شەڕی دژ بە ئێران؛ نرخی پەینی کیمیایی لە هەرێمی کوردستان بەرز دەکاتەوە
٤ نیسان ٢٠٢٦ - ٧:٤٩ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
شەڕی نێوان ئەمەریکا و ئێران نرخی پەینی کیمیایی لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستاندا بەرز کردووەتەوە، بەجۆرێک ئەو دووجۆر پەینەی لە ئێران وتورکیاوە هاوردە دەکرێن نرخەکانیان هەڵکشاوە.
ئەرکان محەمەد، یەکێکە لەو بازرگانانەی کار لە هاوردە کردنی پەینی کیمیایی دەکات، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: ئەو پەینەی لە ئێرانەوە هاوردە دەکرێت و پێیدەوترێت "یۆریا"، پێشتر نرخی هەر تۆنێکی 385 دۆلار بوو، بەڵام ئێستا نرخەکەی بۆ 600 دۆلار بەرزبووەتەوە.
ئەو پەینە کیمیاییەی لە ئێرانەوە هاوردە دەکرێت کاتێک بەکاردەهێنرێت، کە دانەوێڵە پێگەیشتبێت و پەینەکە بەمەبەستی بەهێزکردن و خێرا گەشەکردنی بەکار دەهێنرێت.
ئەرکان وتی: ئەو پەینەی لە تورکیاوە هاوردە دەکرێت بە "داب" دەناسرێت، پێشتر تۆنی بە 820 دۆلار بوو، بەڵام ئێستا نرخەکەی بۆ 980 دۆلار زیادیکردووە.
پەینی کیمیایی هاوردەکراو لە تورکیاوە لەسەرەتای چاندنی بەروبوومی کشتوکاڵی بەکاردەهێنرێت.