ساتەوەختە چارەنووسسازەکان؛ بۆچی دوای "ئیجێکت" دۆزینەوەی فڕۆکەوانەکان قورس دەبێت؟
٤ نیسان ٢٠٢٦ - ٧:٤٩ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
لە جیهانی فڕۆکەوانیی جەنگیدا، ساتەوەختی جێهێشتنی فڕۆکەکە (Ejection) کۆتایی مەترسییەکان نییە، بەڵکو سەرەتای ململانێیەکی سەختە بۆ مانەوە. زۆرینەی خەڵک وا دەزانن کاتێک دوو فڕۆکەوان لە یەک فڕۆکەدا "ئیجێکت" دەکەن، دەبێت لە تەنیشت یەکتر بنیشنەوە، بەڵام ڕاستییە فیزیکی و تەکنیکییەکان جیاوازن.
جیاوازیی چرکەکان و کیلۆمەترەکان
فڕۆکەی جەنگیی F-15E "ستڕایک ئیگڵ" وەک نموونەیەک وەردەگرین؛ ئەم فڕۆکە جەنگییە دوو کابینەی جیاوازی هەیە؛ پێشەوە بۆ فڕۆکەوان و دواوە بۆ ئەفسەری چەک. (WSO) کاتێک بڕیاری فریاگوزاریی و بازدان دەدرێت، پرۆسەکە بەو شێوەیە نییە کە هەردووکیان پێکەوە بفڕن.
بۆ ڕێگریکردن لە بەریەککەوتنی کورسییەکان، سەرەتا ئەفسەری کابینەی دواوە و پاشان بە جیاوازیی کەمتر لە چرکەیەک فڕۆکەوانەکە خۆی فڕێ دەدات.
لێرەدا پرسیارەکە ئەوەیە: کەمتر لە چرکەیەک چ گۆڕانکارییەک دروست دەکات؟
کاتێک فڕۆکەیەک بە خێرایی سەروو ١٢٠٠ کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا دەڕوات، لە خێرایییەکی وادا، تەنانەت ئەو جیاوازییە کەمەی کە لە چرکەیەک کەمترە، دەبێتە هۆی دروستبوونی سەدان مەتر مەودا لە نێوانیان.
فیزیا و با
کاتێک چەترەکان دەکرێنەوە، فاکتەرە ژینگەییەکان هۆکار دەبن. ئاڕاستەی با لە بەرزایییە جیاوازەکاندا و کێشی جیاوازی فڕۆکەوانەکان، وا دەکات هەر یەکێکیان بە ئاڕاستەیەکی جیاوازدا بڕوات.
بەپێی ئامارە سەربازییەکان، زۆرجار مەودای نێوان نیشتنەوەی دوو سەرنشینی یەک فڕۆکە لە نێوان ٥ بۆ ٢٠ کیلۆمەتر دەبێت. ئەم مەودایە لە ناوچەیەکی شاخاوی یان دارستانێکی چڕدا، واتە ونبوونی تەواوەتی لە یەکتر.
جانتای مانەوە؛ تەنها هیوا بۆ ڕزگاربوون
دوای نیشتنەوە، فڕۆکەوان لە کورسییەکە جیا دەبێتەوە و دەچێتە دۆخی "مانەوە" (Survival). ئەو کەلوپەلانەی کە پێیەتی بەزۆری ئەمانە دەگرێتەوە:
- سیستەمی GPS و ڕادیۆی پێشکەوتوو: بۆ پەیوەندی لەگەڵ تیمەکانی گەڕان و ڕزگارکردن (SAR).
- نێرەری فریاگوزاری ٤٠٦ مێگاهێرتز: ناردنی ئۆتۆماتیکی سیگناڵ بۆ مانگە دەستکردەکان.
- ئامێری بینینی شەو و چرا و فڵێر: بۆ ئاماژەدان لە شەو و ڕۆژدا.
- کەرەستەی سەرەتایی: وەک ئاو، خۆراکی کەم، چەقۆ و کیتی فریاگوزاری.
- قیبلەنوما و نەخشەیەکی بچووک.
سیگناڵ؛ بۆچی دۆزینەوەیان کات دەخایەنێت؟
گرنگترین خاڵ کە زۆرجار دەبێتە هۆی دواکەوتنی پرۆسەی ڕزگارکردن، "تاکتیکی بێدەنگی"یە. فڕۆکەوان لە ناوچەی دوژمندا ناتوانێت ئامێرە نێرەرەکانی بە بەردەوامی هەڵبکات، چونکە وەک "فانۆسێکی گەش" وایە بۆ ڕادار و ئامێرەکانی سیخوڕیی دوژمن. فڕۆکەوانەکان ناچارن تەنها لە کاتی پێویست و بە شێوەی کاتی (Intermittent) سیگناڵ بنێرن.
دەرئەنجام:
ئەو مەودا زۆرەی لە کاتی بازداندا دروست دەبێت، لەگەڵ ناچاریی فڕۆکەوان بۆ خۆحەشاردان و بەکارنەهێنانی بەردەوامی ئامێرەکان، وا دەکات یەکێکیان زوو بدۆزرێتەوە و ئەوی تریان سەختربێت، بۆ تیمەکانی ڕزگارکردن.