شەڕ لەبەردەم چەندین سیناریۆدا: مەترسیدارترین سیناریۆ تێوەگلانی ئەوروپا و چین و روسیایە لە شەڕدا

٣٠ ئازار ٢٠٢٦ - ٤:١٢ پێش نیوەڕۆ

شەڕ لەبەردەم چەندین سیناریۆدا: مەترسیدارترین سیناریۆ تێوەگلانی ئەوروپا و چین و روسیایە لە شەڕدا

پەنجەرە

رووبەڕووبوونەوەی ئەمەریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران لەبەردەم چەندین سیناریۆی جیاوازدایە، لەحاڵەتی شکستهێنانی هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ ڕاگرتنی شەڕەکە، خراپترین سیناریۆش پەرەسەندنی ململانێکان و تێوەگلانی چین و روسیاو و وڵاتانی ئەوروپایە.

 ئەوەی وایکردووە ترس هەبێت لەدرێژەکێشانی شەڕەکە و تەشەنەکردنی، خواستە دژ بە یەکەکانی ئەمەریکا و ئێرانە کە هیچ لایەکیان بەخواستەکانی یەکتری رازی نین، ئەمەش مەترسی بێ ئەنجامبوونی هەوڵە دیپلۆماسییەکانی زیاترکردووە.


تەشەنەسەندنی ئاڵۆزییەکان

هەرچەندە شەڕ لەنێوان ئەمەریکا و ئیسرائیل لەلایەک و ئێران لەلاکەی تردایە، بەڵام شەڕەکە وەکو ململانێی فراوانتری نێوان ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی لەگەڵ چین و ئێران و روسیا لێیدەڕوانرێت.

روسیا و چین بێ رۆڵ نین لەشەڕی نێوان ئێران و ئەمەریکادا، مۆسکۆ لە ئەنجومەنی ئاسایش پشتیوانی لە تاران دەکات، لەکاتێکدا چینیش کڕیار و هاوپەیمانی ئێرانە، ئەمە جگە لەوەی لە ساڵی 2023 رۆڵی گێڕا لە ئاساییکردنەوەی پەیوەندی نێوانیان لەگەڵ سعودیە. 

هەرچەندە روسیا سودمەندە لە هێرشەکانی سەر ئێران بەوەی نەوتی زیاتر دەخاتە بازاڕەوە و فشارەکانی سەری لەشەڕی ئۆکرانیا لاوازتربوون، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا نیگەرانە لەو دۆخەی ئێران تێیدایە.

چین بەهۆی ئەوەی بەرژەوەندی لەگەڵ وڵاتانی کەنداو و ئەمەریکادا هەیە و کڕیاری وزە و فرۆشیاری کاڵایە بەو وڵاتانە، بەڵام تێدەگات لەوەی فشارەکانی سەر ئێران بۆ پێشگرتنە بە پێشکەوتنی زیاتری ئەو.

ئەوروپا نیگەرانە لە داخستنی گەرووی هورمز و ئەو قەیرانەی لەبواری وزەدا دروستبووە، ئەمەش مەترسی تێوەگلانی لە ئاڵۆزییەکان زیاتر کردووە، بەو پێیەی درێژە کێشانی داخستنی هورمز دووچاری قەیرانی گەورەتری دەکات.

بەرپرپرسێکی باڵای ئێران دەڵێت: تاران کۆتاییهێنان بەشەڕ رەتدەکاتەوە بەو مەرجانەی کە ئەمەریکا هەیەتی.

وتیشی: ئێران بەرگریی دەکات و درێغی ناکات لە بەرەنگاربونەوەی نەیارەکانی.

ئێران بۆ راگرتنی شەڕ مەرجی ئەوەی هەیە دەستدرێژیی کردنە سەر وڵاتەکەی رابگیرێت و شەڕ بەیەکجاری کۆتایی پێبهێنرێت، هەروەها ئەو زیانانەی لەکاتی شەڕدا لێیکەوتوون قەرەبوو بکرێتەوە.

ئێران گومانی لە نیازی ئەمەریکا بۆ ڕاگرتنی شەڕ هەیە و پێیوایە، واشنتۆن کار بۆ کۆکردنەوەی هێزی زیاتر و چڕکردنەوەی هێرشەکان بۆ سەری دەکات.
بەرپرسەکەی ئێران وتویەتی: ئێران بڕیار لەبارەی کۆتایی شەڕەوە دەدات نەک ترەمپ.

ئەوەش لەکاتێکدایە پێشتر بەرپرسانی ئێران ئاماژەیان بەوەکردبوو، پاکستان پێشنیارێکی ئەمەریکای پێگەیاندوون بۆ دانوستان و هێورکردنەوەی بارودۆخەکە.


ئەمەریکا

هەرچەندە سەرۆکی ئەمەریکا ناو بە ناو جەخت لەسەر ئەو زیانە قورسانە دەکاتەوە کە بەر ئێران کەوتوون، بەڵام بەپێی راپۆرتێکی "ئەکسیۆس" کۆشکی سپی لەرێگەی وڵاتانی نێوەنگیرەوە خواستی خۆی بۆ دانوستان گەیاندووەتە ئێران.

دانانی جەی دیڤانسی جێگری سەرۆکی ئەمەریکا بە سەرۆکی لیژنەی دانوستان کە ناوبراو دژی شەڕبوو، بۆ ئەوەیە تا دانوستانەکان بگەنە ئەنجام و ئێران بە وەفدەکە قایل بێت.

ئەلێکس یاروشینکۆ، شرۆڤەکاری سیاسی روسی، دەڵێت: ئەمەریکا بە مەبەست مەرجی قورسی خستووەتە بەردەم ئێران بۆ ئەوەی درێژە بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی بدات.

دەشڵێت: مەرجە 15 خاڵییەکەی ئەمەریکا قورس و ئەستەمن، ئەمە جگە لەوەی مەرجەکان هەمووی خواستی ئەمەریکا و داواکاری ئێرانیان تێدا رەچاو نەکراوە.

جەختیشیکردەوە: ئەمەریکا تاکتیکی فێڵی دیپلۆماسی لەگەڵ ئێران پەیڕەو دەکات، وەکچۆن پێشتر ئەمەی لەگەڵ عێراق و ئەڤغانستان کردووە، ئامانج لەمەش ئەنجامدانی هێرشی زەمینییە.

بەپێی وتەی شرۆڤەکارە روسییەکە، ئێران دەستبەرداری گەروی هورمز نابێت و بەکارتێکی فشاری کاریگەری دەزانێت، لەکاتێکدا قەیرانی وزە وڵاتانی ئەوروپا ناچار دەکات لەگەڵ ئەمەریکا گفتووگۆ بکەن بۆ کۆتاییهێنان بە ئاڵۆزییەکان.

دانیال دەیڤس، لیوای خانەنیشینکراوی سوپای ئەمەریکا، هۆشداریدا لەبەردەوامبوونی شەڕ و مەترسی بۆ سەر وڵاتەکەی و وتی: ئاڵۆرزتربوونی دۆخەکە خراپترین شتە بۆ ئەمەریکا، چونکە تێچووی مرۆیی و ماددی زۆری دەوێت.


چین

وەزیری دەرەوەی چین دەڵێت، گرنگترین کار لە ئێستادا کۆنترۆڵکردنی شەڕ و رێگرتنە لەفراوانبوونی پانتایی شەڕ، چونکە دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست خراپە و بازنەی ململانێکان لە فراوانبووندایە.

دەشڵێت: بەکارهێنانی هێز کێشەکان چارەسەر ناکات و نابێت شەڕی ناڕەوا بەردەوامی هەبێت.

وەزیری دەرەوەی چین ئاماژەی بەوەدا کە بەکارهێنانی هێز کێشەکە چارەسەر ناکات و نابێت شەڕێکی ناڕەوا بەردەوامی پێبدرێت.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو