موجاهیدینی خەلق جوڵە دەکات؛ ئێران دوو ئەندامی ئەو رێکخراوە لە سێدارە دەدات
٣١ ئازار ٢٠٢٦ - ٧:٢٤ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
ئێران لە سێدارەدانی دوو کەسی تری بە تۆمەتی ئەندام بوون لە رێکخراوی موجاهیدینی خەلق لەسێدارەدا، دوای ئەوەی تۆمەتبار کرابوون بە هەوڵدان بۆ نانەوەی ئاژاوە لەنێوخۆی وڵاتەکە.
ئەو دوو کەسە تۆمەتبارکرابوون بە هەوڵدان بۆ "هاندانی ناڕەزایەتی و کاری تێکدەرانە”، بە ئامانجی ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی.
ڕۆژی دووشەممە، دەسەڵاتدارانی ئێران لەسێدارەدانی دوو کەسی دیکەیان ڕاگەیاند، بە تاوانی ئەندامێتی هەمان رێکخراو و هەوڵدان بۆ ڕووخاندنی حکومەت.
ئێران لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕەوە ژمارەیەک کەسیتری لە سێدارە داوە. لە 19ی ئازاردا، ئێران سێ کەسی لە سێدارە دا کە تۆمەتبار بوون بە کوشتنی ئەفسەرانی پۆلیس لە کاتی ناڕەزایەتییە بەرفراوانەکاندا.
جوڵەی موجاهیدینی خەڵق لەناوخۆی ئێران لەکاتێکدایە، ئەو رێکخراوە جگە لەوەی نەیاری سەرسەختی دەسەڵاتدارانی ئێرانە، هاوکات ململانێی توند و مێژوویی لەگەڵ رەزا پەهلەویشدا هەیە.