بەئامانجگرتنی ماڵی سەرۆکی هەرێم؛ چیتر کەس پارێزراو نییە!
٣٠ ئازار ٢٠٢٦ - ٤:٣٤ پێش نیوەڕۆ
پەنجەرە
هێرشەکەی دوێنێی سەر ماڵی سەرۆکی هەرێمی کوردستان- نێچیرڤان بارزانی، زۆر پرسیاری وروژاندووە.
هەتا ئێستاش بە فەرمی ئەو لایەنەی هێرشەکەی ئەنجامداوە ڕانەگەیەنراوە، بەڵام پێدراوەکان ئاماژە بە گروپە وەلائییە عێراقییەکانی سەر بە ئێران دەدەن.
لەحاڵەتێکدا ئەگەر ئەم گریمانەیە بە ڕاستییەکی چەسپاو وەربگرین، ئەوا هێرشەکە گەیەنەری زۆر پەیام و مانای جۆراوجۆرە.
فشاری زیاتر لەسەر هەرێم
نێچیرڤان بارزانی لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتییدا وەک کارەکتەرێکی دیپلۆماسی ناسراوە، کە هەوڵی هاوسەنگکردنی پەیوەندییەکان و دوورخستنەوەی هەرێمی لە ململانێ ناوخۆیی و ئیقلیمییەکان دەدات.
شرۆڤەکاران پێیانوایە بەئامانجگرتنی ماڵی ناوبراو، هەوڵێکی ڕاستەوخۆیە بۆ پەکخستنی "میحوەری هێورکردنەوە" و فشارخستنە سەر سەرکردایەتیی کوردە تا دەستبەرداری سیاسەتی بێلایەنی ببێت.
ئەگەرچی هەرێم تائێستا خۆی پاراستووە لەوەی بەشێک بێت لە شەڕەکە، بەڵام هێرشەکە لەدوای ئەو پیرۆزباییەوە دێت کە دۆناڵد ترامپ- سەرۆکی ئەمەریکا بەبۆنەی جەژنی نەورۆزەوە ئاراستەی کرد. بۆیە وادەبینرێت کە فشاری زیاترە بۆ خۆدوورگرتن لە هەڵبژاردنی بەرەی ئەمەریکا و خزمەتکردن بە ئەجێنداکانی.
تەحەدای شکۆی فەرمیی
ئەو پەیامەی کە هێرشەکە بە تۆخیی جەختیلێدەکاتەوە، ئەوەیە کە هیچ شوێنێکی پارێزراو و هیچ سیمبوڵێکی سەروەریی لەبەردەم درۆنەکاندا پارێزراو نین.
ئەمەش تەحەدایەکی ڕاستەوخۆ بوو بۆ دەسەڵاتی حکومەتی فیدراڵ و هەرێم.
سەلماندنی توانای سەربازیی
لەپەیامێکی دیکەدا، هێرشەکە جەخت لەوە دەکاتەوە کە توانای سەربازیی هێرشکەران بەهێزە. نەک هەر ئەمەش، بەڵکو ئاماژەشە بۆ ئەوەی کە دەتوانن جۆرایەتیی لە هێرشەکانیشیاندا بکەن، بەوەی جگە لە هەولێر و سلێمانی، ئەمجارە دهۆکیش بە ئامانج دەگرن. بەو مانایەی هەموو ناوچەیەکی هەرێم ئاسانە بۆ دەستڕاگەیشتنی هێرشکەرەکان.
تەحەدایەک بۆ هەڕەشەکانی حکومەت
لەبەرامبەر ئەو هەڕەشە فەرمییانەی هەیە بۆ لەقاڵبدان و چەکداماڵینی گروپە وەلائییەکانی عێراق کە دواهەمینیان قسەکانی سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەریی عێراق بوو، ئەم هێرشە وەکو تەحەدایەکیش دەبینرێت بۆ ئەو قسە و هەوڵانە.
بەگشتی زۆرینەی ئاماژەکان بۆ ئەوەدەچن کە مەرامەکانی هێرشەکە چەندێک سەربازیی بووبن، ئەوا زیاتر لەوەش بە ئاستی هەرێمی کوردستان و ناوخۆی عێراق و دەرەوەشدا، سیاسیی بوون.