هێرشەکان چڕتر دەکاتەوە؛ ئیسرائیل تاکتیکی شەڕ دەگۆڕێت
٣١ ئازار ٢٠٢٦ - ٧:٢١ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
ئیسرائیل هێرشکردن بۆ سەر دامەزراوە ئابوورییەکانی ئێرانی چڕتر دەکاتەوە ، ئەمەش لەچوارچێوەی پلانێکی گشتگیردا بۆ لاوازکردنی سەرچاوەی ئابووریی ئەو وڵاتە.
ئیسرائیل هێرشی ئاسمانی بۆ سەر کارگەکانی ئاسن و پۆڵا و شوێنە پیشەسازییەکانی دیکە لە نێویاندا کارگەکانی پۆڵا دەستپێکردووە. ئێران ئەمە بە هەڵکشانێکی مەترسیدار وەسف دەکات و هەڕەشەی ئەوە دەکات شەڕەکە بەرەو ئاست و قۆناغێکی نوێ ببات.
هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئەو دامەزراوانە ورد و بەدیقەت بوون، دوو گەورەترین وێستگەی ئاسن و پۆڵای ئێرانی کردە ئامانج: یەکەمیان کارگەیەکی پۆڵا لە پارێزگای خوزستان و دووەمیان کارگەی پۆڵاینی ئەسفەهان کە گەورەترین بەرهەمهێنەری ئاسنە لە ئێران.
ئیسرائیل ناوچە پیشەسازییەکانی ناوچەی قەزوینیشی بۆردومان کرد، ئەمەش ئەو گومانەی دروستکردووە ئیسرائیل بیەوێت ژێرخانی ئابووریی تاران خاپور بکات.
ئەو پیشەسازییانەی لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە لە ئێران کراونەتە ئامانج، بەشێکیان بۆ بەرهەمهێنانی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان سودیان لێوەردەگیرێت. ساڵانێکە ئەم پیشەسازییە وایکردووە ئێران بتوانێت فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بە تێچووی کەم بەرهەم بهێنێت.
هێرشی تاکتیکی
ئەم هێرشانە کە بە گۆڕانکاری چۆنایەتی لە شەڕەکەدا دەبینرێت، بەوپێیەی توانای ئێران لە بەرهەمهێنانی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان لاواز دەکات، وایکرد ئێران هەڕەشەی تۆڵەکردنەوە و بەئامانج گرتنی کەرتی پیشەسازی ئیسرائیل و وڵاتانی تر بکات.
شارەزایان و توێژەرانی سەربازیی دەڵێن، بەئامانج کردنی دامەزراوە پیشەسازییەکان تاکتیکێکی کۆنە بەڵام کاریگەرە، تاکتیکێک هاوپەیمانان لە جەنگی جیهانی دووەمدا بەکاریان هێنا بۆ پەکخستنی توانای ئەڵمانیا لە دروستکردنی چەکی پێشکەوتوو.
گرژی زیاتر
ئیسرائیل هەوڵدەدات فشارە سەربازییەکان بۆ سەر ئێران زیاتر بکات دوای کوشتنی ژمارەیەک لە سەرکردە دیارەکانی ئەو وڵاتە، ئەمەش لەکاتێکدایە ئاماژە بە ئەگەری هێرشی زەمینی ئەمەریکا دەکرێت.