ئێلی کۆهین، چیرۆکی جاسووسێکى ئیسرائیلی کە مێژووی ناوچەکەی گۆڕی
٣٠ ئازار ٢٠٢٦ - ٤:٢٣ پێش نیوەڕۆ
لە ناو مێژووی جاسووسیی جیهاندا، ناوی ئێلی کۆهین وەک یەکێک لە کاریگەرترین و مەترسیدارترین جاسووس هاتووە. چیرۆکی ژیانی ئەم پیاوە تەنها چیرۆکی کەسێک نییە کە بۆ وڵاتەکەی کارى كردبێت، بەڵکوو چیرۆکی تێکچوونی سیاسەت، دەسەڵات، و شەڕی نهێنییە لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوه‌ڕاست.
سەرەتای ژیانی
ئێلی کۆهین لە ساڵی 1924 لە شاری ئه‌سكه‌نده‌رییه‌ى وڵاتى میسر له خێزانێكی جوو (یه‌هود)ى لەدایک بوو کە ئەوکات زۆر ێكلە جوولەکەکان لە میسر ده‌ژیان. لە تەمەنی گەنجیدا، دەستی بە چالاکی سیاسی و نەتەوەیی و ئاینیی کرد، هەر زوو ڕوویکردە بیرۆکەی سەربەخۆیی و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی جووه‌کان.
دوای دامەزراندنی وڵاتی ئیسرائیل لە ساڵی 1948، ژیانی زۆر لە جووه‌کانی وڵاتانی عەرەبی گۆڕا. ئێلی کوهینیش لەوانە بوو کە کۆچی کرد بۆ ئیسرائیل و لەوێ دەستی بە ژیانێکی نوێ کرد. ئەم گواستنەوەیە بووە هۆی ئەوەی نزیک بێتەوە لە دامودەزگاکانی وڵاتە نوێکە.
چوونە ناو جیهانی جاسووسی
لە ئیسرائیل‌دا، کوهین بە شێوەیەکی تایبەتی سەرنجی دەزگای هەواڵگریی مۆسادی بۆ لاى خۆى ڕاکێشا. بەهۆی زیرەکی، زمانزانی، و توانای لەخۆگرتنی کەلتوورە جیاوازەکان، بۆیه بڕیاردرا کە بکرێتە جاسووسێکی نهێنی.
مۆساد بڕیاریدا کوهین بنێرێت بۆ ناو وڵاتی سووریا، یەکێک لە دوژمنە سەرەکییەکانی ئیسرائیل لەو کاتەدا. بۆ ئەم کارە، پێویست بوو ژیانێکی تەواو نوێ دروست بکات. ناوی ساختەی “کامل أمین پابت”ی بۆ هەڵبژێردرا، وەک بازرگانێکی دەوڵەمەند، ماوه‌یه‌ك له شارى بۆینس ئایرس، پایته‌ختى ئه‌رجه‌نتین ژیا و له‌وێ دۆستایه‌تی له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك كه‌سایه‌تی سوورى دروست كرد و دواتر وه‌ك بازرگانێك کە لە دەرەوەی وڵات گەڕایه‌وه بۆ سووریا.
چوونە ناو ناوەندی دەسەڵات
کوهین لە شاری دیمه‌شق نیشتەجێ بوو و بە شێوەیەکی زیرەکانە دەستی کرد بە دروستکردنی پەیوەندییەکان. بەخێرایی توانی نزیک بێتەوە لە سەرکردە سیاسی و سەربازییەکان. ماڵەکەی بووە شوێنێک بۆ میواندارییە سیاسییەکان، کە تێیدا بەرپرسانی پله‌باڵا بەشداریان دەکرد.
لە کاتێکدا کە هەمووان وا دەزانن کە ئەو بازرگانێکی دەوڵەمەندە، کوهین بە شێوەیەکی نهێنی زانیارییە گرنگەکانی دەگواستەوە بۆ ئیسرائیل. ئەم زانیارییانە بریتی بوون لە پلانی سەربازی، شوێنی سه‌ربازگه‌كان، و بڕیاری حکوومەت.
وه‌ك ده‌گێڕنه‌وه، یەکێک لە گرنگترین زانیارییەکانی ئەو، پەیوەندی هەبوو بە ناوچەی جۆلان، کە دواتر لە شەڕدا کاریگەرییەکی گەورەی هەبوو. هەندێک سەرچاوە دەڵێن ئەو هەتا نزیک بوو ببێتە بەرپرسی باڵا لە حکوومەتی سووریا، ئەگەر دەستگیر نه‌كرایە. له‌گه‌ل ئه‌وه‌شدا له ناوه‌نده‌كانى ئیسرائیل و به‌تایبه‌ت مۆساد، ڕه‌خنه‌ى توندی لێده‌گیرێت به‌وه‌ى كه له‌كاره‌كه‌یدا هه‌ڵه‌ى زۆرى كردووه و ئه‌و هه‌ڵانه‌ى بوون به‌هۆكارى ئاشكرابوونى، یه‌كێك له‌هه‌ڵه‌كانى، ناردنى په‌یامى زۆره بۆ ئیسرائیل كه به‌شێك له په‌یامه‌كانى به‌هاى سیخووڕییان نه‌بووه، به نموونه‌ى ئه‌وه‌ى جارێك بۆچوونى خۆى له سه‌ر یارییه‌كى تۆپی پێی ئیسرائیل ده‌ربڕیوه.
کاریگەری لە شەڕ
هه‌رچه‌ند سه‌ره‌تا مۆساد ئێلی كۆهینی بۆ ئه‌وه نارده سووریا تا شوێنپێی ئه‌فسه‌ره ئه‌ڵمانییه نازییه‌كانى سه‌ر به هیتله‌ر بدۆزێته‌وه و دۆخى جووه‌كانى سووریا بگوازێته‌وه، به‌ڵام وه‌ك ده‌وترێت زانیارییە سه‌ربازییه‌کانی کۆهین بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ کاریگەرییان هەبوو لە سەر شەڕی شه‌ش ڕۆژه لە ساڵی 1967 كه له میدیادا به (نكسه_ نسكۆ) ناسراوه. ئەگەرچی ئەو پێش شەڕەکە له ژیاندا نه‌مابوو، بەڵام ئەو زانیارییانەی پێشتر ناردبووی، یارمەتیدەر بوون بۆ سەرکەوتنی خێرای ئیسرائیل، به نموونه‌ش، جارێك له‌سه‌ردانێكیدا بۆ لاى سه‌ربازگه‌یه‌ك له‌سه‌ر سنوورى ئیسرائیل، پێشنیازی كرد دارى به‌رز بڕوێنن بۆ ئه‌وه‌ى سێبه‌ر دروست بكه‌ن بۆ سه‌ربازه‌كان، ئه‌وانیش به گوێیان كرد، به‌ڵام دواتر ئه‌و دارانه بوون به نیشانه بۆ سوپای ئیسرائیل.
گه‌یشتن به لووتكه‌ى ده‌سه‌ڵات
گێڕانەوە مێژووییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئێلی کۆهین (لە ژێر ناوی کامیل ئەمین سابت) گه‌یشته لووتكه‌ى سیاسی و سەربازی سووریا، بەڵام هیچ بەڵگەیەکی یەکلاکەرەوە نییە بۆ دۆستایەتییەکی نزیک و ڕاستەوخۆ لە نێوان ئەو و ئه‌مین ئه‌لحافز، سەرۆکی ئه‌وكاتى سووریا، وه‌ك له زنجیره درامایه‌كی تۆڕی (Netflix) تایبه‌ت به ژیانی ئه‌و سیخوڕه ئیسرائیلییه هاتووه، بەڵام مێژوونووسان و شاره‌زیانى بواره‌كه له سووریا جەخت لەوە دەکەنەوە کە کۆهین لەگەڵ سەرکردایەتی باڵا کۆ بووەتەوە.
دەستگیركردن و کۆتایی تراژیدی
لە کۆتاییەکانی کارەکەیدا، دەسەڵاتدارانی سووریا گومانیان لەسەر چالاکییەکانی کوهین لا دروست بوو، هاوكات باڵیۆزخانه‌ى هیندستان له دیمه‌شق ئاگادارى ده‌سڵاتدارانى ده‌زگاى هه‌واڵگیری سووریا كرده‌وه، كه شه‌پۆلێكی ڕادیۆیی نامۆ و نه‌ناسراو تێكه‌ڵ به شه‌پۆلى ڕادۆیی باڵیۆزخانه‌كه‌یان ده‌بێت، دواتر بە یارمەتیی تەکنەلۆجیای نوێی ئەو کاتە، توانرا شوێنی پەیوەندییە ڕادیۆییەکانی كۆهین بدۆزرێتەوە.
لە ساڵی 1965، کوهین دەستگیر کرا و بردرا بۆ دادگا. دادگایەکە بە شێوەیەکی گشتی کرا، بۆ ئەوەی نیشان بدرێت کە حکوومەتی سووریا دەتوانێت جاسووسه‌كان بگرێت. سەرەنجام، بڕیار درا له سێداره‌ى بده‌ن.
لە 18ی ئایاری 1965، لە ناوەندی شاری دیمه‌شق، لەبەردەم خەڵکدا، ئێلی كۆهین له سێدارە درا. ئەم ڕووداوە کاریگەرییەکی گەورەی هەبوو لەسەر هەردوو لا.
گه‌ڕان به‌دواى ڕووفاته‌كه‌یدا
دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد، دۆسیەی ئێلی کۆهین هێنرایەوە پێشەوە، ڕۆژنامەكانی ئیسرائیل باسیان له‌وه كرد كه تەلئەبیب هەوڵدەدات کەڵک لە نائارامییەکانی سووریا وەربگرێت بۆ ئاشکراکردنی شوێنی ناشتنی تەرمی کۆهین، هەروەها بۆ بەدەستهێنانی کۆمەڵێک پەرتووکی کۆنی تەورات و موڵک و ماڵی دیکە.
له‌مانگى ئۆكتۆبه‌رى 2025 میدیاكانى ئیسرائیل بڵاویان كرده‌وه، دوای نزیکەی پێنج مانگ لە ئۆپەراسیۆنێکی نهێنی ئیسرائیل لە سووریا، دەرکەوت نزیکەی 2500 بەڵگەنامە و کەلوپەلی تایبه‌ت و کەسیی کۆهین گه‌ڕێندراوه‌ته‌وه، به‌ڵام ڕووفاته‌كه‌ى نه‌دۆزرایه‌وه. جێی باسه هاوسه‌ركه‌ى به‌ناوى نادیه كۆهین، كه له بنه‌ڕه‌تدا له جووه‌كانى عێراقه، تائێستاش به‌رده‌وامه له هه‌وڵه‌كانى بۆ دۆزینه‌وه‌ى ڕووفاتى هاوسه‌ره له‌سێداره‌دراوه‌كه‌ی.
تێڕوانینە جیاوازەکان
لە ئیسرائیل‌دا، ئێلی کوهین بە قارەمان ناسراوە — کەسێک کە ژیانی خۆی فیدا کرد بۆ پاراستنی وڵاتەکەی. خێزانەکەی و حکوومەتی ئیسرائیل هەتا ئێستا داوای گەڕاندنەوەی ڕووفاته‌كه‌ى دەکەن. بەڵام لە سووریا، ئەو بە جاسووس و دوژمنی وڵات دەبینرێت.
ئاماده‌كردنى: سۆران كه‌ریم