کەنداو کۆتایی خەونێک
٤ نیسان ٢٠٢٦ - ٧:٥١ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
ساڵانێکی زۆرە وڵاتانی کەنداو بە ئاراستەیەکی تایبەت و ناوازەدا دەڕۆن لە هەناو سیاسەت و ئابوری و ململانێی هێزدا لە دونیادا. وڵاتانی کەنداو گەرچی لە ناو خۆیاندا لە ململانێکی زۆر چڕدان بە تایبەت لە نێوان هەرسێ کەسایەتیە دیارەکانی وەک محمد بن سەلمان، محمد بن زاید لە گەڵ میری قەتەر تەمیم.
کەنداو و مێرگێک لە ئارامی لە دونیایەکی نائارامدا
وڵاتانی کەنداو خەونێکیان هەبوو ئەویش بریتی بوو لە چۆنێتی گواستنەوە بۆ دونیای پاش نەوت، بە سودبینین لە ئابوری نەوت. لەم پێناوەدا هەوڵیاندا خۆیان وەها وێنا بکەن کە ناوازەن یان لە دەرەوەی ڕەوتە سیاسی و ئەمنیەکانی ناوچەکەن. دەکرێت بڵێن ئامانجیان ئەوەبوو کە بگوێزنەوە بۆ بوون بە پانتاییەک جیاواز لە دوەروبەری خۆیان و بوون بە بەشێک لە ئابوری و سیاسەتی جیهانی.
ئەوان هەوڵیان دەدا کە لاوازییەکانیان بگۆڕن بۆ سەرچاوەی هێز. بۆ نمونە دەکرێت بڵێیت شوێنی کەنداو چەندێک ستراتیژییە هێندەش قەیراناوەییە. بەڵام ئەگەر بتوانیت ئاسایش دابین بکەیت ئەوا لاوازی دەبێتە مایەی هێز.
لەم ڕوەوە کەنداو ئامانجیان ئەوەبوو کە لە کاتێکدا پشت بە ئەمریکا دەبەستن لە ڕوی سەربازییەوە، لە هەمانکاتدا بە چڕی لە گەڵ زلهێزەکانی تری وەک چین زۆر لە ڕوی ئابورییەوە پەیوەندی پتەو بکەن. هەروەها بەو ئاستەی دەتوانن سود بە ئێران بگەیەنن، چ لە ڕوی دارایی یان دروستکردنی پەیوەندی یان هەوڵدان بۆ ڕێگریی لە شەڕ. سەرباری ئەمانە لە گەڵ ئیسرائیلدا کرانەوە، لە بەر هۆکاری وەک چڕکردنەوە پەیوەندی لە گەڵ ئەمریکا، دەست گەیشتن بە هۆشمەندی دەستکرد و هەروەها دابینکردنی تەکنەلۆجیای سەربازی لە سەردەمی گۆڕانکاری ئەمریکا بە تایبەتی لە ناوەوە.
هەموو ئەمانە بنەمای ئەو بونیادە دروست دەکەن کە پێی دەڵێن ئەندازەسازیی ئاسایشیی. کرۆکی ئەم ئەندازەسازییە لە هەندێک بنەمادایە: یەکەم کرانەوە بەڕوی هەموان، سود گەیاندن بە هەموان، هەروەها هەوڵدان بۆ هاوسەنگیکردنی نەیارەکان بە یەکتر، لە پێناو مانەوە بە سەقامگیر.
بێگومان ئەم ئەندازەسازییە یان ئارکیتێکچەر، کۆمەڵێل لاوازی هەبوو، یەکەم، ئەو هێزانەی کە دەیخواست ڕازییان بکات، ناتەبایی زۆریان لە گەڵ یەکتردا هەیە. بەو مانایە کەنداو ناتوانێت ناتەباییەکانیان بسڕێتەوە هەرچەندە هەوڵبدات یان ئاراستەی سیاسی و ئەمنیان بگۆڕێت هەرچەندە هەوڵبدات سودیان پێبگەیەنێت. ئەوەی ئەم زیاتر ئاڵۆزدەکات کەنداو نێچیرێکی گەورەیە لە ململانێکاندا، هەتا بکرێت بخرێتە لاوە. بۆیە کەنداو هەمیشە کارتێکی لاوازە و ئاسان بەڵام کاریگەر بوو بۆ هەموان.
خەونی ئابوریی
دەکرێت خەونی ئابوری کەنداو لەو ستراتیژەدا کورت بکەینەوە کە چۆن بە سامانی نەوت بگوێزیتەوە بۆ ئابوری پاش نەوت. کەسێک کە زۆر کاری لە سەر ئەم بوارە کردوە لێکۆڵەرێکی فەلەستینی ئوسترالییە بە ناوی ئادەم هەنییە. ئادەم لە زانکۆی ئێکستەرە، کۆمەڵێک نوسینی لەم بوارەدا هەیە، لە دیدی نیو-مارکسییەوە.
ئەم گواستنەوەیە پرۆسەیەکی چەند ئاست و ئاڵۆزبوو، کە خۆی لە سودبینین لە سامانی سروشتی غاز و نەوت، نەک تەنها وەک سەرچاوەی داهات بەڵکو وەک سەرچاوەی پیشەسازیی، لە بواری پەین، پەترۆکیمیاویی و بواری تردا. کەنداوییەکان توانای ئەمەیان هەبوو، چونکە سەرچاوەی سەرەتایی و سەرمایەیان هەبوو بۆ گەشەدان بەم بوارە. وڵاتانی تری ناوچەکە بۆ نمونە عێراق خاوەن ئەو سەرمایەیە نیە، هەتا بتوانێت بە ئاسانی نەوت لە سامانی سروشتییەوە بگوێزێتەوە بۆ بنەمای پیشەسازیی.
دیارە پیشەسازی بونی ئابوری لە سەر بنەمای نەوت، هەروەها بواری ناڕاستەوخۆشی هەیە. ئەگەر پەینی کیمیاوی و پەترۆ کیمیاوییەکان ڕاستەوخۆ پەیوەستن بە نەوت وت غازەوە، بوارەکانی تری وەک پۆڵا، چیمەنتۆ و ئەڵەمنیوم ناڕاستەوخۆ پەیوەستن، بە تایبەتی بە سودبینین لە بونی وزەی زۆری هەرزان.
کەنداوییەکان بە سودبینین لە داهاتی نەوت و غاز هەوڵی سودبینییان دا لە شوێنیان لە جوگرافیای ئابوری جیهانیدا بە بونیان لە ناوەڕاستی دونیای ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوادا. جێگاکانی وەک بەندەر عەلی و شاری دوبەی و دەوحە و پرۆژەکانی محەمەد بن سەلمان، هەموو لە سەر ئەم بنەمای بەیەک گەیاندنی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوابوو لە هەردوو ئاستی دەریا و ئاسمانیدا. لە هەمانکاتدا بونی پلانی وەک پرۆژەی بەهارات، کە هیڵی شەمەندەفەر و بواری تریش لە خۆی دەگرێت.
وەک دەبینین دەرئەنجامی ئەم پرۆژانە بونی کەنداوە بە بەشێک لە دونیا، لە سیستەمی ئابوری و کۆمەڵایەتی دونیا. ئەمەش خۆی لە بوون بە هەب Hub یان چەقدا دەبینییەوە.
کەنداو و ناسیاسەت
کەنداو لە کاتێکدا لە هەموو بوارەکاندا بەڕوی دونیادا دەکرایەوە، وەک گەشتیاری و کار و بازرگانی و ژیانکردن، بەڵام لە بواری سیاسیدا زۆر بە داخراویی مایەوە. لە کاتێکدا کەنداو بوو بە ناوەندی میدیا و زانکۆ و خانەی بیر، بەڵام هەموو لە ژێر چاودێری وورد و قورشی دەوڵەتدا. ناسیاسییبونی کەنداو خۆی لە دژایەتی کەنداودا دەبینییەوە بۆ دیموکراسیی.
کەنداو نەک هەر دژ بە دیموکراسییە لە ناو وڵاتانی خۆیدا، بەڵکو دژ بە دیموکراسییە لە دەوروبەری خۆیشیدا، چونکە دەترسێت بونی دیموکراسی لە وڵاتانی دراوسێ کاریگەری دەبێت لە سەر دۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی ناوەوە. وڵاتانی ناوچەکە لە عێراەوە بۆ سوریا و لوبنان و میسر و سودان و تونس و ئەوانیتر هەموو باجی ئەم دژایەتییەی دیموکراسی دەدەن.
کەنداو لە چەندین ئاستدا دژ بە دیموکراسییە. سیستەمی سیاسی کەنداو لە سەر بنەمای ناسیاسیبونی خەڵکەکانی بونیادنراوە. دیموکراسی یانی سیاسیبونی خەڵک. ئەمە دژایەتی سەرەکییە. بەڵام هەر ئامادەییەکی خەڵک لە سیاسەتدا مایەی دژایەتییە. بۆیە هەردوو سیستەمی دینی و سیستەمی ئابوری کرێخۆریی، بەم ئامانجە پیادە دەکرێن.
لاوازییەکی بواری توێژینەوەی سیستەمی کرێخۆریی یان ڕێنتییەر، پشتگوێخستنی ڕۆڵی دینە لەم بوارەدا.
پێش ئەوەی بچینە سەر کاریگەری شەڕی ئێران لە سەر هەموو ئەم بوارانە، گرنگە ئاماژە بە بواری هۆشیاریی دەستکرد بکەین. کەنداو زۆر لە هەوڵی ئەوەدایە کە لەم بوارەدا پێشەنگ بێت چونکە وزەی هەرزانی هەیە و وەهای دەبینێت کە کرۆکی ئابورییە لە داهاتودا. مۆدێلی چینی وانەیەکی بە جیهاندا، ئەویش ئەوەیە کە هەرگیز ناتوانیت لە بوارێکدا ڕکەبەریی بکەیت کە ئەوانیتر کۆنترۆڵیان کردوە. بەڵکو باشترە لەو بوارانە ڕکەبەریی بکەیت هێشتا کۆنترۆڵ نەکراوە. ئەمە لە بواری پیشەسازیی ئۆتۆمبێلدا زۆر زەقبوو لە چین. بەڵام لە کەنداو لە بواری ئەی ئایدا.
ئێران و مۆتەکەی کۆتایی
وەک ئەو ڕاڤەی سەرەوە ڕونی دەکاتەوە، کەنداو لە پرۆسەیەکی چەند ئاستی گواستنەوەدا بوو. ئەم پرۆسەیە پێویستی بە سەقامگیریی و بەردەوامی کرانەوەی ئابوری جیهانی بوو. ئێران هەمیشە مەترسییەک بوو بۆ ئەم دۆخە مۆلەقە، بۆیە کە ئەمریکا و ئیسرئیل هێرشیان کردە سەر ئێران، ئێران کۆتایی بە سەقامگیریی و ناوازەیی کەنداو هێنا. لە هەمانکاتدا کۆتایی بە مسۆگەرکردنی ئاسایشی پشت بەستن بە ئەمریکا هێنا. بەڵام لە هەمووی مەترسی تر، ترسێکی دروست کرد کە بوارە هەستیارەکانی وەک هۆشیاری دەستکرد و بوارەکانی تری پەیوەست نەتوانن بەبێ ترس بیر لە پرۆژەکانی دهاتویان بکەنەوە.
ئێران کەنداو وەک کۆمەڵێک وڵاتی دراوسێ نابینێت و مامەڵەیان ناکات، بەڵکو وەها مامەڵەیان دەکات کە لە دڵی ئابوری و وزەی جیهاندابن، ئەمەش وەها دەکات ببن بە کارتێکی باشی ئێران بۆ فشار کە سەر ئابوری و وزە و خۆراکی جیهانیی.
هەستانەوەی کەنداو، بە ئاسانی نابێت. لە سەروی هەمویەوە، سەرباری بونی توانایەکی زۆری ئابوری، بژاردەکان لە دەستی وڵاتانی کەنداودا نیە، بەڵکو لە دەست ئەوانیتردایە.کەنداو ناچار دەبێت بە ملکەچی زیاتر بۆ بەهێزەکان، پەنابردنە زیاتری بواری سەربازیی، لە دەستدانی هیوا بە بێلایەنی و ڕازیکردنی هەموان.