شەڕ لە قۆناغی یەکلاکەرەوەدا؛ ئێران لەنێوان خۆڕادەستکردن و بەهێزبوونەوەدا 

٣١ ئازار ٢٠٢٦ - ٧:١٣ پاش نیوەڕۆ

شەڕ لە قۆناغی یەکلاکەرەوەدا؛ ئێران لەنێوان خۆڕادەستکردن و بەهێزبوونەوەدا 

پەنجەرە

شەڕی نێوان ئەمەریکا و ئێران گەیشتووەتە قۆناغێکی یەکلاکەرەوە، بەوەی ئەمەریکا لەرێگەی درێژەدان بەشەڕ کۆتایی بەمەترسی ئەو وڵاتە بهێنێت، یاخود بە برینداری بەجێیبهێڵێت و جارێکی تر بەهێز ببێتەوە.

ئەمەریکا: لە شەڕی "ئیختیارییەوە" بۆ شەڕی "ئیجباری"

کاتێک ئەمەریکا شانبەشانی ئیسرائیل هێرشەکانی بۆ سەر ئێران دەستپێکرد، پێیوابوو شەڕەکە بەخێرایی یەکلایی دەبێتەوە و ئەنجامەکەی بەڕووخانی دەسەڵاتی ئێران یاخود لاوازبوون و خۆڕادەستکردنی کۆتایی دێت.
دوای تێاپەڕبوونی مانگێک لەشەڕکردن هێشتا ئامانجەکانی ئەمەریکا بەدی نەهاتوون، ئێران خۆڕادەستکردن رەتدەکاتەوە و ئەمەریکاش ناتوانێت ئەو وڵاتە بە" برینداری" بەجێبهێڵێت، بەو پێیەی لە ئەگەری بەهێزبوونەوەیدا مەترسی زیاتر دروست دەکات.
د. سەردار عەزیز، لێکۆڵەری نێودەوڵەتی، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: ئەمەریکا بە "ئیختیاری" بووە بەشێک لە شەڕەکە بەڵام ئێستا ناچارە درێژەی پێبدات.
دەشڵێت: پێدەچێت شەڕ بەردەوامی هەبێت چونکە هیچ لایەک بە ئامانجەکانی نەگەیشتووە، نە ئەمەریکا سەرکەوتنی ڕاگەیاندووە و نە ئێران دانی بە شکست دا ناوە.
خەریکە شەڕی نێوان ئەمەریکا و ئێران بەرەو چەقبەستوویی و درێژەکێشان هەنگاو دەنێت، بەوپێیەی پێگە ئاسمانی و دەریاییەکانی ئێران داڕووخێنراون بەڵام هێشتا ئەو وڵاتە لەسەر زەوی بەهێزە.
ئەمەریکا نزیکەی 50 هەزار سەربازیی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کۆکردووەتەوە، پێدەچێت کۆکردنەوەی ئەم هێزانە بۆهێرشی سنوردار و گەیشتن بە ئامانجێکی دیاریکراو بێت، چونکە بەو ژمارە سەربازە ناتوانرێت هێرشی زەمینی فراوان ئەنجام بدرێت.

ئێران؛ لەشەڕەوە بۆ ئاشتی 

ئەمەریکا سەرقاڵی پلان و ئامادەکارییە بۆ زیان گەیاندنی زیاتر بە ئێران، دەیەوێت شەڕ بەجۆرێک کۆتایی پێبهێنێت ئەو وڵاتە توانای هەستانەوەی نەبێت، یاخود دەیەوێت سیناریۆی هێرۆشیما لە ئێران دووبارە بکاتەوە.
هێرشی سەر هێرۆشیما یابانی لەوڵاتێکی شەڕکەرەوە بۆ وڵاتێکی جیاوازتر گۆڕی، بۆیە ئەمەریکا دەیەوێت لەم شەڕەدا هێندە زیان بە ئێران بگەیەنێت جارێکی تر بیر لە هەژموونگەری بەسەر ناوچەکەدا نەکاتەوە.
بەجێهێشتنی ئێران بەم دۆخەوە و کۆتایی هاتنی شەڕ، وادەکات ئێران هەوڵی هەستانەوە و خۆبەهێزکردن بدات، بەتایبەت هێشتا دەستبەرداری ئەو ئامانجانەی نەبووە کە پێشتر لەناوچەکەدا کاری بۆ کردوون.
لەکاتێکدا کۆتایی هاتنی شەڕ لەئێستادا بۆ ئەمەریکا قورسە، بەوپێیەی ئێران توانای هەستانەوەی هەیە و جارێکی تریش چوونەوە شەڕ بۆ ئەمەریکا ئاسان نییە، چونکە دیموکراتەکان نزیکن لە گەڕانەوە، ئەمەش وادەکات ترەمپ بیر لەهەنگاوی خێراتر بکاتەوە.

داڕووخانی ئێران؛ ئامانجە گەورەکە

ئەمەریکا و ئیسرائیل دەیانەوێت کاتێک کۆتایی بەشەڕ بهێنن، گەر نەشتوانن ئێران بڕووخێنن یاخود ناچاری خۆڕادەست کردنی بکەن، ئەوا سەرچاوەکانی داهاتی بەجۆرێک خاپور بکەن توانای بەهێزبوونەوەی نەبێت.
دوورگەی خارک سەرچاوەی ناردنە دەرەوەی نەوتی ئێرانە، ئەم دوورگەیە یەکێکە لەو ئامانجانەی ئەمەریکا چاوی لەسەریەتی، تا چیتر ئێران خاوەنی ئابووری بەهێز نەبێت و بۆ بەهێزبوونەوە لێی سودمەند نەبێت.
ئامانجەکانی ئەمەریکا لە رووخانی ئێرانەوە گۆڕاون بۆ دەرهێنانی هورمز لە بن دەستی و کۆنترۆڵکردنی سەرچاوەی وزەکەی، ئەمەش لەپێناو ئەوەی ئێران بەجۆرێک بەجێبهێڵرێت بە دەست گرفتی ئابوورییەوە بناڵێنێت.
دوای هێرشکردنە سەر ئامانجە ئاسمانی و دەریایی و سەربازییەکانی ئێران، بەدوور نازانرێت لەمەودوا پایەکانی دەوڵەت بکرێنە ئامانج، کە خۆی لەسەرکردە سیاسییەکاندا دەبینێتەوە.
بۆیە پێدەچێت هێرشەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل لەمەودوا چڕتربن، ئەمەش لەپێناو کورتکردنەوەی وادەی شەڕ و هەوڵدان بۆ زیانگەیاندن بە پایەکانی دەسەڵاتی ئێران و داڕووخانی ئابوورییەکەی.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو