دورگەی خارگ هێزی ئەمەریکا دەباتە ژێر چەپۆکی ئێران
٣١ ئازار ٢٠٢٦ - ٧:١٨ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
بەپێی میدیا بەریتانییەکان، هەوڵەکانی ئەمەریکا بۆ کۆنترۆڵکردنی دورگەی خارگ کە ناوەندی سەرەکی ناردنە دەرەوەی نەوتی ئێرانە، لەڕووی ئابوورییەوە گوشار لەسەر ئێران دروست دەکات، بەڵام ئەمەریکاش بۆ "شەڕێکی بێ کۆتایی" پەلکێش دەکات.
میدیای بەریتانی دەڵێت، یەکێک لە سیناریۆکان نزیکبوونەوەی هێزەکانی ئەمەریکایە لە دورگەی خارگ لەرێگەی فڕۆکەوە، بەڵام ئەم هێزانە لەکاتی دابەزیندا دەکەونە ژێر چەپۆکی هێزە ئێرانییەکان.
هێرشی ئەمەریکا بۆ سەر دورگەی خارگ ئێران دەخاتە بەردەم چەند بژاردەیەکەوە، ئەویش لەناوبردنی دامەزراوە نەوتییەکان یاخود بەرەنگاربوونەوەی قورسی هێزەکانی ئەمەریکا، یان رێگەدانە بە ئەمەریکا بۆ کۆنترۆڵکردنی بڕبڕەی پشت ئابووری وڵاتەکەی.
چاوەڕوان دەکرێت لەچەند هەفتەی داهاتوودا پلانەکانی ئەمەریکا بۆ دورگەی خارگ روونتر ببنەوە، ئەو دورگەیەی کە 90%ی نەوتی ئێرانی لێوە هەناردەی دەرەوە دەکرێت.
د. سەردار عەزیز، لێکۆڵەری نێودەوڵەتی، دەڵێت: ئەمەریکا دەیەوێت سەرچاوەی دارایی ئێران بکاتە ئامانج، بۆ ئەوەی رژێمەکە بەجۆرێک لاواز ببێت توانای هەستانەوەی نەبێت.
ئەمەریکا ژمارەیەکی زۆر سەربازی سەر بەهێزی ئاسمانی رەوانەی ناوچەکە کردووە، گومان دەکرێت جوڵەی ئەو هێزانە بە ئاراستەی دورگەی خارگ بێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا بژاردەی دانوستان لە ئارادایە.
لە ئەگەری کۆنترۆڵکردنی دورگەی خارگ دا لەلایەن ئەمەریکاوە، جگە لەوەی ئێران لەرووی ئابوورییەوە تەواو لاواز دەبێت و کۆنترۆڵی ناردنە دەرەوەی نەوتەکەی دەکەوێتە دەست واشنتۆن، هاوکات دۆخەکە بە ئاراستەی شەڕێکی قورستر یاخود دانوستان دەڕوات.
جوڵەی هێزەکانی ئەمەریکا بە ئاراستەی دورگەی خارگ بەشێکە لە فشارەکانی سەر ئێران بۆ کردنەوەی گەروی هورمز، ئەمە جگە لەوەی ئەمەریکا لەو رێگەیەوە دەتوانێت دەستی بگات بە کلیلی رێڕەوە ئاوییە گرنگەکە.
ناردنی هێزی زەمینی لەلایەن ئەمەریکاوە بۆ سنورەکانی ئێران زەمینە بۆ فراوانبوونی شەڕ خۆشتر دەکات، بەو پێیەی هێزەکانی ئەمەریکا ڕووبەڕووی مەترسی گەورەتر دەکاتەوە و لەژێر چەپۆکی ئێران نزیکتریان دەکاتەوە.
بەرپرسانی ئەمەریکا نایشارنەوە، ناردنی هێزی زەمینی مەترسیدارە بۆ هێزەکانیان، ئاماژە بەوەش دەکەن ئەمەریکا دەتوانێت دورگەی خارگ کۆنترۆڵ بکات، بەڵام گرفتە گەورەکە پارێزگاری کردنە لە خارگ لەژێر هێرش و فشاری ئێراندا.