قەیرانی باڵیۆزی ئێران لە لوبنان یان قەیرانی دیپلۆماسی نێوان لوبنان و ئێران؟
٣١ ئازار ٢٠٢٦ - ٧:١٤ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
وەزارەتی دەرەوەى لوبنان لە بەیاننامەکەیدا لە ٢٤/٣/٢٠٢٦ بریاری دەرکردنی محەمەد ڕەزا شەیبانی باڵوێزی ئێرانی لە لوبناندا و بە (کەسی نەخوازراو Persona Non Grata ) ناساند, چونکە شەیبانی چەندین جار کۆبونەوەى لەگەڵ لایەنە ناوخۆیەکانی لوبنان ئەنجام داوە بەبێ ئاگادارکردنەوە و هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەى لوبنان، ئەمەش بە دەستێوەردان لە کاروبارى ناوخۆی لوبنان ناودەبات. وەک ئاشکرایە لە رابردوودا بالوێزخانەى ئێران لە بەیروت ئەم مامەڵانەى بە ئاشکرا لەگەڵ هێزە ناو خۆییەکانی لوبنان بێ رەزامەندنی وەزارەتی دەرەوەى لوبنان ئەنجام داوە, هۆکارى نیگەرانی لوبنان لەم کاتەدا گۆرانی بەرچاوی هێزی ئێرانیە لە رۆژهەڵاتی ناوەراست. ئەم ڕاپۆرتە شیکارییە هەوڵ دەدات لە ڕەهەندە یاساییەکان ولێکەوتە سیاسییەکانی ئەم ململانێیە بکۆڵێتەوە.
لەرووی یاسایی نێودەوڵەتیەوە مامەڵەکردنی شەیبانی بەدەر لە ئاگاداری وەزارەتی دەرەوەى لوبنان پێشلکاریەکی روونی رێکەوتنامەى ڤێینایە, چونکە مادەى ٤١ جەخت دەکاتەوە کە دیپلۆماتکاران دەبێت ڕێز لە یاساکانی دەوڵەتی خانەخوێ بگرن و دەست لە کاروباری ناوخۆ وەرنەدەن. لەلایەکی تریشەوە لە زانستی دیپلۆماسیدا، وەزارەتی دەرەوە تاکە دەروازەی فەرمییە بۆ هەر جۆرە پەیوەندییەک. کاتێک باڵوێزێک ئەمە دەبەزێنێت، وەک ئەوە وایە دان بە بوونی سەروەرى دەوڵەتدا نەنێت و ڕاستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ ئەکتەرە نادەوڵەتییەکان (حیزبوڵای لوبنانی) بکات, وەک لە بەیاننامەکەدا هاتوە ئەمە پاڵنەرى سەرەکی بووە کە لوبنان بڕیاری دەرکردنی باڵوێزەکەى ئێرانی دا .
لە ڕووی یاسای نێودەوڵەتییەوە، پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان بە پشت بەستن بە (ڕێککەوتننامەی ڤیێنا بۆ پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان ١٩٦١) بەڕێوە دەچن. ماددەی ٩ی ئەم ڕێککەوتننامەیە مافێکی ڕەها دەداتە دەوڵەتی خانەخوێ (لوبنان) کە لە هەر کاتێکدا بێت و بەبێ ڕوونکردنەوە، دیپلۆماتکارێکی بیانی وەک (کەسی نەخوازراو Persona Non Grata )بناسێنێت.
شایەنی ئاماژە بۆ کردنە کاتێک وەزارەتی دەرەوەی لوبنان باڵوێزەکەی ئێران وەک کەسی نەخوازراو ناساند ئەوا مانایی کۆتایی هاتنی پەیوەندی دیپلۆماسی نیە لە نێوان لوبنان و ئێران، بەڵکو لە ڕووی یاساییەوە تەنها شەیبانی سیفەتی دیپلۆماسی لە دەست داوە. لێرەدا خاڵە هەرە گرنگەکە ئەوەیە وەزارەتی دەرەوەى لوبنان رۆژی ٢٩/٣/٢٠٢٦ وەک دوا مۆڵەت بۆ شەیبانی دیاری کرد کە لوبنان بەجێ بهێڵیت, ئەمەش واتایی ئەوەیە لە دوای تەواوبوونی مۆڵەتەکە، شەیبانی لە ڕووی یاسای لوبنانی و نێودەوڵەتییەوە تەنها هاووڵاتییەکی بیانییە خاوەنی هیچ پارێزبەندیەک نیە لە دوای ئەو بەروارە. کەچی ئەمرۆ وەزارەتی دەرەوەى ئێران لە زارى ئیسماعیل بقانی وتەبێژەکەیەوە رایگەیاند باڵوێزەکەیان بەردەوامە لە سەرکارەکەی لە لوبنان.
گرنگترین و مەترسیدارترین ڕەهەندی ئەم قەیرانە، کاردانەوەی ناوخۆیی لوبنانە کە دابەشبون لەم پرسەدا رویداوە, چونکە ئێران رایگەیاندوە کە باڵوێزەکەیان لوبنان جێناهێڵێت و لەسەر کارەکەی بەردەوام دەبێت لە سەرداوای نەبیهـ بەری سەرۆکی پەرلەمانی لوبنان و حیزبوڵڵای لوبنانی , ئەمە لە کاتێکدا تەنها وەزارەتی دەروە تایبەتمەندە بەم پرسە.
مێژوو چەند نموونەیەکی هاوشێوەی تێدایە، بەڵام جیاوازییەکە لە "ئەنجامەکان"دایە:
1. قەیرانی لەندەن و لیبیا (١٩٨٤): دوای کوژرانی پۆلیسێکی بەریتانی لە بەردەم باڵوێزخانەی لیبیا، بەریتانیا هەموو دیپلۆماتکارانی لیبیای دەرکرد. قەزافی سەرەتا سوور بوو لەسەر نەڕۆیشتن، بەڵام بەریتانیا گەمارۆی باڵوێزخانەکەی دا و ڕایگەیاند کە پارێزبەندییان دەشکێنێت. دواجار لیبیا ناچار بوو پاشەکشە بکات بۆ ئەوەی دیپلۆماتکارەکانی دەستگیر نەکرێن.
2. ڤەنزوێلا و ئەمریکا (٢٠١٨): کاتێک مادورۆ فەرمانی دەرکردنی دیپلۆماتکارانی ئەمریکای دا، واشنتۆن وتی مادورۆ شەرعییەتی نییە و ناڕۆین. بەڵام دوای چەند ڕۆژێک، ئەمریکا بۆ پاراستنی گیانی کارمەندەکانی ناچار بوو بیانکشێنێتەوە.
جیاوازیی لوبنان لەم نموونانە ئەوەیە کە لە بەریتانیا و ڤەنزوێلا، دەسەڵاتێکی ناوەندیی یەکگرتوو هەبوو کە بڕیارەکەی جێبەجێ دەکرد، بەڵام لە لوبنان دەسەڵات دابەش بووە ولە هەمانکاتدا ئێران رۆڵ وکاریگەریەکی فراوانی بەسەر سیاسەتی لوبنان هەیە.
لەرووی لێکەوتەى سیاسیەوە مانەوەی شەیبانی لە بەیروت، چەندین لێکەوتەی لەسەر لوبنان دەبێت:
١. داڕمانی شکۆی و سەروەرى دەوڵەت : ئەم قەیرانە دیپلۆماسیە تاقیکردنەوەیەکی گرنگە بۆ شکۆ و سەروەرى چونکە ئەگەر چارەسەر نەکرێت ئەوا بە پێی پێوەرە سیاسیەکان لوبنان پارسەنگی سەروەرى خۆی لە دەستاوە چ لە ئاستی ناوخۆی یان دەرەکی.
[31/03/2026 7:07 PM] Mohammed Mahmood: ٢. ئیفلیجبوونی پەیوەندی دیپلۆماسی: لە ڕووی پراکتیکییەوە، شەیبانی ئیتر ناتوانێت کاری باڵوێز بکات, چونکە ئەو ناتوانێت بچێتە کۆشکی سەرۆکایەتی یان حکومەت، بەهۆی ئەوەى وەک "کەسێکی نایاسایی" لەلایەن دەوڵەتی لوبنانەوە دەناسرێت.
سەرئەنجام ئەمەش لێکەوتەی خراپی دەبێت لە پەیوەندیە دیپلۆماسیەکانی نێوان بەیروت وتاران.
لە ڕووی یاساییەوە، لوبنان دەتوانێت پەنا بۆ ئەم ڕێکارانە ببات بۆ وەڵامدانەوەی ئەم سەرکێشییە:
- شکاندنی پارێزبەندی کەسی لە دەرەوەی باڵوێزخانە: لوبنان دەتوانێت بە ڕەسمی ڕایبگەیەنێت کە هەر کاتێک شەیبانی لە بینای باڵوێزخانە هاتە دەرەوە، وەک هاووڵاتییەکی ئاسایی بیانی کە ڤیزای نییە دەستگیر دەکرێت و دیپۆرت دەکرێتەوە.
- پچڕانی یەکجاری پەیوەندییەکان: ئەمە توندترین بژاردەیە کە دەبێتە هۆی داخستنی تەواوی باڵوێزخانەکەی ئێران کە بە دڵنیایەوە لە روانگەى بنەمای (مامەڵەی هاوشیوە) ئێرانیش باڵوێزخانەى لوبنان لە ئێران دادەخات.
دەرئەنجام ئەم قەیرانە دیبلۆماسیە ، جارێکی تر ئەو ڕاستییە تاڵەی دەرخستەوە کە لوبنان بەدەست "دوانەیی دەسەڵات"ەوە دەناڵێنێت. لە لایەک وەزارەتی دەرەوە دەیەوێت بەپێی ڕێککەوتننامەی ڤیێنا پارێزگاری لە سەروەریی وڵات بکات، لە لایەکی ترەوە هێزە نافەرمییەکان کار بۆ چەسپاندنی هەژموونی دەرەکی دەکەن. لەلایەکی تریشەوە ڕەتکردنەوەی جێهێشتنی لوبنان لە لایەن شەیبانیەوە ، دەبێتە پێشینەیەکی مەترسیداری دیپلۆماسی.