پسپۆڕێکی ئابووری: موچەی فەرمانبەرانی عێراق بۆ ٧ مانگی داهاتوو پارێزراوە

٢٥ ئازار ٢٠٢٦ - ٨:٢٥ پاش نیوەڕۆ

پسپۆڕێکی ئابووری: موچەی فەرمانبەرانی عێراق بۆ ٧ مانگی داهاتوو پارێزراوە

پەنجەرە

د. نەبیل مەرسوومی، شارەزای ئابووری و مامۆستای زانکۆی بەسرە، ڕایگەیاند کە موچەی فەرمانبەرانی عێراق لە کاتی بەردەوامی شەڕ و ئەگەری داخستنی گەرووی هورمزدا بۆ چەند مانگی داهاتوو جێگیرە و هیچ مەترسییەکی دەستبەجێی لەسەر نییە.

مەرسوومی لە دیدارێکی ڕۆژنامەوانییدا ئاماژەی بەوە کرد کە بەهۆی سیستەمی فرۆشتنی نەوتی عێراقەوە کە پارەکەی دوای دوو مانگ دەگاتە دەستی حکومەت، داهاتی مانگەکانی یەک و دوو لە مانگەکانی سێ و چواردا وەردەگیرێن، هەر بۆیە لەو ماوەیەدا هیچ کێشەیەک لە دابەشکردنی موچەدا نابێت.

ئەو پسپۆڕە ڕوونیکردەوە کە کێشەی ڕاستەقینە لە مانگی پێنجەمەوە دەستپێدەکات ئەگەر هەناردەی نەوت بە تەواوی بوەستێت. لەو حاڵەتەدا عێراق پەنا دەباتە بەر یەدەگی بانکی ناوەندی کە بڕەکەی نزیکەی ٩٧ ملیار دۆلارە.

ڕوونیکردەوە: بەو پێیەی تێچووی موچە و خانەنشینی و چاودێریی کۆمەڵایەتی مانگانە نزیکەی ٦ ملیار دۆلارە، عێراق دەتوانێت بۆ ماوەی ٦ تا ٧ مانگ بەبێ هەناردەکردنی نەوتیش موچە دابین بکات.

لە کۆتاییدا مەرسوومی دڵنیایی دایە فەرمانبەران کە بۆ نیوەی یەکەمی ساڵ موچەکانیان پارێزراوە، بەڵام هۆشداری دا کە درێژخایەنی شەڕەکە و نەمانی داهاتی نەوت بۆ ماوەی زیاتر لە ٧ مانگ، وڵات ڕووبەڕووی قەیرانێکی دارایی قورس دەکاتەوە.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو