شەڕی ئەمەریکا- ئیسرائیل لەدژی ئێران؛ دوا شەڕی گەورە و دەرکەوتنی سیستەمێکی نوێی جیهانی و ناوچەیی بەدوایدا

٥ نیسان ٢٠٢٦ - ٨:٣٤ پاش نیوەڕۆ

شەڕی ئەمەریکا- ئیسرائیل لەدژی ئێران؛ دوا شەڕی گەورە و دەرکەوتنی سیستەمێکی نوێی جیهانی و ناوچەیی بەدوایدا

پەنجەرە

دوو ساڵ و نیو لەمەوبەر جیهان بە هێرشە گەورەکەی بزووتنەوەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل دووچاری شۆکبوون بوو، ئەو هێرشەی هانی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلیدا هەڕەشەی گۆڕینی نەخشەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکات.

هێرشەکەی سەر ئیسرائیل تێپەڕیی و غەزە وێرانکرا، بەڵام لێکەوتەکانی هيشتا بەردەوامی هەیە و دۆخی ناوچەکەی لەچوارچێوەی ئاڵۆزیدا هێشتووەتەوە، بەوپێیەی ئاڵۆزییەکانی ئێستا بە لێکەوتەی ئەو هێرشە دادەنرێت.

هەرچەندە قەتەر جێگەی سەرکردەکانی حەماس بوو، بەڵام وڵاتانی عەرەبی لەو هێزە فەڵەستینییە نیگەران بوون، پێیانوابوو ئێران دەستی بەسەر خاوەندارێتیکردنی دۆزی فەڵەستیندا گرتووە لەرێگەی ئەو هێزەوە.

خۆ بەدوورگرتنی وڵاتانی عەرەبی لە پاڵپشتیکردنی حەماس و قۆستنەوەی دۆخەکە لەلایەن ئێرانەوە، وایکرد سەرکردە کاریگەرەکانی ئەو هێزە زیاتر بەلای ئێراندا بڕۆن، بۆیە لە میانی ئەو گورزەی لە ٧ ی ئۆکتۆبەر حەماس لە ئیسرائیلی وەشاند، ئێران دڵخۆش و وڵاتانی تری عەرەبیش تەماشاکەر بوون.

کاردانەوەی ئیسرائیل دوای هێرشەکانی ٧ ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠٢٣ بە وێرانکردنی غەزە دەستیپێکرد، بەڵام دواتر درێژەی بۆ لاواز کردنی حیزبوڵا و رووخانی رژێمی ئەسەد کێشا، کۆتاییەکەشی دەستبردن بوو بۆ سەرە گەورەکە کە تارانە.

بەمپێیە هێرشەکانی ٧ ی ئۆکتۆبەر هۆکاربوون بۆ نواندنی کاردانەوە لەلایەن ئیسرائیلەوە لە دژی ئێران و هێزە پرۆکسییەکانی، لەکاتێکدا وڵاتانی عەرەبی بەگڕی کاردانەوەکان نەسوتان.

ململانێی نێوان ئیسرائیل و ئێران کە هێرشەکانی ٧ ی ئۆکتۆبەر بووە هۆی تەقینەوەی، گەیشتووەتە قۆناغێکی یەکلایی کەرەوە، ئیسرائیل و ئەمەریکا چنگیان لە قوڕگی تاران گیرکردووە و ئەو وڵاتەش شەڕی چارەنوس دەکات.

دەستبەرداربوون لە بەرنامەی ئەتۆمیی کەتاران دەیان ملیار دۆلاری تێدا خەرجکردووە، لەپێناویشیدا چەندین ساڵە خۆی خستووەتە ژێر گەمارۆی توندی ئابوورییەوە، مەرجی سەرەکی راگرتنی هێرشەکانی سەریەتی.

سنوردارکردنی بەرنامەی موشەکی و دەستهەڵگرتن لەپاڵپشتیکردنی هێزە پرۆکسییەکان، ئەو خواستانەن ئەمەریکا دەیەوێت بەسەر تاراندا بیانسەپێنێت، لەکاتێکدا رازیبوون بەم مەرجانە بۆ تاران قورسە، سەرباری ئەو زیانە گەورانەی لێیکەوتوون.
ئێران لە رێگەی هێرشکردنە سەر ئیسرائیل و وڵاتانی کەنداوەوە دەیەوێت خۆی لەژێر فشارەکان دەرباز بکات و ئەم قۆناغە تێپەڕێنێت، بەڵام وا دیارە جێبەجێکردنی پلانەکەی دژی بڕیاری لێدراوە.

رووخانی رژێمی ئەسەد و لاوازبوونی حیزبوڵا و حوسییەکان کۆتایی بە پرۆژەی “ هیلالی شیعی” خەونە گەورەکەی ئێران هێنا، بۆیە ئێستا خەونی ئەو وڵاتە بۆ مانەوەی تاران لەژێر هەژمونیدا بچووک بووەتەوە.

شەڕی نێوان خەونە گەورەکان لە دوا قۆناغدایە، خەونی ئێران بۆ رووبەڕووبوونەوەی “شەیتانی گەورە” و “ شەیتانی بچووک” و فراوانکردنی هەژموونی لەناوچەکەدا، لەگەڵ خەونی ئەمەریکا و ئیسرائیل بۆ لەناوبردن یاخود لاوازکردنی ئێران و نینۆک کردنی.

پێدەچێت ئەم شەڕەی ئێستا لەناوچەکەدا دەگوزەرێت دوا شەڕی گەورە بێت گەر فراوان نەبێت و ناوچەکە نەگرێتەوە، تەنانەت گەر دوای ئەم شەڕە ئاشتیش بەدی نەیەت، هێڵکارییەکانی سیستەمێکی ئەمنی ناوچەیی و سیستەمێکی نوێی جیهانی دەردەکەون.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو