هند و سریلانکا؛ دوو وڵاتی گەورەی هەناردەکاری برنج لەبەردەم قەیرانێکی گەورەدان
٥ نیسان ٢٠٢٦ - ٨:٣٧ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
پێشبینی دەکرێت هیندستان دووچاری قەیرانی کەمی خۆراک ببێت، لە کاتێکدا جوتیاران بەهۆی کەمی پەینی کیماییەوە لە ئەنجامی شەڕی دژ بە ئێران توشی گرفت بوون.
کاریگەرییەکانی کەمبوونەوەی سوتەمەنی و پەینی کیمیایی لە ئێستاوە لەلایەن جوتیارانی هیندستان و سریلانکاوە هەستی پێدەکرێت، سەرەڕای ئەوەی حکومەت دڵنیایی پێداون لەوەی کۆگا و عەمبارەکان دەخاتە خزمەتیانەوە.
گورڤیندەر سینگ، هەرگیز بە خەیاڵیدا نەدەهات لێکەوتەکانی شەڕی ئێران کاریگەری لەسەر پیشەکەی بەو خێراییە دروست بکات، ئێستا کە سەیری پارچە زەوییە بچووکەکەی دەکات لەو ولایەتەی بە “سەبەتەی خۆراک”ی هیندستان ناسراوە نیگەران دەبێت.
ئەو جوتیارە تەمەن ٥٢ ساڵە، هێندە نیگەرانە ناتوانێت بیر لە هیچیتر بکاتەوە، دڵەڕاوکێی ئەو لەبارەی شەڕێکەوەیە کە هەزاران میل لێیەوە دوورە، بەڵام ترسی هەیە قەیرانەکە قوڵتر ببێتەوە و کاریگەریی لەسەر دروێنەی برنجەکەی هەبێت.
سینگ بە ڕۆژنامەی گاردیانی بەریتانی وت: ئێمە بەدەست کەمبوونەوەی قازانجەوە گرفتارین.
دەشڵێت: ئەگەر پەینمان دەستنەکەوێت، بەرهەممان کەمتر دەبێتەوە، ئەمەش کاریگەری لەسەر هەموو خێزانەکەم و هەموو ناوچەکە دروست دەکات، چونکە ئێمە بەتەواوی پشت بە کشتوکاڵ دەبەستین... دوعا دەکەین ئەم شەڕە بوەستێت.
بڕیاری ئێران بۆ داخستنی گەروی هورمز یەکێک لە رێڕەوە ئاوییە گرنگەکانی جیهان، جیهانی خستووەتە نێو قەیرانی وزە و پێداویستییە کشتوکاڵییەکانەوە.
شرۆڤەکاران و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان هۆشداری دەدەن داخستنی گەروەکە، لێکەوتەی لەسەر ئاسایشی خۆراکی جیهانی زیاتر و مەترسیدارتر دەبێت بەراورد بە وزە.
ترس لە کەمی خۆراک و کەمبوونەوەی لە کۆگاکاندا تا دێت زیاتر دەبێت، بەتایبەت لەو وڵاتانەی گرفتی کەمی و لاوازیی کەرتی کشتوکاڵییان هەیە و پشت بە هاوردە کردن دەبەستن، بۆیە پێشبینی دەکرێت گەر شەڕ تا مانگی شەش کۆتایی نەیەت، ٤٥ ملیۆن کەسیتر دووچاری گرفتی کەمخۆراکی دەبنەوە.
هیندستان
شارەزایان دەڵێن وڵاتانی باشوری ئاسیا بەتایبەت هیندستان و سریلانکا لە دۆخێکی خراپدان، چونکە بۆ دەستخستنی وزە و پەینی کیمیایی پشت بە دەرەوە دەبەستن.
هیندستان لەدوای چین دووەم وڵاتی جیهانە کە زۆرترین بەکارهێنەری پەینی کیمیاییە و ساڵانە زیاتر لە ٦٠ ملیۆن تۆن پەین بەکار دەهێنێت. سەرچاوەی بەشێکی زۆری وزە و پەین بۆ هیند وڵاتانی کەنداوە.
کەمی وزە و پێداویستییەکان هێندە کاریگەرییان لەسەر هند هەیە، رەنگە بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی ئەو وڵاتە دووچاری قەیران و کەمبوونەوە بکات بەتایبەت برنج.
توانای جوتیارانی هند بۆ ئاودێریی و دروێنەکردن و پرۆسێسکردن و هەڵگرتن و گواستنەوەی بەرهەمەکان مەترسی لەسەر دروست دەبێت، بەهۆی کەمبوونەوەی وزەو گرانبوونی نرخەکەی.
جەنگی ئێران
ئاڵۆزییەکان مەترسی لەسەر کەمبوونەوەی پەینی کیمیایی لە هند دروستکردووە کە بۆ کشتوکاڵ و دابینکردنی بەرهەمی کشتوکاڵی پێویستە، بەجۆرێک ساڵانە جوتیارانی هند ٣٥ بۆ ٤٠ ملیۆن تۆن بەکار دەهێنن.
هەرچەندە بەشێکی زۆری لە ناوخۆدا بەرهەمدەهێنرێت، بەڵام بەرهەمهێنانی پەیوەستە بە غازی سروشتی هاوردەکراوەوە، کە لە ئێستاوە لە وڵاتدا کەمبووەتەوە و دابینکردنی غاز بۆ ئەو کارگانە بە ڕێژەی لەسەدا ٣٠ کەمکراوەتەوە.
لە ویلایەتە سەرەکییەکانی سەرچاوەی بەرهەمهێنانی دانەوێڵە وەک پەنجاب و هەریانا، جوتیاران دەڵێن هێشتا کاریگەرییە کوت و پڕەکەی هەستی پێنەکراوە، بەڵام ترس و دڵەڕاوکێ بڵاو بووەتەوە.
ئامادەکارییەکان بۆ وەرزی پاییز بە گشتی لە مانگی ئایاردا دەستپێدەکات، پێش ئەوەی بەرهەمەکانی وەک برنج و پەتاتە لە مانگەکانی حوزەیران و تەمموزدا بچێنرێن.
لە وەرزی پایزدا لە هیندستان نزیکەی ١٠٠ ملیۆن تۆن برنج بەرهەم دەهێنرێت و جوتیاران بە شێوەیەکی ئاسایی لە ماوەی ١٥ بۆ ٢٠ ڕۆژدا پەین دەکڕن.
پراکاش لێمبۆی سوامی، فرۆشیاری پێداویستی کشتوکاڵی لە ویلایەتی کارناتاکا، دەڵێت: لە ماوەی 35 ساڵی کارکردنم لە بواری بازرگانیدا، هەرگیز ترس و دڵەڕاوکێی وەکو ئێستام دووچار نەبووە.
سریلانکا
زۆرێک لە جوتیارانی خاوەن زەوی و زاری کەم لە هیندستان سەرەڕای یارمەتییەکانی حکومەت، کارەکانیان بەقەرز ئەنجام دەدەن، ئەمەش وایکردووە پسۆڕان سیستەمەکە بە نادادپەروەرانە وەسف بکەن.
تێگڤیر سینگی جوتیار دەڵێت: هەر کەموکورتییەک کاریگەری لەسەر بەرهەمەکانمان دەبێت، لە ئێستاوە بەهۆی تێچووی زۆرەوە فشارمان لەسەرە، ئەمەش زەربەیەکی گەورە دەبێت بۆمان.
لە سریلانکا نیگەرانییەکان سەبارەت بە کەمی ماددە خۆراکیەکان زیاترە ، بەوپێیەی پێشتر جوتیاران ڕووبەڕووی قەیرانێکی هاوشێوە بوونەتەوە، کاتێک وڵاتەکەیان نەیتوانیوە پێداویستییەکان هاوردە بکات و لە ئەنجامدا زیانێکی زۆر بەر کەرتی کشتوکاڵی کەوتووە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی نەتەوە یەکگرتووەکان، سریلانکا لەنێو ئەو وڵاتانەدایە کە زۆرترین مەترسی لەسەرە لەدوای سودان، ئەگەر ململانێکان بەردەوام بن و دابینکردنی پەین گرفتی بۆ دروست ببێت.
پ.ئەمیلا جوتیارێکی سریلانکییە، وتی: ئامادەکاریم کردووە بۆ بەرزبوونەوەی نرخ و وەرزی داهاتوو برنج ناچێنم، بۆ ئەوەی زیاتر قەرزار نەبم.
وتیشی: ئەمە ناجێگیرترین دۆخە کە لە ماوەی ٣٠ ساڵی کشتوکاڵکردنمدا بینیومە.
ئاماژەی بەوەشکرد، داهاتوو ئاسان نابێت، دەترسم خەڵک گرفتاری دەست کەمی برنج ببن.
حکومەتی سریلانکا جەختی لەوە کردەوە ڕێوشوێنی گرتۆتەبەر بۆ کۆنترۆڵکردنی نرخەکان و دڵنیابوون لە دابەشکردنی دادپەروەرانەی پەینی کیمیایی، بەتایبەت لەو ناوچانەی کە وەرزی چاندنیان دەستیپێکردووە.