قەیرانی وزە؛ مەترسی فراوانبوونی ئاڵۆزییەکان لە هورمزەوە بۆ بابولمەندەب
٣١ ئازار ٢٠٢٦ - ٧:٢٦ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
نرخی وزە لە بازاڕەکانی جیهاندا تا دێت بەرزتر دەبێتەوە بەهۆی داخستنی گەروی هورمز لەلایەن ئێرانەوە، ئەگەری تێوەگلانی حوسییەکانیش لەشەڕدا مەترسی گواستنەوەی ئاڵۆزییەکانی بۆ گەروی بابولمەندەبیش دروستکردووە.
وزە لە دۆخی جەنگدا
شرۆڤەکاران دەڵێن، ئاسایی بوونەوەی دۆخی وزە و گەڕانەوەی نرخ بۆ دۆخی جاران، تەنها ئەوکاتە روودەدات کە گەروی هورمز بکرێتەوە بەڕووی کەشتییەکاندا.
ڕۆژنامەی ۆڵ ستریت جۆرناڵ لە زاری بەرپرسانی ئیدارەی ئەمەریکاوە ڕایگەیاندووە، ترەمپ بە یاریدەدەرەکانی وتووە ئامادەیە کۆتایی بە هێرشە سەربازییەکان بهێنێت، تەنانەت گەر گەروی هورمز بە داخراوی بمێنێتەوە.
پێشتر سەرۆکی ئەمەریکا هۆشداری دابوو ئەگەر تاران ڕێڕەوی هورمز نەکاتەوە، ئەمەریکا وێستگەکانی کارەبا و بیرە نەوتییەکانی ئێران لەناو دەبات.
داخستنی گەروی هورمز لەلایەن ئێرانەوە کە ٢٠٪ ی وزەی جیهانی پێدا تێپەڕ دەبێت، وایکردووە نرخی وزە بەتەواوەتی بەرز ببێتەوە و گرفتی ئابووریشی بەدوای خۆیدا هێناوە.
مەترسییەکان؛ لە هورمزەوە بۆ بابولمەندەب
سەرباری هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕ، بەڵام بێ متمانەیی باڵی بەسەر ناوچەکەدا کێشاوە.
بەپێی ناوەندەکانی توێژینەوە لە هندستان، تەنانەت ئەگەر ئاڵۆزییەکان کەم ببنەوە، دووبارە بونیاتنانەوەی ژێرخانی ئابووریی و وزە کاتی دەوێت، بەهۆی کەمی دابینکردن بەرامبەر بەو خواستە زۆرەی لەسەر وزە هەیە.
هێرشی سەر ئەو کەشتییە نەوت هەڵگرانە بەردەوامە کە دەیانەوێت بە ناوچە دەریاییەکانی نزیک لەشەڕدا تێپەڕن، ئەمڕۆ هێرشکراوەتە سەر کەشتییەک کە هەڵگری دوو ملیۆن بەرمیل نەوت بووە.
حوسییەکانی یەمەن کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێت، ڕۆژی شەممە بە مووشەک هێرشیکردە سەر ئیسرائیل، ئەمەش ترسی زیاتری لە دروستبوونی لەمپەر لە گەروی بابولمەندەبیش هێنایە ئاراوە.
لە ئەگەری دروستبوونی گرفت لە گەروی بابولمەندەب، کە دەریای سوور بە کەنداوی عەدەنەوە دەبەستێتەوە، کێشەی وزە قوڵتر دەبێتەوە، چونکە گەروەکە ڕێڕەوێکی سەرەکی کەشتیوانییە لە نێوان ئاسیا و ئەوروپا لە ڕێگەی کەناڵی سوێسەوە.
سعودیە ڕێڕەوی هەناردەکردنی نەوتی خاوی گۆڕیووە، بەپێی داتاکان، هەفتەی ڕابردوو، هەناردەکردنی نەوتی خاو لە کەنداوەوە بۆ سەر دەریای سوور گەیشتووەتە ٤.٦٥٨ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا، ئەمەش زیادبوونێکی بەرچاوە بەراورد بەو ٧٧٠ هەزار بەرمیلەی لە مانگەکانی یەک و دوودا و لەرۆژێکدا هەناردە کراوە.