگ، پشت بە هێزی دەریایی و ئاسمانی ببەسترێت ئەمەش لەچوارچێوەی خێراتر کردنی پلانەکەدا.
بەپێی وتەی بەرپرسانی ئەمەریکا هێزی دەریایی ئەرکی جوڵە کردنی بۆ دوورگەی خارگ پێ سپێردراوە، پێش ئەوەی هێزەکانی تر بچنە نێو دوورگەکە و ئەرکی پاراستنی بگرنە ئەستۆ لەئەگەری جێبەجێکردنی پلانی کۆنترۆک کردنیدا.