هەڵمەتی چڕی دەستگیرکردن؛ تاران سیخوڕەکان ڕاو دەکات یان دەنگی ناڕازیی؟
٢٥ ئازار ٢٠٢٦ - ٨:٢٣ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
لەو کاتەوەی ئاگری شەڕی راستەوخۆی نێوان ئێران و بەرەی ئەمەریکا-ئیسرائیل هەڵگیرساوە، شەقامەکانی ئێران بوونەتە مەیدانی یەکێک لە گەورەترین هەڵمەتە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی دژ بە هاوڵاتیانی خۆی.
تاران لەژێر پەردەی "بەرەنگاربوونەوەی سیخوڕیی و پیلانی دوژمنان" و "پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی لە کاتی جەنگدا"، هەڵمەتێکی فراوانی دەستگیرکردن و لەسێدارەدانی دەستپێکردووە کە تێیدا سەدان کەس ڕاپێچی زیندانەکان کراون.
ئامارەکان چی دەڵێن؟
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوە فەرمییەکانی وەزارەتی ئیتڵاعات، تەنها لە ١٩ـی ئاداردا، دەسەڵاتداران دەستگیرکردنی ٩٧ کەسیان بە تۆمەتی "ئەندامێتی لە سوپای ئیسرائیل" ڕاگەیاند.
هاوکات هەر لەم ڕۆژانەدا پۆلیسی ئێران دەستگیرکردنی زیاتر لە ٤٥٠ کەسی بە تۆمەتی "چالاکی ئەلیکترۆنی دژ بە ئاسایشی نیشتمانی" و بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندە بۆ دوژمن دەستگیرکرد.
لە پارێزگاکانی لوڕستان، هەمەدان و کرمان، ٣٠ کەسی تر دەستگیر کراون کە تۆمەتبار کراون بە پێدانی شوێنی بنکە سەربازییەکان بە ئیسرائیل.
هاوکات هەواڵگری ئێران باس لە هەڵوەشاندنەوەی ٥ شانەی چەکدار دەکات لە پارێزگای خوزستان کە گوایە پلانیان بۆ نانەوەی پشێوی هەبووە.
ئەمە سەرباری ئەوەی ٢ کەس کە پێشتر بە تۆمەتی سیخوڕیی بۆ ئیسرائیل دەستگیرکرابوون، لەم مانگەدا لەسێدارە دران.
ستارلینک و وێنەگرتن
هاوکات هێزە ئەمنییەکان دەستیان بەسەر ١١ ئامێری ئینتەرنێتی مانگی دەستکردی "ستارلینک"ـدا گرتووە. تاران دەڵێت ئەم ئامێرانە بۆ ناردنی زانیاریی هەستیار بەکارهێنراون.
هەروەها وێنەگرتنی شوێنە بۆردومانکراوەکان و بنکە پۆلیسییەکان بووەتە هۆکارێکی سەرەکی بۆ دەستگیرکردنی دەیان گەنج.
بەرگێک بۆ سەرکوت
لە بەرامبەر گێڕانەوەی فەرمیی تاراندا کە کەسەکان بە سیخوڕ و کارکردن دژی وڵات و لەپێناو دوژمندا وێنادەکات، ڕێکخراو و میدیا جیهانییەکان بابەتەکە بەئاراستەیەکی دیکەدا دەخوێننەوە.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران (CHRI) پێیوایە دەسەڵات دۆخی جەنگی قۆستووەتەوە بۆ بێدەنگکردنی ئەو چالاکوانانەی لە خۆپیشاندانەکانی زستانی ٢٠٢٦ـدا بەشدار بوون و ئێستا بە پاساو و تۆمەتی سیخوڕیی و کرێگرتەیی، دەستگیریان دەکات.
هاوکات بەشێک لە میدیا جیهانییەکان، بەکارهێنانی ناوی ئیسرائیل لەپرۆسەی دەستگیرکردنی دەستگیرکراوەکاندا، وەک هەوڵێک دەبینن بۆ بێبەشکردنیان لە هاوسۆزی شەقام و ڕەواییدان بە گرتن و تەنانەت لەسێدارەدانیشیان.
ئەمە جگە لەوەی هەندێک لە چاودێران پێیانوایە دەستگیرکردنەکان بۆ ترس خستنە دڵی هاوڵاتیانی ئەو وڵاتەیە، بەوەی ڕژێم بەهێزە و بیر لە هەستان و خۆپیشاندان و وەکخۆی دەڵێت "نانەوەی ئاژاوە" نەکەنەوە.
پەیمانگای لێکۆڵینەوەی جەنگ ISW، ئاماژە بەوە دەکات کە کۆنترۆڵکردنی ئینتەرنێتی "ستارلینک" بۆ ئەوەیە ڕێگری بکرێت لە دزەکردنی وێنەی ڕاستەقینەی دۆخی ناوخۆیی ئێران بۆ جیهان.
هاوکات ئەمەش بە ترسی ڕژێم دەزانرێت لە هەر هەستان و ناڕەزایەتییەکی جەماوەریی.