وردەکاریی ڕزگارکردنی فڕۆکەوانە ئەمەریکییەکە لەئێران

٥ نیسان ٢٠٢٦ - ٨:٣٥ پاش نیوەڕۆ

وردەکاریی ڕزگارکردنی فڕۆکەوانە ئەمەریکییەکە لەئێران

پەنجەرە

لە کاتژمێرەکانی بەرەبەیانی ئەمڕۆ، جیهان شاھیدی یەکێک لەو ئۆپەراسیۆنانە بوو کە کۆشکی سپی بە "بوێرترین ئۆپەراسیۆنی گەڕان و ڕزگارکردن لە مێژوودا" وەسفی کرد. 

دوای ٣٦ کاتژمێر لە مانەوەیان لە ناوچە شاخاوییە سەختەکانی قووڵایی خاکی ئێران، ئەفسەرێکی سیستمە چەکدارییەکانی نێو فڕۆکەیەکی جەنگیی ئەمەریکی، لە چنگی مەرگ و دیلکردن ڕزگارکرا.

سەرەتای چیرۆکەکە

چیرۆکەکە ڕۆژی هەینی (٣ـی نیسان) دەستیپێکرد، کاتێک فڕۆکەیەکی جەنگی لە جۆری (F-15E Strike Eagle) لە ئاسمانی ئێران پێکرا. فڕۆکەوانی یەکەم دەستبەجێ ڕزگارکرا، بەڵام فڕۆکەوانی دووەم کە ئەفسەرێکی پلەبەرزە و پلەکەی "کۆلۆنێل"ـە، ناچار بوو لە ناوچەیەکی شاخاویی زۆر سەخت و دوورەدەست بە پەڕەشووت بێتە خوارەوە.

٣٦ کاتژمێر لە "بێدەنگیی کوشندە"

کۆلۆنێلە ئەمەریکییەکە بۆ ماوەی زیاتر لە شەو و ڕۆژێک لە چاوی هێزە ئەمنییەکانی ئێران خۆی حەشاردا. 

بەپێی ڕاپۆرتە هەواڵگرییەکان، ئەو تەنها ئامێری پەیوەندیی "سیگناڵە کورتەکان"ـی بەکارهێناوە بۆ ئەوەی شوێنەکەی لەلایەن یەکەکانی شەڕی ئەلیکترۆنیی ئێرانەوە ئاشکرا نەکرێت. 

لەو ماوەیەدا، تاران خەڵاتی ٦٦ هەزار دۆلاری بۆ هەر کەسێک دیاریکردبوو کە فڕۆکەوانەکان بگرێت.

وردەکاریی ئۆپەراسیۆنەکە

ئۆپەراسیۆنەکە تەنها هێرشێکی سادە نەبوو، بەڵکو نەخشەیەکی وردی سەربازی بوو کە تێیدا دەیان فڕۆکەی جەنگیی پێشکەوتووی (F-35) و (F-22) پارێزگارییان لە ئاسمانی ناوچەکە دەکرد.

هاوکات فڕۆکە جەنگییەکان هێرشی وردیان کردە سەر ئەو کاروانە سەربازییانەی ئێران کە خەریکی پشکنینی ناوچەکە بوون، بۆ ئەوەی ڕێگرییان لێ بکەن لە گەیشتن بە شوێنی حەشارگەی فڕۆکەوانەکە.

هاوکات ئاژانسی هەواڵگریی ناوەندی (CIA) سیستمی ڕادار و پەیوەندییەکانی ئێرانی شێواندووە و سیگناڵی ساختەی بۆ شوێنی تر ناردووە بۆ ئەوەی سەرنجی هێزە ئێرانییەکان لە ناوچەی ڕاستەقینەی ڕزگارکردنەکە دوور بخاتەوە.

ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ و قوربانییەکان

سەدان ئەندامی هێزی تایبەتی (کۆماندۆ) بە هاوکاری هێلیکۆپتەری (Black Hawk) و فڕۆکەی (MC-130J) دابەزینە سەر زەوی. لە کاتی گواستنەوەی فڕۆکەوانەکە، شەڕ و تەقەیەکی چڕ لە نێوان هێزە ئەمەریکییەکان و یەکەکانی پاسداران ڕوویداوە.

ئەمەریکا پشتڕاستیکردەوە کە دوو فڕۆکەی گواستنەوەی جۆری (MC-130J) لە کاتی ئۆپەراسیۆنەکەدا لەسەر زەوی تێکشکێندراون؛ بەڵام وەکخۆیان دەڵێن بەهۆی تەقەی دوژمنەوە نەبووە، بەڵکو خۆیان "واتا ئەمەریکییەکان" تەقاندوویاننەتەوە تا تەکنەلۆژیاکەی نەکەوێتە دەستی ئێران، ئەمەش دوای ئەوەی فڕۆکەکان بەهۆی سەختیی زەوییەکەوە تووشی کێشەی تەکنیکی ببوون.

تاران و واشنتۆن؛ دوو گێڕانەوەی جیاواز

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، ڕایگەیاند کە کۆلۆنێلەکە بریندارە، بەڵام "تەندروستی باشە و دەژیت".

لە بەرامبەردا، سوپای پاسدارانی ئێران ئۆپەراسیۆنەکەی بە "فیلمی هۆڵیوودی" ناوبرد و ڕایگەیاند کە ئەوان چەندین فڕۆکە و درۆنی ئەمەریکییان خستووەتە خوارەوە.

کۆتاییەکی سەرکێشانە

ئەم ئۆپەراسیۆنە ئەگەر بە گێڕانەوە ئەمەریکییەکە بسەلمێت، ئەوا جارێکی تر توانای هێزە تایبەتەکانی ئەمەریکای لە تاقیکردنەوەیەکی ڕاستەقینەدا نیشان دایەوە، کە توانییان لە قووڵایی وڵاتێکی خاوەن بەرگریی بەهێز، سەربازێکی خۆیان بە زیندوویی دەربهێنن.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو