فیرقەی 82ـی سوپای ئەمەریکا؛ ئەو هێزەی ئەرکی جێبەجێکردنی پلانە سەربازییە قورسەکانی لە ئەستۆدایە و بۆ شەڕی ئێران جوڵەی پێکرا
١ نیسان ٢٠٢٦ - ٧:٥٧ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
رەوانەکردنی سەربازانی فیرقەی 82ـی سەر بە هێزی ئاسمانی ئەمەریکا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، مەترسی ئاڵۆزتربوونی دۆخەکە و ئەنجامدانی هێرشی زەمینی سنورداری بۆ سەر ئێران بەدوای خۆیدا هێناوە.
ئەو هێزەی ئەمەریکا رەوانەی ناوچەکەی دەکات، سەربازی دەستەبژێری هێزی ئاسمانی سەربە فیرقەی 82ـن، ئەم فیرقەیە لە ساڵی 1917 دروستکراوە کاتێک ئەمەریکا چووە ناو جەنگیی جیهانییەوە.
فیرقەی 82ـی سوپای ئەمەریکا لە هێرشی سەر یابانەوە تا ئەنجامدانی چالاکی سەربازی لە چەندین وڵات رۆڵی گێڕاوە، بە درێژایی 80 ساڵی سەدەی رابردوو، ئەرکی جێبەجێکردنی پلانە سەربازییە قورسەکانی لە سەرانسەری جیهاندا جێبەجێکردووە.
دوای داگیرکردنی کوەیت لەلایەن رژێمی بەعسەوە لەساڵی 1990، فیرقەی 82 رەوانەی سعودیە کرا بۆ رووبەڕووبوونەوەی سوپای ئەوکاتەی عێراق، هێزەکە پێشوەخت مەشقی پێکرابوو لەبارەی چۆنیەتی شەڕکردن لەناوچە بیابانەکان و راماڵینی سوپای بەعسدا.
رەوانەکردنی بۆ بەغدا و ئەڤغانستان
فیرقەی 82 راهێنانی پێشوەختی لەبارەی خۆپاراستن لە چەکی کیمیاویی و تاکتیکی دژە تانک و ڕووبەڕووبوونەوەی راستەوخۆ پێکرابوو، دروشمەکەیان بریتی بوو "رێگەی ماڵەوە بە بەغداد"دا تێپەڕ دەبێت.
دوای بۆردومانێکی چڕی ئاسمانی سوپای عێراق و لەبەریەک هەڵوەشاندنەوەی سوپاکە، شەڕی زەمینی دژی عێراق دەستیپێکرد و فیرقەی 82 لەقوڵایی خاکی عێراقدا دەستی بە چالاکی کرد.
بەپێی ماڵپەڕی سوپای ئەمەریکا، لەشەڕێکی زەمینیدا کە 100 کاتژمێری خایاندووە، فیرقەی 82 دەستی بەسەر چەندین تۆن کەرەستە و چەک و تەقەمەنی سوپای عێراقدا گرتووە، ئەمەش دوای ئازادکردنی کوەیت لە ساڵی 1991.
دوای 11 سێپتپمبەری ساڵی 2001 و پاش پەیامەکەی جۆرج بۆش بۆ دەستپێکردنی شەڕ لە دژی تیرۆر، فیرقەی 82 رەوانەی ئەڤغانستان کرا، وەکو هەنگاوی یەکەم بۆ جێبەجێکردنی پلانی کۆتاییهێنان بە حوکمی بزووتنەوەی تاڵیبان.
بوونی ئەم هێزە لەناوچەکەدا بەردەوامبوو، تا ساڵی 2003 ئەوکاتەی پلانی هێرشکردنە سەر عێراق و کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی رژێمی بەعس خرایە بواری جێبەجێکردنەوە.
ئەم هێزە دوای رووخانی رژێمی بەعسیش تا ساڵی 2004 لە عێراق مایەوە، دواتر گەڕێنرایەوە بۆ بنکە سەرەکییەکانی لەویلایەتی کارۆلینای باکور لە ئەمەریکا.
پاشان جارێکی تر هێنرایەوە بۆ عێراق بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەو شەڕە تایەفییەی لە نێو وڵاتەکەدا سەریهەڵدا، هەروەها بەشێکی تری هێزەکەش رەوانەی ئەڤغانستان کرا، لە ئەڤغانستان مایەوە تا ئەوکاتەی بە بڕیارێک کشێنرایەوە و بزووتنەوەی تاڵیبان وڵاتەکەی کۆنترۆڵ کردەوە.
ئیدارەی ئەمەریکا شانازی بە فیرقەی 82 دەکات لەو رۆڵەی دژی داعش لە چوارچێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیدا گێڕاویەتی، بەو پێیەی ئەم هێزە بەشداربوو لە ئۆپەراسیۆنە ناوازەکاندا دژی ئەو رێکخراوە.
فیرقەی 82 لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست
بوونی فیرقەی 82ـی سوپای ئەمەریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نوێ نییە، بەڵام هەرکاتێک لەناوچەکە جوڵە بەم هێزە کرا وەکو ئاماژەیەک بۆ روودانی شەڕ و ئاڵۆزی لێکدەدرێتەوە.
ئەم هێزە کاتێک جوڵەی پێدەکرێت و بەرە و ئامانجەکان رەوانە دەکرێت، گفتووگۆ و دانوستانەکان شکست بهێنن و ئەگەری هەڵگیرسانی شەڕ ببێتە بژاردەی سەرەکی ئەمەریکا.
ناردنی فیرقەی 82 بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەلایەن ئەمەریکاوە لە ئێستادا ترس و گومانی بەدوای خۆیدا هێناوە، بەوەی ئەنجامدانی هێرشی زەمینی و دابەزینی ئاسمانی یەکێک بێت لە بژاردەکانی ئەمەریکا دژی ئێران.
ناردنی ئەم هێزە بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ترسی لای ئەمەریکییەکان دروستکردووە، بەوەی شەڕی دژ بە ئێران درێژە بکێشێت و لێکەوتەی خراپی دارایی هەبێت لەسەریان.