عێراق هەڵوێستەکانی دژی ئەمەریکا توندتر دەکات؛ سکاڵا دەباتە بەر ئەنجومەنی ئاسایش

٢٥ ئازار ٢٠٢٦ - ٨:٢٢ پاش نیوەڕۆ

عێراق هەڵوێستەکانی دژی ئەمەریکا توندتر دەکات؛ سکاڵا دەباتە بەر ئەنجومەنی ئاسایش

پەنجەرە

حکومەتی عێراق وەرچەرخانێک لە مامەڵەکردن لەگەڵ هێرشەکانی ئەمەریکا ڕادەگەیەنێت، دوای ئەوەی بە فەرمی "مافی وەڵامدانەوە"ـی بە هێزە ئەمنییەکان بەخشی، ئێستا ئامادەکاریی دەکات بۆ گواستنەوەی دۆسیەکە بۆ ناوەندە نێودەوڵەتییەکان و تۆمارکردنی سکاڵای فەرمی لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی.

دوو ڕۆژ پێشتر، حکومەتی عێراق گڵۆپی سەوزی بۆ هێزە ئەمنییەکان و دەستەی حەشدی شەعبی هەڵکردووە بۆ پەیڕەوکردنی پرەنسیپی "بەرگری لەخۆکردن و مافی وەڵامدانەوە" لە ئەگەر هەر هێرشێک کە دەکرێتە سەر بارەگا و هێزەکانیان.

ئەم هەنگاوەش وەک گۆڕانکارییەک لە سەرکۆنەکردنی زارەکییەوە بۆ وەڵامدانەوەی سەربازیی لێکدەدرێتەوە بەرامبەر ئەو هێرشە بەهێزانەی ئەمەریکا کردییە سەر بنکە و بارەگاکانی حـ..ـەشـ.،.ـدی شـ.ـەعبی لەدوای دەستپێکردنی شەڕی ئێرانەوە.

هاوکات گرژییەکان بەیانی ئەمڕۆ زیاتر بوون، دوای ئەوەی هێرشێکی نوێ کرایە سەر بنکەیەکی سەربازی سەر بە وەزارەتی بەرگری لە ناوچەی (حەبانیە)، کە بەهۆیەوە ژمارەیەک سەربازی سوپای عێراق گیانیان لەدەستدا و بریندار بوون.

وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان، سەباح نوعمان، ڕایگەیاند کە عێراق چیتر بەرامبەر ئەم "دەستدرێژییە ئاشکرایانە" بێدەنگ نابێت و بڕیاریداوە سکاڵایەکی فەرمی کە بە بەڵگە و دۆکیۆمێنت پشتڕاستکراوەتەوە، پێشکەشی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بکات. 

ئەم پێشهاتانە لەکاتێکدان کە عێراق کەوتووەتە ناو دۆخێکی سەختی ناسکەوە، بەشێوەیەک بووەتە مەیدانی شەڕی گرووپە وەلائییەکانی سەر بە ئێران لەلایەک و ئەمەریکا و ئیسرائیل لەلایەکی ترەوە.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو