ناوچەکە لەبەردەم گۆڕانکاریی خێرادایە؛ دەستەی سەرپەرشتی پرۆژەی نەتەوەیی داوای ئامادەکاریی دەکات
٣١ ئازار ٢٠٢٦ - ٧:٢٥ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
دەستەی کاتی سەرپەرشتی پرۆژەیی نەتەوەیی رایدەگەیەنێت، ناوچەکە بە گۆڕانکاری خێرا و كاریگەردا تێدەپەڕێت، ئەگەر هەیە بەشێک لەم گۆڕانكارییانە دەرفەتێکی مێژوویی بۆ کورد بڕەخسێنن، کە لە سەد ساڵی ڕابردوودا چاوەڕێمان کردووە.
دەستەکە لە راگەیەنراوێکدا دەڵێت: ئێمە وەك دەستەیەكی فراوان لەتوێژە جیاجیاكانی کوردستانیان، لە ئاستی ناوخۆ و دیاسپۆرا، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا پڕۆژەیەكی یەکدەنگی نەتەوەییمان ڕاگەیاند. لە ڕاگەیاندنەکەدا ئەم شەش خاڵەمان بە بنەما گرتووە:
١. هەوڵدان بۆ بنیاتنانی گوتارێکی نیشتمانی هاوبەش، گوتارێکی شارستانیانە كە زیاتر بچێتە خزمەتی پرسی نیشتمانی و ڕێزگرتن لە ماف و ئازادی گەلان و بەیەکەوە ژیان.
٢. دوورکەوتنەوە لە ململانێی نادروستی سیاسی، کاڵکردنەوەی کێشە نێوخۆییەکان و تێپەڕاندنی بەرژەوەندی بچووک و تەسکی حیزبی، سیاسی و ئایدیۆلۆژی.
٣. بەرژەوەندی باڵای نەتەوەیی و نیشتمانی بکرێتە چەقی کاری سیاسی هاوبەش. هەوڵدان بۆ دوورکەوتنەوە لە هەر گوتارێکی پەڕگیری ئایدیۆلۆژی و توندڕەوی نەتەوەیی، کە خزمەت بە پرسی گەلی کورد نەکات.
٤. دروستکردنی ناوەندێکی هاوبەشی نیشتمانی بۆ گفتوگۆ و هەڵسەنگاندنی دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەو دەوڵەتانەی کوردستانیان بەسەردا دابەش کراوە، ئاراستەی ململانێ و جەنگ بەرەو کوێ دەڕوات، کورد چی بکات، بەرژەوەندییەکانی گەلی کورد لە کام گۆشەی ململانێکاندا دەبینرێتەوە.
٥. پێکهێنانی دەستەیەکی نیشتمانی هاوبەش بۆ کاری سیاسی و دیپلۆماسی، پەیوەندی و گفتوگۆ لەگەڵ ناوەندە بڕیار بەدەستەکانی دنیا و ڕوونکردنەوەی دیدی هاوبەشی کوردی بۆ دۆخی ناوچەکە و مافەکانی کورد.
٦. هەوڵدان بۆ دروستکردنی چەترێکی نیشتمانی بۆ کاری هاوبەش، گفتوگۆ و ڕووبەڕووبوونەوەی قەیران و مەترسییە سیاسی، ئابووری، ئەمنی و کۆمەڵایەتییەکان. بەر لەوەی مەترسییەکان بگەنە نێو ماڵەکانمان، پلان و بەرنامەی ئەگەری ڕوودانیان، ڕووبەڕووبوونەوەیان دابنێین.