ئێران یۆرانیۆمە پیتێندراوەکەی چۆن دەشارێتەوە؟
٣ نیسان ٢٠٢٦ - ٨:٢٨ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
بەگوێرەی نوێترین ڕاپۆرتە هەواڵگرییەکان و داتاکانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم، ئێران نەک تەنیا بڕێکی پێوانەیی لە یۆرانیۆمی پیتێندراوی کۆکردووەتەوە، بەڵکو سیستەمێکی ئەندازیاریی وای داڕشتووە کە دۆزینەوە یان لێدانی ئەو کۆگایانە قورس و مەحاڵ بێت.
بەپێی خەمڵاندنەکانی ساڵی ٢٠٢٦، یەدەگی یۆرانیۆمی پیتێندراوی ئێران گەیشتووەتە زیاتر لە ٩٢٥٠ کیلۆگرام. ئەوەی خەوی لە چاوی وڵاتانی ڕۆژئاوا زڕاندووە، بوونی ٤٤٠.٩ کیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێندراوە بە ڕێژەی ٦٠٪. چونکە لە ڕووی تەکنیکییەوە، ئەمە تەنیا هەنگاوێکی کورت و چەند هەفتەیەکی کەم دوورە لە گەیشتن بە پیتاندنی ٩٠٪ کە تایبەتە بە دروستکردنی بۆمبی ئەتۆم.
پسپۆڕان دەڵێن ئەم بڕە یۆرانیۆمە پیتێندراوەی ئێران هەیەتی، بەسە بۆ بەرهەمهێنانی نەک یەک، بەڵکو نزیکەی ١٠ کڵاوەی ئەتۆمی.
ئەوەی جێگەی سەرەنجە ئەوەیە، ئێران هەموو کارەکانی پرۆسەکە لەناوخۆدا دەکات. بەشێوەیەک لە کانەکانی "ساغەند" لە پارێزگای یەزد، بەردی یۆرانیۆم دەردەهێنێت. لە کارگەی ئەردەکان، بەردەکە دەگۆڕدرێت بۆ مادەی "کێکە زەردە". دواتر لە ئەسفەهان، ئەم مادەیە دەگۆڕدرێت بۆ گازی (UF6). لە کۆتاییشدا گازەکە دەخرێتە ناو ئامێرە پێشکەوتووەکانی سەنتەرفیوج (وەک IR-6) تا دەگاتە ئەو ڕێژە مەترسیدارەی ئێستا هەیەتی.
ئێران یۆرانیۆمەکەی لەکوێ شاردوەتەوە؟
سورچاوەکان ئاماژە بەوەدەکەن کە ئێران بۆ پاراستنی ئەم سامانە ستراتیژییەی، پەنای بردووەتە بەر قوڵایی چیاکان و دروستکردنی تۆڕێکی ئاڵۆز لە تاقیگە و کۆگای ژێرزەمینی.
دامەزراوەی فۆردۆ لە شاری (قوم)، وەک قەڵایەکی ئەتۆمی وایە، لە ناو جەرگەی چیاکاندا و لە قوڵاییەکی زۆردا دروستکراوە کە هیچ تاقیکردنەوەیەکی سەربازیی ئاسایی ناتوانێت بیهەژێنێت.
هەروەها لە کۆمەڵگەی ئەسفەهان، لەدوای هەڕەشە سەربازییەکانی ساڵی ٢٠٢٥، بەشێکی زۆری یۆرانیۆمە پیتێندراوەکە گواستراوەتەوە بۆ ناو تونێلە نوێ و قایمکراوەکانی ئەم ناوچەیە.
ئەمە جگە لەوەی ناوەندی نەتەنز، وەکو گەورەترین کارگەی سەنتەرفیوجەکان کاردەکات، ئەگەرچی بەهۆی هێرشەکانی ساڵی پارەوە بەشێکی زۆری تێکدراوە.
بۆچی ناتوانرێت ئەم یۆرانیۆمە بدۆزرێتەوە؟
ئەمە گرنگترین پرسیارە کە ڕەنگە هەموومان بیکەین: بۆچی ئەمەریکا و ئیسرائیل بەو توانا تەکنەلۆژیی و سەربازیی و سیخوڕییە گەورەیەی هەیانە، لەپاڵ مانگە دەستکردەکان و هەستەوەرە پێشکەوتووەکان، ناتوانن شوێنی وردی یۆرانیۆمەکە دیاری بکەن؟
وەڵامەکە لەڕوویەکەوە پەیوەستە بە زانستەوە و لەڕوویەکی تریشەوە بە وردەکاریی ئێرانەوە.
لە زانستی فیزیادا یۆرانیۆم تیشکدانی "ئەلفا" دەردەکات، کە تیشکێکی لاوازە و تەنانەت کاغەزێک یان چەند سانتیمەترێک هەوا دەتوانێت ڕێگری لێ بکات. هەربۆیە بە هەستەوەری ئاسایی ناتوانرێت بزانرێت ئەم شوێنی یۆرانیۆمی لێیە.
ئەمە جگە لەوەی ئێران یۆرانیۆمەکە لە ناو بوتڵی پۆڵاینی ئەستووردا دەخاتە ناو قاوغی قوڕقوشم و کۆنکرێت، پاشان لە قوڵایی ١٠٠ مەتری ژێر چیاکاندا دەیشارێتەوە.
هەروەها ئێران سیاسەتی پەرتکردن بەکاردێنێت، واتا وادەردەخات شوێنێک کارگەی بەرهەمهێنانی یۆرانیۆمە و کەچی واش نییە. یان یۆرانیۆمەکە دابەش دەکات بەسەر چەندین ناوچەدا و دوای قایمکردنی لەقاوغی قوڕقۆشمی، بەردەوام دەیگوازێتەوە بۆ ئەوەی گومانی لێنەکرێت.
بۆیە ئەگەری دۆزینەوەی ئەو یۆرانیۆمە، پشت بە سێ سەرچاوەی سەرەکی دەبەستێت: یەکەم هەواڵگریی مرۆیی و بوونی سیخوڕ لەناو دەزگا ئەتۆمییەکان،
دووەم مانگە دەستکردە گەرمیپێوەکان کە چاودێریی بڕی ئەو گەرمییە دەکەن کە لە دامەزراوە ژێرزەمینییەکانەوە دەردەچێت بەوپێیەی پڕۆسەی ساردکردنەوەی بەردەوامی کۆگاکان، شوێنەوارێکی گەرمی لەدوای خۆی جێدەهێڵێت.
سێیەمیش سیخوڕیی ئەلیکترۆنییە، ئەویش لەڕێگەی هاککردن و دەستبەسەرداگرتنی پەیوەندییەکانی نێوان فەرماندە سەربازییەکان و زانایان بۆ زانینی شوێنی مادەکە.
بەڵام ئەگەر بە تەواوەتی بشزانرێت ئەو مادەیە لە چ شوێنێکە، هێشتا پرسی شێوازی دەستبەسەرداگرتن یان لەناوبردنی کێشەیەکی گەورەیە، چونکە دەستبەسەرداگرتنی لە قوڵایی ئێراندا کە هێشتا ڕژێمەکە بەکارە کارێکی قورسە. هەروەها لەناوبردنیشی لەڕێگەی لێدان لە دوورەوە لێکەوتەی زۆری هەیە کە سەردەکێشێت بۆ کارەساتی ژینگەیی وێرانکەر.