وڵاتانی کەنداوی عەرەبی؛ بارمتەی شەڕ
٥ نیسان ٢٠٢٦ - ٨:٢٦ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
لەکاتێکدا وڵاتانی کەنداوی عەرەبی بە فەرمی نەبوون بە بەشێک لەو شەڕەی ناوچەکەی گرتووەتەوە، بەڵام بەهۆی بەکارهێنانی خاک و ئاسمانەکەیان لەلایەن ئەمەریکاوە و موشەک باران کردنیان لەلایەن ئێرانەوە، زۆرترین زیانیان لێکەوتووە.
بەشێک لە شرۆڤەکارانی عەرەب گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی کاتێک شەڕ لە دژی ئێران هەڵگیرسێنراوە، ئەمەریکا بەرژەوەندیی وڵاتانی کەنداوی لەبەرچاو نەگرتووە و خەمی ئاڵۆزبوونی دۆخی ئەو وڵاتانەی نەبووە.
ئەنجومەنی هاریکاریی کەنداو بەشێکی بۆ بەرەنگاربوونەوەی مەترسییەکانی ئێران پێکهێنراوە، لەکاتێکدا ئەم ئەنجومەنە هیچی پێنەکرا بەرامبەر بەو هێرشانەی لەلایەن تارانەوە دەکرێنە سەر ئەندامەکانی.
چاودێران پێیانوایە بۆ دەستپێکردنی شەڕ بەرژەوەندییەکانی کەنداو لەبەرچاو نەگیراوە، لەکاتێکدا ئەمەریکا خاکی ئەو وڵاتانەی بۆ ئەنجامدانی هێرشەکانی بەکارهێناوە و کردوونی بەگۆڕەپانی شەڕ.
بەکارهێنانی خاک و ئاسمانی کەنداو و بوونی بنکەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکە رەوایەتی بە ئێران داوە بۆ ئەنجامدانی هێرشەکانی، بۆیە ئێران هێرشکردنە سەر ئەو وڵاتانە بە هێرشکردنە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکاوە گرێ دەدات.
ئەوەی وەکو رەخنە رووبەڕووی وڵاتانی کەنداو، پشت بەستنی زیاد لە ئەندازەیان بوو بە ئەمەریکا بۆ پارێزگاری لێکردنیان، بەبێ ئەوەی خۆیان گرنگی بەبەهێزکردنی سیستەمی بەرگریی وڵاتەکانیان بدەن.
هەڵوێست و مامەڵەی رابردووی وڵاتانی کەنداو وایکردووە هاوسۆزی توێژێکی فراوانی جەماوەری عەرەبی و ئیسلامی لەدەست بدەن، ئەمە جگە لەوەی دەرفەتی بۆ نەیارەکانیان رەخساندووە تا وەکو بەشێک لە پرۆژەی ئەمەریکی_ئیسرائیلی لێیان بڕوانرێت.
ئەوەی گرفتەکەی بۆ کەنداو قوڵترکردەوە نەبوونی هاوهەڵوێستییان بوو لە سەر مەترسییەکانی ئێران لە سەرەەتای شەڕەکەدا، بەتایبەت عومان جیاوازتر لە ئیمارات و سعودیە و بەحرەین و قەتەر هەوڵیدا رۆڵی نێوەنگیر بگێڕێت.
هەروەها ناکۆکی نێوان سعودیە و ئیمارات لەسەر یەمەن و سودان رێگربوو لە یەکخستنی هەڵوێستەکانیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی هێرشەکانی ئێران، بەتایبەت ناکۆکی نێوان ئەو دوو وڵاتە رێوشوێنی سەربازی لێکەوتبوویەوە.
وڵاتانی کەنداو ناتوانن رێگریی بکەن لە بەکارهێنانی خاک و ئاسمانیان لەلایەن ئەمەریکاوە بۆ هێرشکردنە سەر ئێران، چونکە بنکەکانی ئەمەریکا لەو وڵاتانە بەستراوەتەوە بە پارێزگاری لێکردنیانەوە.
هەرچەندە وڵاتانی کەنداو زەرەرمەندن لەو شەڕەی لەناوچەکەدا هەڵگیرساوە، بەڵام بەهۆی هەژموونی ئێران لەناوچەکە و ململانێی نێوانیان لە رابردوودا، هەمیشە وەکو مەترسی لە تارانیان روانیووە، بۆیە هێرشکردنە سەر ئێران بەدڵی ئەوانە.
لەکاتێکدا درێژبوونەوەی وادەی شەڕ لەبەرژەوەندی ئیسرائیل نییە بەهۆی جوگرافیا بچووکەکەی، ئێرانیش بەهۆی فراوانی وڵاتەکەی خەریکە لەگەڵ هێرشەکاندا رادێت، بەڵام ئەوەی گیرۆدە بووە وڵاتانی کەنداوە.
سەقامگیریی و ئابووریی کەنداو زیانی گەورەی بەرکەوتووە، لە ئەگەری دەست هەڵگرتنی ئەمەریکاش لە شەڕەکە دۆخەکە بۆ ئەوان قورستر دەبێت، بەوپێیەی زیاتر مەترسی ئێرانیان لەسەر دروست دەبێت.
ئەوەی بۆ وڵاتانی کەنداو مایەی مەترسییە بەردەوامبوونی ئێرانە لە هێرشکردنە سەریان، لەکاتێکدا ئەگەر ئاگربەست لەنێوان سێ لایەنە شەڕکەرەکەشدا رابگەیەنرێت، بەوپێیەی ئێران بانگەشەی سڕینەوەی ئەمەریکا لە کەنداوی عەرەبی دەکات.
پێش هەڵگیرسانی شەڕ لەنێوان ئەمەریکا و ئێران جۆرێک لە نزیکبوونەوە لەنێوان تاران و کەنداو روویدابوو، بەڵام گرفتی گەورە ئەوەیە دوای شەڕ گێڕانەوەی متمانە لەنێوانیان قورسە، بۆیە پێدەچێت کێشمەکێشی نێوانیان بچێتە قۆناغێکی نوێوە.