هەولێر لەبەردەم هێرشی چڕدا؛ بۆچی راگرتنی دەوامی خوێندنگاکان درێژ کرایەوە؟
١ نیسان ٢٠٢٦ - ٧:٥٤ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
هێرشی چڕی میلیشیا شیعەکان بۆ سەر شاری هەولێر بەردەوامە و ئەمشەو بە ١٠ درۆن هێرشکرایە سەر ئەو شارە، بەپێی وتەی چەند سەرچاوەیەکی ئاگاداریش لەسەر بنەمای زانیاریی راگرتنی پرۆسەی خوێندن درێژکراوەتەوە و کراوە بە دیجیتاڵی.
بەپێی وتەی چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار بۆ پەنجەرە، ملیشیا شیعەکان وەکو پێگەی ئەمەریکا لە هەولێر دەڕوانن، بۆیە بەچڕی هێرشی دەکەنە سەر.
سەرچاوەکان دەڵێن، بەرپرسانی باڵای هەرێم زانیارییان لەبارەی چڕتر کردنەوەی هێرشەکان و تەنانەت ناسنامەی گروپە چەکدارەکان لایە، لەسەر بنەمای زانیاریی راگرتنی خوێندن درێژکراوەتەوە.
درۆنی میلیشیا شیعەکان ناگات بە پيگە گرنگەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل، ئەمە جگە لەوەی ئێران لە هەندێک جوڵەی پێشووتری حزبە کوردییەکانی رۆژهەڵات توڕەیە، بۆیە هێرشەکان بۆ سەر هەولێر چڕ کراونەتەوە.
پێشتر شوان داودی، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە پەنجەرەی ڕاگەیاندبوو: حکومەتی عێراق دەستی میلیشیاکانی کراوە کرد بۆ وەڵامدانەوەی ئەمەریکا، ئەمەش بە واتای ئازاد کردنیان دێت بۆ هێرشکردنە سەر کورد.