هێرش بۆ سەر دورگەی خارگ؛ ئەگەری قوڵبوونەوەی ئاڵۆزییەکان
٣٠ ئازار ٢٠٢٦ - ٨:١٠ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
سەرۆکی ئەمریکا جەخت لەسەر ئەگەری هێرشکردنە سەر دورگەی خارگ و دەست بەسەردا گرتنی دەکاتەوە، لەکاتێکدا دەستگرتن بەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران بەیەکێکی تر لە پلانەکانی ترەمپ دادەنرێت.
ترەمپ دەڵێت: سوپای ئەمەریکا توانای گەیشتن بە ئامانجەکانی لەناو خاکی ئێران دا هەیە.
جەختی لەسەر "توانای بەهێزی” سوپاکەی کردەوە بۆ دەستبەسەرداگرتنی دورگەی خارگ بەبێ ئەوەی هێزە تایبەتەکانیان رووبەڕووی مەترسی گەورە ببنەوە.
دورگەی خارگ سەرچاوەی ناردنە دەرەوەی نەوتی ئێرانە، بۆیە هێرشکردنە سەری لەلایەن ئەمەریکاوە وادەکات ئاڵۆزییەکان قوڵتر ببنەوە.
ڕۆژنامەی ۆڵ ستریت جۆرناڵ بە پشت بەستن بە لێدوانی بەرپرسانی ئەمەریکا بڵاویکردەوە، سوپای ئەمریکا بیر لە سیناریۆیەک دەکاتەوە بۆ دەستبەسەرداگرتنی یۆرانیۆمی پیتێنراو لە ناوخۆی ئێراندا کە بە نزیکەی ٤٥٠ کیلۆگرام مەزەندە دەکرێت، ئەمەش لە ئۆپەراسیۆنێکدا کە بە "زۆر ئاڵۆز" وەسفیکردووە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، ئەنجامدانی ئەم ئەرکە ڕەنگە پێویستی بە جێگیرکردنی هێزی تایبەتی ئەمەریکا لە ناو خاکی ئێران بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک هەبێت.
ئۆپەراسیۆنی دابەزینی سەربازی ئاسمانی پێویستی بە ئامادەکاری لۆجستی هەیە، وەک دامەزراندنی بەندەری کاتی یان بنکەی لۆجستی، کە تا ئێستا لە ڕاپۆرتەکاندا باس نەکراوە.
دابەزینی هێزی ئاسمانی سەر فیرقەی ٨٢ی ئەمەریکا لە دورگەی خارگ، دەکرێت سنووردار یان کاتی بێت، لەکاتێکدا واشنتۆن چۆنیەتی جێبەجێکردنی پلانەکەی بەنهێنی هێشتووەتەوە.