کودەتا بەسەر بەعس دا: چۆن تاهیر حەبوشی کردە دۆستی پارتی
٣ نیسان ٢٠٢٦ - ٨:٣٥ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
تاهر حەبوش سەرۆکی دەزگای هەواڵگیریی سەردەمی بەعس لە شاری هەولێر کۆچی دواییکرد، کە ناوبراو لەدوای رووخانی رژێمی بەعسەوە لە ساڵی 2003ەوە لەو شارە دەژی.
لەتیف فاتیح فەرەج، نوسەر و توێژەری بواری جینۆساید، هۆکاری پەیوەندیی نێوان پارتی و سەرۆکی دەزگای هەواڵگیریی سەردەمی بەعس رووندەکاتەوە و ئاماژە بەوەدەکات مێژووی پەیوەندی نێوانیان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1995.
لەتیف فاتیح فەرەج، بە پەنجەرەی راگەیاند: ساڵی 1995 پارتی و یەکێتی لەگەڵ ئەحمەد چەلەبی بەنهێنی پەیوەندییان لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر فەرماندەی باڵای بەعس دروستکرد، بۆ ئەوەی لەعێراقدا کودەتا ئەنجام بدەن و رژێمی بەعس بڕووخێنن.
ناوبراو دەڵێت: دەزگای هەواڵگیریی ئەمەریکاش بەشێکبوو لە پلانی کودەتاکە و کەسێک بەناوی "بۆب" نوێنەرانی ئەو دەزگایەی دەکرد، پەیوەندیی لەگەڵ یەکێتی و پارتی زۆر باشبوو، دواتر ێنتاگۆن بۆبی ئاگادار کردەوە دەست لە پلانەکە هەڵبگرێت، بەڵام ئەو دەستی هەڵنەگرت و پاڵپشتی هەبوو لەنێو پنتاگۆندا.
بەپێی وتەی لەتیف فاتح فەرەج، یەکێتی لە قۆڵی گەرمیان و کەرکوکەوە هێزی جوڵاندووە، بەڵام پارتی جوڵەی بەهێز نەکرد و بەهەر هۆکارێک بێت تاهیر حەبوشی سەرۆکی دەزگای هەواڵگیریی لە پلانەکە ئاگادار کردەوە.
ئەو وتی: ئەم ئاگادار کردنەوەیە بووە هۆی ئەوەی لە 31 ئابدا حکومەتی عێراق هاوکاری پارتی بکات، لەوکاتەوە پەیوەندیی پارتی لەگەڵ تاهیر حەبوش باشە، بۆیە دوای رووخانی بەعس لە هەولێر نیشتەجێبوو.