شەڕی تینووکردن؛ ئێران بەلێدانی ژێرخانی ئاو وەڵامی هێرشی سەر کەرتی وزە دەداتەوە؟

٣٠ ئازار ٢٠٢٦ - ٤:١٨ پێش نیوەڕۆ

شەڕی تینووکردن؛ ئێران بەلێدانی ژێرخانی ئاو وەڵامی هێرشی سەر کەرتی وزە دەداتەوە؟

پەنجەرە

هاوکات لەگەڵ فراوانبوونی زیاتری بواری شەڕی ئێران، ئەو وڵاتە باس لە بەئامانجگرتنی ژێرخانی کەرتی ئاو لە کەنداو دەکات، ئەمەش لەبەرامبەر ئەو هەڕەشانەی کە پێشتر ئەمەریکا کردبوی بۆ بە ئامانجگرتنی کەرتی وزە لەلایەن ئەمەریکا و ئیسرائیلەوە.

ئەم چەکەی ئێران هەڕەشەی بەکارهێنانی دەکات، یەکجار هەستیارە، چونکە ژیانی سەروی ٦٠ ملیۆن کەس بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ دەکاتە ئامانج.

شادەماری ژیان

وڵاتانی کەنداو لە وشکترین ناوچەکانی جیهانن و بۆ دابینکردنی ئاوی خواردنەوە پشت بە تەکنەلۆژیای شیرینکردن دەبەستن، بەشێوەیەک ئاو لە دەریا وەردەگرن و لەڕێگەی وێستگەی تایبەتەوە شیرینی دەکەن بۆ ئەوەی بە کەڵکی بەکارهێنانی ڕۆژانە بێت.

بەپێی ئامارەکان، کوەیت %٩٠، عومان %٨٦، سعودیە %٧٠، قەتەر ٦٦% و ئیمارات %٤٢-٤٥ پێویستییان لە ئاوی خواردنەوە، لەم وێستگانەوە دابین دەکەن.

بەبێ ئەم وێستگانە، نەک هەر ژیانی ڕۆژانە مەحاڵ دەبێت، بەڵکو کەرتی گەشتیاریی، پیشەسازیی و بازرگانییش دەوەستن.

ئاو وەک چەکێکی جەنگ

لە چەند هەفتەی ڕابردوودا، پرسی پاراستنی ژێرخانی ئاو کەوتە بەرباس، دوای ئەوەی ئێران ئەمریکای تۆمەتبار کرد بە لێدانی وێستگەیەکی ئاو لە دوورگەی "قیشم".

لە بەرامبەریشدا، بەحرەین ڕایگەیاند کە وێستگەیەکیان لەلایەن درۆنی ئێرانییەوە کراوەتە ئامانج. هاوکات هێرشی هاوشێوە لە نزیک وێستگەکانی کوەیت و ئیماراتیش تۆمارکراوە.

هەرچەندە بەپێی ڕێککەوتننامەی جنێف، بە ئامانجگرتنی دامەزراوەکانی ئاوی خواردنەوە قەدەغەیە، بەڵام نزیکیی ئەم وێستگانە لە بنکە سەربازییەکان و وێستگەکانی کارەبا و فراوانبوونی مەودای ئامانجەکانی شەڕەکە، وایکردووە ببنە ئامانجێکی ئاسان و هەستیار.

مەترسییەکان و سیناریۆکانی داهاتوو

لەکاتی هەر هێرشێکی بەهێز بۆ سەر ئەم وێستگانە، ناوچەکە ڕووبەڕووی قەیرانێکی مرۆیی دەبێتەوە، چونکە زۆربەی وڵاتانی کەنداو تەنها بۆ چەند ڕۆژێک یەدەگی ئاویان هەیە و دواتر تینووێتیی دەیانگرێتەوە. بەتایبەتیش کە نۆژەنکردنەوەی وێستگەیەکی تێکشکاو ماوەیەکی زۆر کە ڕەنگە بگاتە چەند ساڵێک، بخایەنێت.

تەنانەت باس لەوەشکراوە کە ئەگەر ئاو ببڕێت، حکومەتەکان ناچار دەبن شارە گەورەکانی وەک دوبەی و ڕیاز چۆڵ بکەن، ئەمەش دەبێتە پێشینەیەکی مەترسیدار بۆ ئەو وڵاتانە و زیانەکەی یەکجار گەورە دەبێت لەسەر ئێستا و داهاتوویان.

شارەزایان وایدەبینن کە ئەگەرچی ئێستا بەهۆی داخستنی گەرووی هورمزەوە وڵاتانی کەنداو لەژێر فشارێکی گەورەی کەرتی وزەدان، بەڵام ئەگەر شەڕی ئاو دەستپێبکات، تێچووەکەی زۆر زیاتر دەبێت لەو زیانانەی کە جەنگی نەوت بەدوای خۆیدا دەیهێنێت.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو