هەرێمی کوردستان لەنێو شەوێکی ئاڵۆزدا؛ ئایا هێرشەکان سەرەتای قۆناغێکی ئاڵۆزترن؟

٣٠ ئازار ٢٠٢٦ - ٤:١٥ پێش نیوەڕۆ

هەرێمی کوردستان لەنێو شەوێکی ئاڵۆزدا؛ ئایا هێرشەکان سەرەتای قۆناغێکی ئاڵۆزترن؟

پەنجەرە 

هەرێمی کوردستان شەوێکی ئاڵۆز بەڕێدەکات، دەنگی درۆن ئاسمانی ناوچەکەی تەنیووە و هێرشی میلیشیاکانیش بۆ سەر هەولێر چڕترکراونەتەوە، کارتەکانیش بەجۆرێک تێکەڵکراون هیچ هێزێک بەرپرسیارێتی هێرشەکان لە ئەستۆ ناگرێت.

هێرشە چڕەکانی ئەمشەوی سەر شاری هەولێر کە دەنگی چەندین تەقینەوەی بەهێز بیستران و چەندین درۆن تێکشکێنران، بە هێرشکردنە سەر ماڵی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم لە دهۆک دەستیپێکرد.


هێرشەکان؛ لە دهۆکەوە بۆ هەولێر 

هێرشکردنە سەر ماڵی نێچیرڤان بارزانی گومان و پرسیاری زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە، بەوپێیەی ناوبراو پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێران دا باشە و پێشتر لەکاتی ئاڵۆزییەکاندا رۆڵی نێوەنگیری گێڕاوە.

ئەنجامدانی هێرش بۆ سەر ماڵی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم، دوای چەند کاتژمێرێک لە پیرۆزبایی لێکردنی لەلایەن سەرۆکی ئەمەریکاوە هات بە هۆی نەورۆزەوە.

سەرچاوەیەک لە سەرۆکایەتی هەرێم کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: هێرشکردنە سەر ماڵی نێچیرڤان بارزانی دەستی میلیشیاکانی تێدایە و بۆ پەلکێشکردنی هەرێمە بۆ نێو ئاڵۆزییەکان.

هەرچەندە هێچ هێزێک بەرپرسیارێتی هێرشەکەی لە ئەستۆ نەگرتووە، بەڵام گومان دەکرێت هێرشەکان لە سنوری موسڵەوە و لەلایەن میلیشیاکانەوە ئەنجام درابن.

ئەمشەو تەنها شاری هەولێر لەژێر هێرشی چڕدا نییە، بەڵکو دەنگی درۆن لە زۆربەی ناوچەکان دەبیسترێت، هەروەها لە چەندین ناوچەی تریش دەنگی تەقینەوە بیستراوە.

چڕکردنەوەی هێرشی میلیشیا شیعەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان لەکاتێکدایە، بەهۆی ئاڵۆزبوونی دۆخی ناوچەکەوە کارتەکان تێکەڵبوون، ناوەندی بڕیاری میلیشیاکان و رۆڵی حکومەتی عێراقیش تەواو لاواز بووە.


هەولێر لەژێر گوماندا

هێرشکردنە سەر شاری هەولێر پێشینەی هەیە و بەدرێژایی ساڵانی رابردوو، لەلایەن ئێران و میلیشیا شیعەکانەوە چەندین جار ئەو شارە لەرێگەی درۆن و موشەکەوە کراوەتە ئامانج.

 پارتی دیموکراتی کوردستان هەمیشە لەلایەن ئێران و میلیشیا شیعەکانەوە وەکو نەیار لێیدەڕوانرێت و هەمیشە بە گومانەوە مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت، پاساویشیان بوونی هێزی ئەمەریکایە لە هەرێم لەکاتێکدا بەرپرسانی هەرێم پاساوەکان رەتدەکەنەوە. 

تەنها فڕۆکەخانە و ناوەندە دیپلۆماسییەکان لە هەولێر بە ئامانج نەگیراون، بەڵکو بنکە و بارەگاکانی هێزی پێشمەرگە و دواجار ماڵی سەرۆکی هەرێمیش کەوتە بەر هێرشی میلیشیاکان.

هێرشە چڕەکانی ئەمشەوی سەر شاری هەولێر هاوکاتن لەگەڵ ئاڵۆزبوونی دۆخی سیاسی عێراقدا، بەهۆی ئەوەی لایەنەکان بۆ سەر دووبەرە لەسەر مەسەلەی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار و پێکهێنانی حکومەت دابەشبوون.

پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ ئەوە بەرەیەدایە کە دەیەوێت پرۆسەکە بۆ دوای شەڕی ئێران دوابخرێت، بۆیە ئەمشەو لەرێگەی شاخەوان عەبدوڵاوە هەوڵی دواخستنی کۆبوونەوەی سبەینێی سەرۆک فراکسیۆنەکانی داوە.

بەشێکیتر لەگومانەکان پێیانوایە هێرشە چڕەکانی سەر شاری هەولێر سەرەتای ئاڵۆزتربوونی دۆخی ناوچەکەن، بەتایبەت ئەگەری دابەزینی ئاسمانی سوپای ئەمەریکا لە عێراق و ناوخۆی ئێران بۆ هەندێک ئامانج لە ئارادایە، بۆیە ئێران هەوڵی فراوانکردنی پانتایی ئاڵۆزییەکان دەدات.

هێرشە چڕەکانی سەر شاری هەولێر هاوکاتن لەگەڵ هێرشکردنی ئەمەریکا بۆ سەر بنکەکانی حەشد لە کەرکوک و موسڵ، کە کوژران و برینداربوونی ژمارەیەک چەکداری ئەو هێزەی لێکەوتەوە.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو