لەرێگەی بانگەشەی دانوستانەوە؛ چی لەژێر کڵاوەکەی ترەمپدایە بەرامبەر بە ئێران؟

٢٥ ئازار ٢٠٢٦ - ٨:٢٦ پاش نیوەڕۆ

لەرێگەی بانگەشەی دانوستانەوە؛ چی لەژێر کڵاوەکەی ترەمپدایە بەرامبەر بە ئێران؟

پەنجەرە 

شارەزایەکی بواری سیاسی پێیوایە، سەرۆکی ئەمەریکا خوازیارە لەگەڵ ئێران دانوستان ئەنجام بدات و کۆتایی بەشەڕ بهێنێت، بەڵام بڕیاری ڕاگرتنی شەڕ بەبێ رێککەوتن بۆ ترەمپ زۆر قورسە.

د. نەوزاد هیتوتی، شارەزای بواری سیاسی، دەڵێت: پێش ڕاگرتنی شەڕ دەبێت گەروی هورمز بکرێتەوە و هەندێک دەستکەوتی هەبێت، بۆ ئەوەی ترەمپ بڕیاری ڕاگرتنی شەڕ بدات و بەخەڵکی ئەمەریکای بفرۆشێتەوە.

بەبڕوای ئەو شارەزایەی بواری سیاسی، ترەمپ بەدوای بەرپرسێکی ئێرانیدا دەگەڕێت بۆ ئەوەی لەگەڵی رێکبکەوێت، لەکاتێکدا ئەمە بەبێ رەزامەندی سوپای پاسداران قورسە، بۆیە محەمەد قالیبافیش بەبێ سوپا و موجتەبا خامنەیی ناتوانێت ئەو هەنگاوە بنێت.

دەشڵێت: ترەمپ دەیەوێت لەرێگەی فشاری سیاسی و سەربازیی، ئێران ناچار بکات خۆی رادەست بکات یان رێککەوتنێکی هاوشێوەی ئەوەی ساڵی 1991 بەسەر عێراقدا سەپێنرا، بەسەر ئێرانیشدا بسەپێنێت، بەڵام دیار نییە ئەمە سەرکەوتوو دەبێت یان نە.

بەبڕوای د.نەوزاد هیتوتی، مەرجەکانی ترەمپ کە گرێدراون بە ئەتۆم و موشەک و هێزە پرۆکسییەکان دەبێت لەلایەن ئێرانەوە پەسەند بکرێت، بەڵام پێناچێت ئێران ئەمە قەبوڵ بکات، بۆیە لەکۆتاییدا دەبێت ترەمپ دەست لە هەندێک لە مەرجەکانی هەڵبگرێت یاخود ئێران لە ترسی رووخان هەمووی پەسەند بکات.

ناوبراو دەڵێت: ترەمپ بە گەمەی دانوستان هەوڵی سەقامگیریی بازاڕی نەوت و دابەزاندنی نرخی وزە دەدات. ئەمە جگە لەوەی ترەمپ لەمڕێگەیەوە پەیام دەداتە ئەو خەڵکانەی ناو ئەمەریکا کە دژی شەڕن بەوەی شەڕەکە درێژە ناکێشێت.هەروەها ئەگەرێکی تریش ئەوەیە ترەمپ سود لە بانگەشەی دانوستان وەردەگرێت بۆ ئەوەی ئامادەکاری سەربازیی بکات و هێرش بکاتە سەر دوورگەی خارگ.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو