سوتەمەنی عێراق؛ قوربانییەکی تری شەڕی ئێران
٢٥ ئازار ٢٠٢٦ - ٨:١٩ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
شەڕی ئێران هەر کێشەی هەناردەکردنی نەوتی بۆ عێراق لێنەکەوتووەتەوە، بەڵکو کێشەی بۆ هاوردەکردنیشی درووستکردووە، چونکە بۆ سوتەمەنی و بەکارهێنانی ناوخۆیی، عێراق پشت بە هاوردەکردنی لە دەرەوەی وڵات دەبەستێت.
شەڕی ئێران و لێکەوتەکانی، جارێکی دیکە دۆسیەی سوتەمەنی و وزەی عێراقی خستووەتە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی سەخت. عێراق کە دووەم گەورەترین بەرهەمهێنەری نەوتە لە ئۆپیک، ئێستا لە نێوان هاوکێشەی زیادبوونی بەرهەمهێنانی ناوخۆیی و نەبوونی هەناردە و هاوردەدا ململانێ دەکات.
نەخشەی سوتەمەنی؛ ئامار و پێویستییەکان
بەپێی داتا نوێیەکانی ساڵی ٢٠٢٥-٢٠٢٦، عێراق گۆڕانکاریی گەورەی لە بڕی بەرهەمهێناندا بەخۆوە بینیوە، بەڵام هێشتا بۆشایی لە نێوان خواست و خستنەڕوودا ماوە.
عێراق ڕۆژانە پێویستی بە ٣٣ بۆ ٣٣.٥ ملیۆن لیتر بەنزین هەیە. هەرچەندە بەرهەمهێنانی ناوخۆیی گەیشتووەتە نزیکەی ٣٠ ملیۆن لیتر بەهۆی کارکەوتنی پاڵاوگەی کەربەلا و نۆژەنکردنەوەی یەکەکانی بێجی و پێشتریش دانانی پاڵاوگەی مۆدێرن لە هەرێم، بەڵام هێشتا مانگانە نزیکەی ١٠٠ ملیۆن لیتر کورتهێنان هەیە کە لە ڕێگەی هاوردەکردنەوە پڕ دەکرێتەوە، بەتایبەت بەنزینی "سۆپەر".
هەرچی گاز یان گازوایلە، پێویستی ڕۆژانە بە ٥٠ بۆ ٦٥ ملیۆن لیتر دەخەمڵێندرێت. عێراق توانیبووی لە کۆتایی ٢٠٢٥ـدا خۆبژێوی ڕابگەیەنێت، بەڵام شەڕی ناوچەکە ئەم دەستکەوتەی خستووەتە مەترسییەوە.
کێشە دروستبووەکان بەهۆی شەڕی ئێرانەوە
شەڕەکە ڕاستەوخۆکان چەندین گورزی کاریگەریان لە کەرتی وزەی عێراق داوە، چونکە بەهۆی داخستنی نیمچە هەمیشەیی گەرووی هورمزەوە، عێراق ئەو سوتەمەنییەی هاوردەی دەکات، نایگاتێ.
لەبەرامبەردا راستە عێراق بەرهەمی نەوتی زیادەی هەیە و ناتوانێت هەناردەی بکات و دەمێنێتەوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی پاڵاگەی پێویستی نییە، ناتوانێت بیگۆڕێت بە سوتەمەنی.
لەلایەکی ترەوە حکومەت بۆ قەرەبووکردنەوەی بڕین و کەمبونەوەی غازی ئێران بەکاریگەریی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر کێڵگەکانی ئەو وڵاتە، بڕێکی زۆر لە گازوایل و نەوتی ڕەشی بۆ وێستگەکانی کارەبا تەرخانکرد، ئەمە سەرباری زیادبوونی خواست لەلایەن مۆلیدە ئەهلییەکانەوە بەهۆی کەمبوونەوەی کاروبای نیشتمانی. ئەمەش بووەتە هۆی دابەزینی کۆگای ستراتیژیی سوتەمەنی.
هاوکات پاڵاوگەکانی عێراق، نەوتی ڕەش و پاشماوەیان لێ دەمێنێتەوە، ئەم پاشماوانە پێشتر هەناردەی دەرەوەی وڵات دەکران و دەفرۆشران. کەچی ئێستا بەهۆی ئەوەی هەناردەکردن وەستاوە، بۆیە خەزان و کۆگای ئەو نەوتە ڕەش و پاشماوانەش نزیکبوونەتەوە لە پڕبوون، ئەمەش فشاری لەسەر کارکردنی پاڵاوگەکان درووستکردووە.
بەمشێوەیەش، لەئێستادا عێراق تەنها خەمی هەناردەکردنی نەوت ناخوات، بەڵکو دەبێت هی هاوردەکردنیش بخوات.